
زووم:
ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەحرەین ئاشکرایکرد، باڵیۆزی ئیسرائیل وڵاتەکەیانی جێهێشتووە، ئەوەش لە کاردانەوەی کشانەوەی باڵوێزی بەحرەین، لە تەلئەبیب، ئەمە جگە لەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانییش لە نێوان هەردوو وڵات راگیرا.
ئەنجوومەنەکە لە بەیاننامەیەکیدا رایگەیاند، ئەو هەنگاوە دووپاتکردنەوەی هەڵوێستی مێژوویی بەحرەینە، کە هەڵوێستێکی جێگیرەو پاڵپشتی لە پرسی فەلەستین و گەیشتن بە مافەکانیان دەکات.
ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەحرەین دووپاتیشیکردەوە، بەردەوامی جەنگ و ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان، لەگەڵ زیادکردنی هێرشەکانی ئیسرائیل و رێز نەگرتن لە مافە نێودەوڵەتییەکانی مرۆڤ، ئەم دوو هۆکارە بوونەتە هۆی ئەوەی، کە ئەنجوموەنەکە داوای بریاری زیاتر و رێکاری توندتر بکات، بۆ ئەوەی گیانی هاووڵاتیانی بێتاوان و سڤیل لە غەزە و تەواوی فەلەستین پارێزراو بێت.
بەحرەین یەکێک بوو لەو وڵاتە یەکەمە عەرەبییەکان، لە ساڵی 2020وە بە نێوەندگیری ئەمریکا پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل ئاساییکردووە، هەروەها مەغریب و ئیمارات و سودانیش پەیوەندییان ئاساییکردەوە.
ئەنجومەنی نوێنەرانی بەحرەین باسی لەوەش کردووە، شا حەمەد بن عیسی ئال خەلیفە پادشای وڵات، پاڵپشتی لە پرسی فەلەستین دەکات، هەروەها هەڵوێستەکانی جێگیر و لێی لانادات، بەوەی مافی گەلی فەلەستینە ببنە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان و پایتەختەکەیان قودسی رۆژهەڵات بێت.