لە بەریتانیا حەبێک بە ژنان دەدرێت کە مەترسی شێرپەنجە کەمدەکاتەوە

زووم، ئاژانسەکان

لە هەنگاوێکی تازەدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشی شێرپەنجە، بەتایبەتیش شێرپەنجەی مەمک، وەزارەتی تەندروستی بەریتانیا رایگەیاند، دەرمانێک بەناوی ئەناسترۆزۆل Anasrozole دەدات بە 289 هەزار ژن لە ئینگلتەرا، کە لە خێزانەکانیاندا پێشینەی نەخۆشییەکە بەدیکراوە.

بەخشینی ئەو حەبە بۆ ئەو ژنانەیە زۆرترین مەترسی توشبوونیی نەخۆشییەکەیان لەسەرە و بەهۆیەوە مەترسییەکەیان بۆ نیوە کەمدەبێتەوە، ئەمەش وەک گەورەترین هەنگاو سەیردەکرێت لەو وڵاتەدا بۆ ئەوەی ژنان بتوانن روبەڕووی ئەو نەخۆشییە ببنەوە.

بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستی ئەو وڵاتە رایانگەیاندووە، دابەشکردنی ئەو حەبە لەمڕۆوە، دەستپێدەکات و توانایەکی گرنگی هەیە لە کەمکردنەوەی ژمارەی ئەوکەسانەی توشی نەخۆشییەکە دەبن و تیایاندا پەرەدەسەنێت. حەبەکە بەشێوەی دەنکی 1 میلیگرامی رۆژانە و بۆماوەی پێنج ساڵ  بەکاردەهێنرێت.

ساڵانە لە بەریتانیا 56 هەزار ژن توشی نەخۆشی شێرپەنجەی مەمک دەبن، کە دەکاتە 150 ژن لە رۆژێکدا. ‌هەرچەندە هەوڵەکانی حکومەت دۆخەکەی تا راددەیەک بەرەوپێشبردووە و رێژەی زیندوومانەوە زیادکردووە، لە ئێستادا ساڵانە 11 هەزار و 500 ژن بەهۆیەوە لەو وڵاتەدا گیانلەدەستدەدەن.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری وەزارەتی تەندروستی بەریتانیا لە ئینگلتەرا ئاماندا پریتچارد رایگەیاند، “هەستێکی خۆشە کە ئەم بژاردە گرنگەی کەمکردنەوەی مەترسییە یارمەتی هەزاران ژن و خێزانەکانیان دەدات لە ناڕەحەتییەکانی دەستنیشانکردنی شێرپەنجە دوربکەونەوە”.

سەرەڕای سودەکانی، دەرمانەکە دەشێت لە هەندێک حاڵەتدا چەند کاریگەرییەکی لاوەکی دروستبکات، لەوانەش: بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش، بێهێزیی، ئازار و هەوکردنی جومگەکان، پەڵەی پێست، هێڵندان، سەرئێشە، لاوازبوونی ئێسقان و خەمۆکیی. هەربۆیە هەندێک ژن نابێت بۆ هەر پێنج ساڵەکە ئەوجۆرە حەبە بەکاربهێنێت.

شارەزایانی نەخۆشی شێرپەنجە هیواخوازن بەردەستبوونی دەرمانەکە لە سەرەتادا بدرێت بەو ژنانەی کە لە مەترسیدان بەتایبەتی ئەو ژنانەی لە خێزانەکانیاندا مێژووی نەخۆشییەکە بوونی هەیە.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button