تەیموری ئەنفال: هەوڵی تیرۆرکردنم درا

خۆی بە "شەهیدی زیندوو" ناودەبات

تەیمور عەبدوڵا ناسراو بە تەیموری ئەنفال، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاند، ئەمرۆ تەقەی لێکراوە.

تەیمور دەڵێت، لە کاتی سەردانیکردنم بۆ ناحیەی رزگاری گەرمیان، لەسەر رێگای دێلێژە/ سەنگاو لەلایەن چەند چەکدارێکی دەمامکدار هێرشکرایە سەرم و بەمەبەستی کوشتنم تەقەیان لێکردم.

 

تەیمور دەڵێت، خۆشبەختانە ئوتومبێلەکەم گولەنەبڕبوو بۆیە لەو هەوڵی تیرۆرکردنە رزگارم بوو.

تەیمور داوای گرتنەبەری رێکاری یاسایی دەکات و دەشڵێت با دەستێوەردان نەکرێت لە دەستگیرکردنی تاوانباران و بەسزای خۆیان بگەن.

تەیمور عەبدوڵا کە خۆی بە شەهیدی زیندوو ناودەبات بەو پێیەی رزگاربووی گۆڕەبەکۆمەڵەکانی ئەنفالکراوانە، پێشتر راوێژکاری مەکتەبی سکرتاریەتی مام جەلال بوو، لە 23ی ئەیلولی ئەمساڵ دەستلەکارکێشانەوەی خۆی لە ئەرکەکەی و یەکێتی راگەیاند.

هەرچەندە تەیمور هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەکەی رانەگەیاندبوو بەڵام چەند جارێک رەخنەی لە سەرکردەکانی یەکێتی و حکومەت گرتووە سەبارەت بە شێوازی هێنانەوەی رووفاتی ئەنفالکراوان.

وەک خۆشی دەڵێت مەبەست لە سەردانەکەی ئەمرۆی بۆ ناحیەی رزگاری، بەدواداچوون بووە بۆ چۆنیەتی وەرگرتنی سامپڵی خوێن لە لە کەسوکاری ئەنفالکراوان.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button