چارەنووسى ئەو یاسا و بڕیارانەى پەرلەمانى کوردستان لەماوەى درێژکراوەى خۆیدا دەریکردوون

ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیراندا تاوتوێ دەکرێت

زووم..

ئەنجومەنى وەزیرانى هەرێم لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆیدا تاوتوێى ئەو یاسا و بڕیارانە دەکات کە پەرلەمانى کوردستان لەماوەى درێژکراوەى خولى پێنجەمدا (لە پاش 6ـى تشرینى دووەمى 2022)ـەوە دەریکردوون، بەڵام بەگوێرەى بڕیارى دادگاى فیدراڵى عێراق سەرجەم ئەو یاسا و بڕیارانە بە پوچەڵ هەژماردەکرێن.

بڕیارە لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری داد و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجومەنی شورای هەرێمی کوردستان راپۆرتێکى هاوبەش لەوبارەیەوە بخەنەڕوو.

پەرلەمانى کوردستان لەوماوەیەدا پێنج یاساى دەرکردووە ئەوانیش بریتى بوون لە یاساى پەروەردە وفێركردن، یاسای ڕێکخستنی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاژەڵە ماڵی وبێلانەکان، یاسای مامەڵە ئەلیکترۆنییەکان هەموارى پیادەکردنى یاسای بەڕێوەبردنى ئەوقافى عێراقى، هەموارى یاساى ئەنجومەنى شوراى هەرێم.

پەرلەمانى کوردستان لە هەمان ماوەدا 10 بڕیارى دەرکردووە کە زۆرینەیان تایبەتبوون بە دەستلەکارکێشانەوە و سوێندخواردنى ئەندامانى پەرلەمان، بڕیارێکیشى تایبەت بوو بە کاراکردنەوەى ئەندامانی ئەنجومەنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی.

30ـى ئایارى رابردوو، دواى زیاتر لە شەش مانگ و ئەنجامدانى نۆ دانیشتن، سەرەنجام دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق بڕیاریدا کە درێژکردنەوەى تەمەنى پەرلەمانى کوردستان نادەستوورییە و هەموو ئەو بڕیار و یاسایانەشى کە پەرلەمان لەو ماوەیەدا دەریکردون لە رووى دەستوورییەوە پوچەڵن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button