بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشە ئاسمانی و زەمینییەکانیان بۆسەر کەرتی غەزە بەردەوامن و لەسەرەتای جەنگەکەوە تا ئێستا 11 هەزار پێگەی حەماسیان کردووەتە ئامانج.
ئاماژەی بەوەشکردوو شەوی ڕابردوو چەندین هێزی زەمینی هاوبەشی سوپای ئەو وڵاتە روبەڕووی چەکدارانی حەماس بوونەتەوە و دواتر زانیویانە چەند چەکدارێکی حەماس لەنێو باڵەخانەیەکی چەند نهۆمیدا خۆیان جێگیرکردووە، کە دەکەوێتە کامپی جەبەلیە لە باکوری کەرتی غەزە. دوای ئەوەش هێزەکانیان ئۆتۆمبێلیکی بەدیکردووە، کە موشەکی دژە تانکی هەڵگرتووە و فڕۆکە جەنگییەکانیان لێ ئاگادارکردووەتەوە و ئەویش پێکاویەتی.
لە هێرشەکەی دوێنی ئێوارەی کەمپی جەبەلیە، بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستی غەزە، لانیکەم 50 فەلەستیینی کوژران و 150 کەسی دیکەش برینداربوون. بەڵام نەخۆشخانەیەکی نزیک لەو ناوچەیە رایگەیاند، 120تەرم و 400 برینداری وەرگرتووە.
بەگوێرەی ئەو وێنانەی لە میدیا جیهانییەکاندا بڵاوبوونەتەوە، دەردەکەوێت لەو ناوچەیەی موشەکەکی ئیسرائیل کردوویەتییە ئامانج چاڵێکی گەورە دروستبووە و تەواوی باڵەخانەکانی دەوروبەریی داڕماون.
لەبارەی هێرشەکەوە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند سەکردەیەکی حەماسیان لە بۆردومانەکەدا کوشتووە و ژێرخانێکی ژێرزەمینییان لە ناوچەکەدا داڕووخاندووە کە لەژێر باڵەخانەکاندا دروستکرابوون. ئاماژەی بەوەشکردووە کە چەندین چەکداری حەماس کە لەگەڵ ئەو سەرکردەیەدابوون لە هێرشەکەدا کوژراون.
ئەو ناوچەیەی دوێنی سێشەممە کرایە ئامانج، ناوچەیەکی چڕە لەڕووی دانیشتووانەوە و پێشتر 116 هەزار کەس تیایدا دەژیان لەکاتێکدا رووبەرەکەی تەنها 1.6 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە. بەگوێرەی شایەتحاڵانی ناوچەکە کە لە روداوەکەدا رزگارییان بووە و بۆ ئاژانسی هەواڵیی فرانس پرێس دواون، هێرشەکە وەک بومەلەرزەیەکی بەهێز وابووە. ئاماژەیان بەوەشکردووە کە ژمارەیەکی زۆر لە تەرم و بریندار لەژێر باڵەخانەکانی ئەو ناوچەیەدا ماونەتەوە.
لەبەرامبەر راگەیەندراوەکانی سوپای ئیسرائیل، وتەبێژێکی حەماس لە چاوپێکەوتنێکیدا بۆ کەناڵی ئەلعەرەبییە ئەو تۆمەتەی ئیسرائیلی رەتکردووەتەوە و دەڵێت ئەو سەرکردەیەی گروپەکە لە کامپی جەبەلیە نەبووە. ئاماژەی بەوەشکردووە کە ئەو بانگەشانەی سوپای ئیسرائیل بێ بنەمان و تەنها بۆ شەرعیەتدانە بەو تاوانە “قێزەونەی” کە ئانجامیداوە.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری سوپای ئیسرائیلەوە ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، لە هێرشە زەمینییەکاندا بۆسەر کەرتی غەزە تەنها دوێنی 11 سەربازی ئیسرائیلی کوژراون. ئەمەش وەک زۆرترین ژمارەی قوربانیانی سوپای وڵاتەکە لەدوای هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەری حەماسەوە باسی لێوەکراوە کە تیایدا لانیکەم 300 سەربازی ئیسرائیل و 1100 هاوڵاتی مەدەنی کوژران.
بەگوێرەی وەزارەتی تەندروستی غەزە لەسەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکەوە زیاتر لە 8500 فەلەستینی بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە کوژراون، ئەمە سەرەڕای ئەوەی کەمی ئاو، خۆراک و پێداویستی پزیشکی تەنگی بە زیاتر لە دوو ملیۆن کەس هەڵچنیوە کە لەلایەن ئیسرائیلەوە گەمارۆدراون.