ئەمریکا داوای سزادانی ئەو کەسانە دەکات لە عێراق کە هێرش دەکەنە سەر هێزەکانیان

نوسینگەی ماسیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راگەیەندراوێکی دەربارەی کۆبوونەوەی شەوی رابردووی نێوان ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاوکردەوە.

بەیاننامەکە دەڵێت لە کۆبوونەوەکە هەردوولا باسیان لە جەنگی غەزە کرد لەگەڵ گرنگی رێگەنەدان بە فراوانبوونی جەنگەکە، نەگەیشتنی جەنگەکە بە عێراق.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، بلینکن گفتوگۆی کردووە دەربارەی رەوشی مرۆیی غەزە و پابەندی ئەمریکا بە هەماهەنگی لەگەڵ عێراق و هاوبەشەکانی دیکە بۆ گەیاندنی خۆراک و ئاو و پێداویستی پزیشکی و پێویستیە مرۆییەکان بۆ غەزە.

وەزارەتەکە دەشڵێت هەردوولا جەختیان کردووە کە نابێت فەڵەستینیەکان ناچار بکرێن غەزە جێبهێڵن.

بە پێی بەیاننامەکە، بلینکن داوای لە سودانی کردووە ئەو کەسانە سزابدات کە بەردەوام هێزە ئەمریکیەکان بەئامانج دەگرن و پابەندبن بە پاراستنی ئەو کەسانەی لە بنکە ئەمریکیەکان ئامادەییان هەیە بە بانگهێشتی عێراق خۆی.

لە کۆتایی بەیاننامەکەش، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانمان و کەسەکانمان دەکەین.

شەوی رابردوو لە درێژەی سەردانەکانی بۆ لای سەرکردە عەرەبەکان، ئەنتۆنی بلینکن گەیشتە بەغداد و لەگەڵ سودانی کۆبووەوە، لەگەڵ جێهێشتنی بەغداد، ساڵح محەمەد عێراقی وەزیری سەدر، داوای لە لایەنگرانی سەدر کرد بچنە گۆڕەپانی “تەحریر” بۆ ناڕەزایی دەربڕین دژی سەردانەکەی بلینکن.

پاش دوو کاتژمێر لە خۆپیشاندان، وەزیرەکەی سەدر پەیامێکی تری موقتەدا سەدری بڵاوکردەوە و گوتی پەیامەکەتان گەیشت و بە سەلامەت بگەڕێنەوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button