
زووم:
سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ یەک شەممە، کوژرانی سێ سەربازی دیکەی لە کەرتی غەزە ڕاگەیاند، بەمەش ژمارەی کوژراوانی هێزەکانی لەو کەرتە گەیشتە ٦٢ سەرباز و ئەفسەر لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە ٢٧ی ئۆکتۆبەرى رابردووەوە.
دانیاڵ هاگاری گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، لە پۆستێکدا، کە پلاتفۆرمی “X” بڵاویکردووەتەوە، لیستی ناوی ٣ ئەندامی یەدەگی سوپای ئیسرائیلی ئاشکراکرد، کە کوژراون و رایگەیاند، ڕۆژی شەممە، لە ئەنجامی پێکدادانەکانی باکووری غەزە کوژراون.
سوپای ئیسرائیل پێش ڕاگەیاندنی فەرمی کوژرانى ئەو سەربازانە کەسوکاریان ئاگادار دەکاتەوەو دواتر بە فەرمى کوژرانیان رادەگەیەنێت.
بەم ڕاگەیاندنە ژمارەی کوژراوانی سوپای ئیسرائیل لە سەرەتای شەڕەوە، کە لە ٧ی ئۆکتۆبەر دەستی پێکرد، گەیشتە ٣٨٣ سەرباز و ئەفسەر.
لە ٧ی ئۆکتۆبەرەوە شەڕو پێکدادان لەنێوان سوپاى ئیسرائیل و چەکدارانى فەڵەستینى لە غەزە بەردەوامە، کە تائێستا نزیکەی هەزار و ٢٠٠ کەس لە لایەنى ئیسرائیلى کوژراون، کە زۆربەیان هاوڵاتی مەدەنین.
سوپاى ئیسرائیلیش، جگە لەوەى لە حەوتى ئۆکتۆبەرى رابردووەوە بە بەردەوامى هێرشى ئاسمانى دەکاتە سەر غەزە، لە 27ی ئۆکتۆبەرەوە دەستی بە ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکانیش کردووە، کە بەهۆیەوە تائێستا زیاتر لە 12 هەزار کەس لە کەرتی غەزە کوژراوان ئەوانیش زۆرینەیان هاوڵاتی مەدەنین و لەنێویاندا رێژەیەکى زۆر لە ژن و منداڵ هەیە.