نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداری لەبارەی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بۆ سەروی 3 پلە دەدات

زووم، ئاژانسەکان

هەفتەیەک بەر لە دەستپێکردنی لوتکەی ژینگەی COP28 کە بڕیارە لە ئیمارات بەڕێوەبچێت، نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداریی دەدات لەوەی پلەی گەرمبوونی جیهان لە 3 پلە تێبپەڕێت و دۆخەکەش بە ‘دۆزەخی’ ناودەبات.
بەگوێرەی راپۆرتێکی نەتەوەیەکگرتووەکان، رێنماییەکانی کەمکردنەوەی دەردانی گازی کاربۆنیی لەلایەن وڵاتانەوە هێندە کەمن لەم سەدەیەدا پلەکانی گەرمبوونی جیهان دەگاتە سێ پلە، ئەمەش لەکاتێکدایە وڵاتانی جیهان چەند ساڵێکە بەدەست رووداوە سروشتی و ژینگەییەکانەوە گیریانخواردووە، لەکاتێکدا لە ئێستادا پلەی گەرما گەیشتووەتە 1.4 پلەی سلیزی.
پلەی گەرمبوونی جیهان واتا جیاوازیی نێوان تێکڕای ئەو پلە گەرمییەی کە لە ئێستادا لە جیهان هەیە بەراورد بەو پلەیەی کە لەپێش سەردەمی شۆڕشی پیشەسازیی فەرەنساوە تۆمارکراوە کە دەکاتە ساڵانی 1880کان. بەواتایەکی دیکە، لە ئێستادا پلەی گەرمای جیهان 1.4 پلە زیاترە لەو پلەی گەرمایەی کە لە پێش ئەو سەردەمەدا تۆمارکراوە.
بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لەماوەی رابردوودا سەرنجی تەواوی رێکخراوە ژینگییی و بەرپرسە باڵاکانی جیهانی بەدوای خۆیدا هێناوە، ماوەی چەند ساڵێکە سەرکردەکانی جیهان لە لوتکەکانی تایبەت بە کەشوهەوا هەوڵەکانیان دووپاتدەکەنەوە کە پلەی گەرما لە 1.5 پلە تێنەپەڕێنێت. چونکە بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما چەندین وڵات روبەڕووی لافاو و زریانی وێرانکەر بوونەتەوە، ئەمەش لە ئەنجامی ئەو گۆڕانکارییە گەورانەوە رودەدات کە تیایدا بەرزبووەنەوەی پلەی گەرما کاریگەریی لەسەر بەهەڵمبوونی دەریا و زەریاکان دروستدەکات.
رێکخراوی بەرنامەی ژینگەی نەتەوەیەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا دەڵێت ئەگەرە ئەو رێکارانەی وڵاتانی جیهان بەڵێنیانداوە بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازی کاربۆنیی بیگرنەبەر، تەنها دەتوانیت 0.1 پلە کەمبکاتەوە لەو 3 پلەیەی کە پێشبینی بۆکراوە. ئەگەر ئەو پلانانەی وڵاتانی تازە پێگەیشتوو جێبەجێبکرێت، بەمەرجێک هاوکاریی بکرێن، ئەوا بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە 2.5 پلە دەوەستێنێت، بەڵام لەم حاڵەتەشدا دۆخەکە هەر کارەستابارە چونکە ئامانجی وڵاتانی جیهان ئەوەیە پلەکانی گەرما لە 1.5 پلە زیاتر نەبێت.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، بۆ ئەوەی پلەکانی گەرمای جیهان لەو 1.5 پلەیە زیاتر هەڵنەکشێت، دەبێت دەردانی گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن بەبڕی 22 ملیار تۆن کەمتربکرێتەوە لەو بڕەی کە تا ساڵی 2030 پلانی بۆ دانراوە. ئەمەش دەکاتە لەسەدا 42ی کۆی ئەو گازەی کە لە جیهاندا دەردەدرێت و یەکسانە بە کۆی ئەو گازەی کە بە تەنیا لەلایەن وڵاتانی چین، ئەمریکا، هیندستان، روسیا و ژاپۆنەوە، وەک گەورەترین سەرچاوەی گازی کاربۆنی، دەردەدرێت.
لەوبارەیەوە، ئەنتۆنیۆ گوتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەو رەوتەی ئێستا هەیە پلەکانی گەرمای هەسارەکەمان بۆ سەرووی سێ پلە بەرزدەکاتەوە، ئەمەش شکستی سەرکردایەتییە، خیانەتە لە لاوازەکان و لەدەستچوونی دەرفەتێکی گەورەیە.
گوتیشی تا ئێستا وزەی تازەبووەوە هەرزان نەبووە و بەدەستخستنی ئاسان نەکراوە.
لەبارەی ‌هێشتنەوەی پلەکانی گەرما لەخوار 1.5یشەوە رایگەیاند، هێشتا درەنگ نییە و دەتوانین ئەو ئامانجە بکەینە راستی، بەڵام پێویستی بە دەرهێنانی رەگی ژەهراویی قەیرانی کەشوهەوایە، ئەویش بەکارهێنانی سوتەمەنییە لە جیهاندا.
بڕیارە هەفتەی داهاتوو وڵاتانی جیهان لەسەر ئەوپرسە لە لوتکەی کەشوهەوای COP28 لە ئیمارات کۆببنەوە، لەوبارەیەوە، گوتێرێز رایگەیاند، دەبێت وڵاتانی جیهان لە لوتکەکەدا پابەندبوونی خۆیان بۆ زیادکرددنی توانای بەرهەمهێنانی وزەی تازەبووەوە تا ساڵی 2030 سێ هێندە زیادبکەن.
مەبەست لە وزەی تازەبووەوەش ئەو وزەیەیە کە لەسەرچاوەی سروشتییەوە بەرهەمدەهێنرێن وەک تیشکی خۆر، با، باران، شەپۆلی دەریاکان، بەنداوەکان و ئەو گەرمییەی لەناخی زەوییەوە دەردەچێت.

هەواڵی زیاتر

Back to top button