هۆشدارى بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما دەدرێت

توێژەران پێشبینى دەکەن، لە پێنج ساڵى داهاتوودا بەرزبوونەوەى پلەکانى گەرما دوو هێندەى پێشوو خێراتربن، هۆکارەکەشى بۆ زیادبوونی دەردانی گازی کاربۆن دەگەڕێننەوە، کە لە ئەنجامی سوتاندنی سوتەمەنی لەلایەن ئۆتۆمبێل و کارگەکانەوەیە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی بی بی سی بەریتانی، توێژەران پێشبینی دەکەن پلەکانی گەرمای گۆی زەوی لە ساڵی 2029دا دوو هێندە خێراتر بەرزببنەوە وەک لەوەی پێشتر پێشبینیکرابوو، بەشێوەیەک جیاوازیی پلەی گەرمای ئێستای گۆی زەویی 1.5 پلە زیاتر دەبێت بەراورد بە سەردەمی سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازیی لە ساڵانی 1980کاندا. ئەمەش لەکاتێکدایە پێشتر پێشبینیکرابوو لە ناوەڕاستی ساڵانی 1930دا بگاتە ئەو ئاستە.

بەگوێرەی توێژینەوەکان، تەموزی ئەمساڵ گەرمترین مانگ بووە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا کە تێیدا تێکڕای پلەکانی گەرما گەیشتووەتە نزیک 1.5 پلە.

زایانیان هۆشداریی دەدەن بەهۆی دەردانی زۆری گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆنەوە. لەماوەیەکی نزیکدا پلەکانی گەرما هێندە بەرز ببنەوە، کە بۆماوەی زیاتر لە مانگێک لەو ئاستە بەرزەدا بمێننەوە. لەگەڵ ئەوەشدا هۆشداریی دەدەن دەردانی زیاتری ئەو گازانە نەک هەر پلەکانی گەرما بە بەرزیی دە‌هێڵنەوە بەڵکو کاریگەرییەکی زۆری هەیە لەسەر زیادبوونی تیشکدانەوە کە زیانێکی زۆر بە مرۆڤ دەگەیەنێت.

لە ساڵی 2015 سەکردەکانی جیهان بەڵێنێکیان لەنێوان خۆیاندا لە پاریس واژۆکرد بۆ ئەوەی پلەکانی گەرما لەژێر 2 پلەدا بهێڵنەوە و بەتایبەتیش بۆ ئەم سەدەیە، بەڵێنیاندا پلەکانی گەرما لە ژێر 1.5 پلەدا بهێڵنەوە.

دیاریکردنی ئەو پلە گەرمایە وەک هەنگاوێکی گرنگ باسی لێوەدەکرێت و هۆشدارییەکیشە بۆ ئەو وڵاتانەی لە سەر دورگە ئاوییەکاندا بنیادنراون بۆ ئەوەی لەئەگەری توانەوەی ناوچە بەستەڵەکییەکان و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان ژێرئاو نەکەون.

بۆ هێشتنەوەی پلەکانی گەرما لەو ئاستەدا، سەرکردەکان پێشبینییانکردن هەموو جیهان دەتوانێت تەنها 500 ملیار تۆنی دیکە گازی کاربۆنیی بخاتە ناو هەواوە، بەمەش تەنها لەسەدا 50 دەرفەتی ئەوە هەیە کە پلەکانی گەرما لەژێر 1.5 پلەدا بهێڵنەوە. ئەمەش لەکاتێکدایە کە لە ئێستادا جیهان ساڵانە 40 ملیار تۆن لەو گازانە دەخاتە هەواوە.

د. رۆبن لامبۆڵ لە کۆلێژی ئیمپێریاڵ لە لەندەن دەڵێت، بەمشێوازەی ئێستا تەنها دەتوانین تا شەش ساڵی دیکە ئەو بڕە گازە بخەینە هەواوە بۆ ئەوەی پلەکانی گەرما لەو پلەیە تێنەپەڕێت کە لە پاریس رێکەوتنی لەسەرکراوە. بەوپێیەش دەبێت وڵاتانی جیهان هەوڵبدەن تا ساڵی 2034 رێژەی دەردانی ئەو گازانە بەراورد بە دەرچونیان لە بەرگە هەواوە بکە بە سفر، ئەمەش پێشتر وا پلانی بۆ دانرابوو کە تا ساڵی 2050 ئەو هەنگاوە بنرێت.

بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتوودا سەکردەکانی جیهان لە لوتکەی COP28 لە قەتەر کۆببنەوە و لەبارەی دۆخی خراپی گۆڕانکارییە ژینگەییەکان باسی لێوەبکرێت و چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button