
زووم:
هەردوو لایەنی ئیسرائیل و چەکدارانی فەڵەستینی، کە نزیکەی دوو مانگە لە غەزە لە شەڕدان، خەریکە لە رێککەوتن بۆ راگەیاندنی ئاگربەستێکی کاتی نزیکدەبنەوە و لەبەرانبەریشدا ژمارەیەک لە بارمتەکانی ئیسرائیل، کە لەلایەن چەکدارانی فەڵەستینەوە دەستبەسەرکراون ئازاددەکرێن، هاوکات بڕیاریشە ئیسرائیل ژمارەیەک لە زیندانییەکانی فەڵەستین ئازادبکات.
رۆژی یەک یەکشەممە هەریەک لە بەرپرسانی باڵای ئەمریکا و ئیسرائیل و سەرۆکوەزیرانی قەتەر رایانگەیاند، نزیکبوونەتەوە لەوەی ئاگربەستێکی کاتی رابگەیەندرێت، بەڵام چاودێرانی دۆخەکە هۆشداریی دەدەن، کە پێشوەخت باسکردنی رێککەوتنەکە بەلاڕێدابەرە و هەر ئاگربەستێک رابگەیەندرێت ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی زۆرە.
محەمەد بن عەبدولرەحمان، سەرۆکوەزیرانی قەتەر رایگەیاند، ئیسرائیل و چەکدارانی فەڵەستینی لە غەزە، چەند جیاوازییەکی کەمیان لەنێواندا ماوە بۆ ئەوەی چارەسەریبکەن و بگەنە رێککەوتن، هاوكات مایکڵ هێرزۆگ، باڵیۆزی ئیسرائیل لە واشنتن رایگەیاند، وڵاتەکەی هیواخوازە چەکدارانی فەڵەستینی ژمارەیەکی زۆر لە بارمتەکان ئازادبکات، گوتیشی “هیوادارم لە چەند رۆژی داهاتوودا بگەینە رێککەون”.
بەرپرسانی ئاگادار لە بەڕێوەچوونی گفتوگۆکان دەڵێن، قەتەر رۆڵی سەرەکی لە پرۆسەکەدا هەیە، ئەگەر رێککەوتنەکە سەربگرێت ئەوا چەکدارانی فەڵەستینی ژمارەیەکی زۆر لەو 240 بارمتەیە ئازاد دەکات و لەسەرەتادا بە ئازادکردنی ژن و منداڵ دەستپێدەکات، لەبەرامبەردا ئاگربەست بۆماوەی 5 رۆژ رادەگەیەندرێت و رێگە بە هاوکاریی مرۆیی زیاتر دەدرێت رەوانەی غەزە بکرێت، کە هەر لە سەرەتای شەڕەکەوە گەمارۆی تەواوەتی خراوەتەسەر.
بەگوتەی سەرۆکوەزیرانی قەتەر، ئەوەی ماوەتەوە لە رێککەوتنەکەدا قسەی لەسەربکرێت تەنیا چەند پرسێکی بچووکی کرداریی و لۆجستییە و لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا بەرەپێشچوونی باش لە پرۆسەکەدا هاتووەتە ئاراوە.
ئەو دەشڵێت، “هەرچەندە رێککەوتنەکە لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا بە چەندین هەوراز و نشێودا رۆیشتووە، بەڵام متمانەم تەواوم هەیە، کە هێندە نزیکین بتوانین بگەینە رێککەوتنێک، خەڵکی بە ئاشتییانە بگەڕێنەوە نێو ماڵەکانیان”.
“رێککەوتنکە ئازادکردنی ژمارەیەک بارمتەی ئیسرائیل لەخۆدەگرێت و لەبەرامبەردا شەڕ بۆماوەیەکی کاتی رادەگیرێت و هاوکاریی مرۆیی رەوانەی غەزە دەکرێت” ئەمە بەگوتەی جۆن فینەر، جێگری راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا.
لای خۆیەوە بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، تائێستا هیچ رێککەوتنێک نەکراوە، بەڵام لەژێر فشاری نێوخۆیدایە بۆ ئازادکردنی بارمتەکان.
باسلەوەدەکرێت رێککەوتننامەکە لە دووتوێی شەش لاپەڕەدا دارێژراوە و بەگوێرەی ناوەڕۆکەکەی سەرباری راگەیاندنی ئاگربەست، ژمارەیەک لە سەرکردەی حەماسیش لەلایەن ئیسرائیلەوە ئازاددەکرێن. گفتوگۆکانی ئێستاش لەسەر ماوەی ئاگربەستەکە و ئەگەری ئەوەی سەربازە ژنەکانی ئیسرائیل بگرێتەوە یاخود نا، چڕبووەتەوە.