نیوە خول، دەسەڵاتى یاسایی ئەمریکا

435 ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەران هەڵدەبژێردرێن، لەگەڵ یەک لەسەر سێی ئەنجومەنى پیران

دوای دووساڵ له‌ ‌سه‌رۆكایه‌تی جۆبایدن، ‌ئێستا چاو له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی نیوه‌ خولی ئه‌مه‌ریكایه‌، کۆمارییەکان هەوڵى سەرکەوتن دەدەن و دیموکراتەکان بەرگرى دەکەن.

هەڵبژاردنەکە بۆ ئەنجومەنى نوێنەران و ئەنجومەنى پیران و حاکمى 36 ویلایەتە، لە کۆى 50 ویلایەتەکە.

435 ئەندامى ئەنجومەنى نوێنەران هەڵدەبژێردرێن، لەگەڵ یەک لەسەر سێی ئەنجومەنى پیران، کە 35 کۆرسی دەکات.

ئێستا دیموکراتەکان لە هەردوو ئەنجومەنەکە زۆرینەن، بەڵام چانسی کۆمارییەکان بۆ سەرکەوتن لەپێشە، ئەم چانسەش بەشێکى گرێدراوى کلتورێکى مێژوویی ئەمریکایە.

لە 160 ساڵی رابردوودا بەدە‌گمه‌ن ئەو پارتەى لە ده‌سه‌ڵاتدا بووە، ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی نیوه ‌خولی بردوه‌ته‌وه‌، خولەکانى پێشوو بە نمونە، لەسەردەمى ترەمپ زیاتر لە 40 کورسی و ئۆباماش زیاتر لە 60 کورسی کۆنگرێسیان لەدەستدا. بۆیه‌ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ زۆرجار به ‌ده‌نگدانی سزا بۆ پارتی ده‌سه‌ڵاتدار ناودەهێندرێت.

بەگوێرەى راپرسیەکان، کۆمارییەکان چانسی بردنەوەی 10 تاوەکو 25 کورسیان هەیە، کە بەوەش دەبنە زۆرینە لە ئەنجومەنی نوێنەرانن هەروەک لە ئەنجومەنی پیرانیش چانسی بەدەستهێنانی زۆرینەیان هەیە.

لە هەڵبژاردنی نیوە خولدا ناوی بایدن لە کارتی دەنگداندا نیە، بۆیە وەک راپرسیەک بۆ دوو ساڵى کارەکانى سەرۆک دەبینرێت.

هەڵبژاردنەکە تاقیکردنەوەیەکی گرنگە بۆ ئایندەی سیاسی دۆنالد ترەمپ، کە چەندین کەمپینی گەورەی رێکخستووە.

ئێستا، کە دیموکراتەکان زۆرینەی هەردوو ئەنجومەنەکانی نوێنەران و پیرانن، ئەگەر ئەو زۆرینەیە لەدەست بدەن، واتە دەزگای یاسادانان لەدەستدەدەن و ئەرکى ئیدارەى بایدن قورس دەبێت.

کێبرکیێەکانى نیوە خول، لە ویلایەتەکانی جۆرجیا، پێنسلڤانیا، نیڤادا، ئەریزۆنا، ویسکۆنس و نیوهامشایرە، کە بە ویلایەتە یەکلاکەرەوەکان دادەنرێن.

بایدن و ترەمپ هەردووکیان خواستى دووبارە خۆکاندیدکردنەوەیان هەیە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی لە هەڵبژاردنی 2024دا، هەردوکیان چاویان لە بردنەوەى هەڵبژاردنى نیوەخولە.

بایدن داوا لە ئەمەریکیەکان دەکات دووبارە دەرفەتی پێبدەنەوە، بۆ ئەوەی چەند پرۆژە یاسایەک دەربچوێنیێت گرنگترینیان یاسای لەباربردن و قەدەغەکردنی چەک و بەرەوپێشبردنی سیستەمی تەندروستییە.

کۆمارییەکانیش، هەڵاوسان و کۆچی نایاسایی، بەرزبوونەوەی رێژەی تاوان و کەمکردنەوەی هاوکارییە داراییەکان بۆ ئۆکراینا، وەک چەکى دژ بە بایدن بەکاردەهێنن.

بایدن دەڵێت، دیموکراتی لەمەترسیدایە بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی تاوان و تۆقاندنی سیاسی هەڵبژاردنەکەشی بە ویێستگەی بەرگری لە دیموکراتی ئەمەریکا ناوبرد، ترەمپیش ئیدارەکەی بایدن بە دەوڵەتی پۆلیسی ناوبرد.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button