رووداوەکانی ناو ماڵی وەستا حەسەنی کەباچی.. چی لە پشتەوەیە؟

زووم:
کوڕێکی وەستا حەسەنی کەبابی چی دەڵێت: ئەو کەسەی تۆمەتبارە بە کوشتنی براکەی، وازمان لێنانهێنێت و دوێنێ شەویش تەقەی لێکردوون.

محەمەد حەسەن کوڕی وەستا حەسەن، ئەمڕۆ پێنج شەممە لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی وتی: دوێنێ شیەو نزیک کاتژمێر 12 کەسێک، کە سی بۆ سی پێنج شەوە چاودێریمان دەکات تەقەی لێکردین و هەڵاتووە.

ئەو کوڕەی وەستا حەسەن وتیشی: ئێمە دەزانین، ئەو کەسە کێیە تەقەمان لێدەکات و بەهاندانی کێش ئەو کارە دەکات، ئەو کەسە “بکوژی براکەمانە”، کە هیچ حسابێک بۆ یاسا ناکات و بە بەردەوامی لەدوای کوژرانی براکەم، هەڕەشەی جۆراوجۆرمان لێدەکات.

وەک کوڕەکەی وەستا حەسەن وتی: ئەوان نایانەوێت کێشەکەیان ببێتە کێشەی عەشایەری و سوڵح بکەن، بەڵکو دەیانەوێت کێشەکە بە یاسا یەکلابێتەوەو باسی لەوەش کرد، ئەمە کۆتا جارە لە رێگەی میدیاوە هۆشداری لەو بارەوە دەدەن، لەدوای ئەوە رێگای تر دەگرنە بەر.

وەستا حەسەن، یەکێک بوو لە بەناوبانگترین وەستاکانی کەباب لە شاری سلێمانی و خاوەنی چێشتخانەیەکی گەورە بوو لە شارەکەدا، کە پێنج کوڕیشی هەبوو، لە رۆژی 25ی ئابی رابردوو لە رووداوێکدا لە سلێمانی گیانی لەدەستدا.

وەستا حەسەن لەناو باخەکەی خۆی، کە لە ناوچەی سیتەک بوو، گیانی لەدەستدا، دواتریش بنەماڵکەیان رایانگەیاند، رووداوی گیانلەدەستدانەکەی خۆکوژی بووە، نەک کوشتن، رووداوەکەش قەزاو قەدەر بووە، نەک هیچی تر.

لەدوای رووداوی گیانلەدەستدانی وەستا حەسەن، رۆژی 29ی ئەیلوولی ئەمساڵیش لە گەڕەکی سەرچناری شاری سلێمانی تەقە لە دوو کوڕی کراو یەکێکیان کوژرا و ئەوی تریشیان برینداربوو.

لەسەر رووداوەکە یەکێک لە کوڕەکانی وەستا حەسەن بە میدیاکانی راگەیاند، ئەو کەسەی تەقەی لە براکانی کردووە دەستی شکاندووەتەوە سەریان و دواتر دەمانچەی لێ دەرهێناون و تەقەی لێکردوون.

محەمەد حەسەن، کوڕی وەستا حەسەنی کەبابچی لەسەر هۆکاری رووداوەکە و بوونی کێشە لەگەڵ ئەو کەسەی تەقەی کردووە، وتی: کێشەمان لەگەڵ ئەو کەسەدا نییە، کە تەقەی لە براکانم کردووە، بەڵام بەهۆی کێشەیەکی بچووک، کە لە گەڕەکی سەرچنار روویداوە و تەقەکراوە، داواشی لە بەرپرسانی ئەمنی شارەکە کرد، بکوژی براکەی بەزوویی دەستگیربکەن.

دوای رووداوەکەش ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند، بکوژی کوڕەکەی وەستا حەسەنی کەبابچییان دەستگیرکردووە، هەروەها ئاشکرایکرد، کە ڕووداوەکە بەهۆی دەمەقاڵێ و دەستشکاندنەوەی ئۆتۆمبێلەوە بووە.

دواتریش بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی پەیامێکی ئاراستەی بنەماڵەی وەستا حەسەن کرد و رایگەیاند، هیچ تاوانێک بێ سزا تێناپەڕێت و دەزگا ئەمنییەکانیشی راسپارد، کە بەزوویی ئەو کەیسە یەکلابکەنەوە.

هەر دوای ئەو پەیامەی بافڵ تاڵەبانی هیوا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی هەرێم لەگەڵ خانەوادەی وەستا حەسەنی‎ کەبابچی کۆبووەوەو رایگەیاند، کەیسی کوشتنی رۆژ حەسەن، رێرەوی یاسایی خۆی وەرگرتووەو دادگا خاڵی یەكلاكەرەوە دەبێت.

بە قسەی کوڕەکانی وەستا حەسەن بێت ئەو کەسەی بکوژی براکەیانە، کە ئێستا لە زیندانە، کارمەنندی دەزگایەکی ئەمنی یەکێتییەو باوکیشی بەرپرسە لە دەزگایەکی ئەمنی هەمان حزب، بۆیە هەوڵێک هەیە، کەیسی ئەو کوڕەکەیان بە لاڕێدا ببرێت و ئاشکراشیکرد، چەند جارێک داوای سوڵحیان کردووە، بەڵام ئێمە نامانەوێت و دەبێت ئەو کەیسە یاسا یەکلایبکاتەوە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button