لە خۆپیشاندانێکی لایەنگرانی فەلەستین لە روسیا لانیکەم 20 کەس برینداربوون

زووم، ئاژانسەکان

شەوی رابردوو سەدان کەس لە پشتیوانانی فەلەستین لە ناوچەی داغستان لە روسیا، کە ناوچەیەکی زۆرینە موسڵمانە، رژانە نێو فڕۆکەخانەی ماخاچکالا بەهۆی ئەوەی فڕۆکەیەکی ئیسرائیل لەو فڕۆکەخانەیە نیشتەوە، لە ئەنجامی روبەڕووبوونەوەی هێزە ئەمنییەکان لانیکەم 20 کەس برینداربوون.

بەهۆی زۆری ژمارەی خۆپیشاندەران و مەترسیی لەسەر سەرنشینانی فڕۆکەکە، هێزە ئەمنییەکان فرۆکەخانەکەیان بەزەبری داخست و رێگەیان نەدا خۆپیشاندەران زیان بە سەرنشینانی فڕۆکەکە بگەیەنن. بەڵام 20 کەس لە خۆپیشاندەرەکان برینداربوون و 60 کەسی دیکەش دەستگیرکران.

ئاڵۆزییەکانی شەوی رابردوو دوای چەندین رووداوی دیکە دێت، کە لە باکوری ناوچەی قەوقاس لەدوای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس روویانداوە. لەوبارەیەوە حکومەتی هەرێمی داغستان، کە دانیشتووانەکەی نزیکەی سێ ملیۆن کەسە، رایگەیاند، رێکارە ئەمنییەکان توندتردەکات لە سەرانسەری ناوچەکەدا.

ئەم ئاڵۆزییانەش لەکاتێکدایە کە حکومەتی ئەو ناوچەیە بەردەوام لە هەوڵدایە یاخیبوونی موسڵمانەکان لەو ناوچەیەدا سەرهەڵنەدات، ئەمەش ئاڵەنگارییەکی دیکەیە بۆ ڤلادیمیر پوتینی سەرۆکی روسیا لەکاتێکدا لەگەڵ ئۆکراین لە شەڕدایە و ئەمساڵیش روبەڕووی یاخیبوونێکی دیکەی گروپی ڤاگنەر بووەوە.

لە چەند گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتوە، دەردەکەوێت خۆپیشاندەران ئاڵای فەلەستینیان هەڵگرتووە و بەناو باڵەخانەی فرۆکەخانەکەدا دەڕۆن و “اللە اکبر” دەڵێنەوە. لەدوای دەسگیرکردنی بەشێکیان و کۆتایی هێنان بە خۆپیشاندانەکە فڕۆکەخانەکە کرایەوە و حکومەتی فیدراڵی روسیا رایگەیاند لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکات.

لە سەروبەندی رووداوەکەدا ئیسرائیل داوای لە بەپرسانی روسیا کرد کە هاوڵاتییان وڵاتەکەی و جولەکەکان بپارێزێت. هەرچەندە روسیا هەوڵیداوە لە شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا پەیوەندیی ببەستێت. بەڵام بەهۆی بانگهێشتکردنی شاندێکی حەماس بۆ مۆسکۆ بەرپرسانی ئیسرائیل توڕەیی خۆیان راگەیاند و بەهۆیەوە رۆژی یەکشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل باڵیۆزی روسیای وڵاتەکەی بانگهێشتکرد.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button