
زووم، ئاژانسەکان
كۆمیتەی پاراستنی رۆژنامەنوسان (CPJ) رایگەیاند، لەسەرەتای دەسپێکردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و غەزە لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە لانیکەم 42 رۆژنامەنوس و کارمەندی میدیایی کوژراون، ئەم ژمارەیەشی بە بەرزترین ئامار ناوبردووە لەوەتەی کۆمیتەکە لەساڵی 1992ەوە دەستی بە کۆکردنەوەی داتا کردووە.
لە راگەیەندراوێکدا کۆمیتەکە رایگەیاندووە، ئەوانەی کوژراون 37 کەسیان فەلەستینی، چواریان ئیسرائیلی و یەکێکیان لوبنانی بوون. لەگەڵ ئەوەشدا 9 رۆژنامەنوسی دیکە برینداربوون و سیانی دیکەش بێسەروشوێنن. هاوکات 13 رۆژنامەنوسیش دەستگیرکراون.”
کۆمیتەکە راشیگەیاندووە، رۆژنامەنوسان، کە روماڵی شەڕ و رووداوەکان دەکەن، روبەڕووی چەندین هێرش، هەڕەشە، هێرشی سایبەریی (ئەلیکترۆنی)، سانسۆر و کوشتنی ئەندامانی خێزانەکانیان بوونەتەوە.
شەریف مەنسور، هەماهەنگکاری پرۆگرامی کۆمیتەکە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا، لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، رۆژنامەنووسانی ناوچەکە قوربانی گەورە دەدەن لە روماڵکردنی ئەو شەڕە دڵتەزێنەدا.”
ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەوانەی لە غەزەدان، بەتایبەتی، زۆرترین ژمارەی قوربانییان داوە و دەدەن و روبەڕووی زۆرترین هەڕەشە دەبنەوە. زۆرێکیان هاوڕێ و خێزانەکانیان لەدەستداوە یان ئاوارەبوون و شوێنێکیان دەستنەکەوتووە کە تێیدا سەلامەت بمێننەوە.”
بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراوانی رۆژنامەنوسان لەکاتێکدایە کە هێزەکانی ئیسرائیل کە ماوەی نزیکەی سێ هەفتەیە دەستیانکردووە بە هێرشی زەمینی بۆسەر شاری غەزە، بە ئاژانسە هەواڵییەکانیان راگەیاندووە کە ناتوانن گرەنتی سەلامەتی ئەو رۆژنامەنووسانەیان بکەن کە لە ناوچەکەدا کاردەکەن.