دەستگیرکردنى “فەتحوڵاچییەکان” دەستپێدەکاتەوە

لە 12 قەزای سەر بە ئیزمیر ئۆپراسیۆن دەستپێدەکات

هێزە ئەمنیەکانی تورکیا لە 12 قەزای سەر بە پارێزگای ئیزمیر، ئۆپراسیۆنێکی “فراوانیان” بۆ دەستگیرکردنى لایەنگرانى فەتحوڵا گولەن کە بە “فەتحوڵاچیەکان” ناوى دەهێنن دەستپێکرد، بەدوای 28 کەسدا دەگەڕێن.

ئۆپراسیۆنەکە لە چوارچێوەی لێپرسینەوەی داواکاری کۆماری ئیزمیردایە، لەدژی رێکخستنی “فەتحوڵاچیەکان”.

بڕیاری دەستگیرکردن بۆ 28 کەس دەرچووە، کە زۆربەیان پۆلیس و ئەفسەرن. لەو 28 کەسە پێنج کەس ئەفسەری هێزە زەمینیەکان، هەشت کەس ئەفسەری هێزی ئاسمانی، کەسێک ئەفسەری فەرماندەیی گشتی جەندرمەیە، چوار کەسیان کارمەندی ناوەندێکی سەربازی، 13 کەس خوێندکاری ناوەندی سەربازی و کەسێکیش کارمەندى پۆلیسە.

نزیکەی 41 هەزار و 500 کەس بەتۆمەتی ئەندامێتی رێکخستنی “فەتحوڵاچیەکان” لە زینداندان

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دادی تورکیا، دوای کودەتا شکستخواردووەکەی 15ی تەمموزی 2016 و تاوەکو ئێستا لە دژی 103 هەزار و 850 کەس رێوشوێنی “یاسایی” گیراوەتەبەر.

لەو ژمارەیە 41 هەزار و 326 کەس لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا دەستگیرکراون و لە زینداندان.

لەنێو دەستگیرکراوەکاندا، دوو هەزار و 286 دادوەر و داواکاری گشتی لە دادگاکانی دادوەری و کارگێڕی، 104 ئەندامی دادگای باڵا، 41 ئەندامی ئەنجومەنی دەوڵەت، دوو دادوەری دادگای دەستووری، سێ ئەندامی ئەنجومەنی باڵای دادوەران و داواکاری گشتی، شەش هەزار و 325 کەس لەنێو سوپا، کە 168 کەسیان ژەنەڕاڵن، 7 هەزار و 624 ئەفسەری پۆلیس و 17 قایمقامی پارێزگاکان و 74 جێگری پارێزگار و 100 قایمقامی قەزاکان هەن.

سێ هەزار و 831 کەس ئازادکراون

لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا، دواى چەندین مانگ و ساڵ زیندانیکردن، سێ هەزار و 831 کەس دوای هەڵسەنگاندنی بەڵگەکانیان ئازادکراون.

لەنێو ئازادکراوەکاندا، هەزار و 66 سەرباز، 583 ئەفسەری پۆلیس، چوار جێگری پارێزگار، قایمقامێکى ناوەندى شارێک، دوو قایمقامی قەزا، 158 دادوەر و داواکاری گشتی، دوو دادوەری دادگای دەستووری و هەشت ئەندامی دادگای باڵا هەن.

بڕیارى دەستگیرکردن بۆ زیاتر لە پێنج هەزار کەسی دیکە دەرکراوە

لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا بڕیارى دەستگیرکردن بۆ پێنج هەزار و 150 تۆمەتبار دەکراوە، لەوانە 198 کەسیان دادوەر و داواکاری گشتین، شەش ئەندامی ئەنجومەنی دەوڵەت، 25 ئەندامی دادگای باڵا، 115 سەرباز، 223 کارمەندى پۆلیس، پارێزگارێک، سێ جێگری پارێزگار، هەشت قایمقامی قەزا و 4571 بەرپرسی گشتی و مەدەنین.

هەواڵی زیاتر

Back to top button