
زووم:
لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کەمکردنەوەی ناکۆکیەکانی نێوان هەردوو وڵات، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا ئاشکرایكرد، پەكین و واشنتۆن کار بۆ رێكخستنی چاوپێکەوتنێکی نێوان سەرۆکی هەردوو وڵات دەکەن، بۆ ئەوەی لە پەراوێزی کۆربەندی هاوکاری ئابووری وڵاتانی ئاسیا و زەریای ئارام كۆبوونەوەیەك بكەن و سنورێک بۆ ململانێکانیان دابنێن.
ئاژانسی “ئەی پی” لەزاری بەرپرسە ئەمریكییەكەوە گواستوویەتییەوە، هەردوو لایەن گەیشتوونەتە رێکەوتنێکی سەرەتایی بۆ ئەوەی جۆبایدن سەرۆکی ئەمریکا و شی جینگبینگ سەرۆکی چین لە پەراوێزی کۆبەندەکە چاویان بەیەکتر بکەوێت، ئەم رێکەوتنەش لە دوای کۆبوونەوەی سەرۆکی ئەمریکا و وانگ یی وەزیری دەرەوەی چین هات.
بەرپرسەکەی ئەمریکا، هیچ ڕوونکردنەوەیەکی دیکەی لەسەر رۆژی دیدارەکە و تەوەری کۆبوونەوەکە نەداوە، بەڵام رایگەیاندووە، ئەگەر لە پەراوێزی کۆربەندەکەدا چاویان بە یەک بکەوێت، ئەوە دیدارەکە دەکەوێتە نیوەی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، کە وابریارە لە شاری سانفرانسیسکۆ بە ئامادەبوونی نوێنەری 21 وڵات بەڕێوەبچێت.
هەرچەندە، جۆبایدن سەرۆکی ئەمریکا بانگهێشتنامەی ئاراستەی سەرۆکی چین کردووە، بۆ ئەوەی لە کۆربەندی هاوکاری ئابووری وڵاتانی ئاسیا و زەریای ئارام ئامادە ببێت، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا بەردەوامە لە سەپاندنی سزا بەسەر پەکیندا و هاوکاریکردنی ئەو وڵاتانەی دژایەتی چین دەکەن.
هەردوو سەرۆکی ئەمریکا و چین لە ساڵی رابردووە و لە دوای کۆبوونەوەکەی بالی، کە لە تشرینی دووەمی ساڵی 2022 سازکرا، پەیوەندییەکانی نێوانیان پچڕاوە، بەڵام ئەنتۆنی بلینکین لە مانگی حوەزیرانی ئەمساڵدا سەردانی پەکینی کرد، هاوکات وانگ یی وەزیری دەرەوەی چین رۆژی پێنج شەممەی رابردوو سەردانی واشنتنی کرد و سەردانەکەی ماوەی سێ رۆژی خایاند.
ئەمریکا و چین، لەسەر ئاستی سیاسی و ئابووری بە توندی ململانێی یەکدی دەکەن، هەروەها چین كار بۆ سەپاندنی هەژموونی خۆی و کەمکردنەوەی هەژموونی ئەمریکا پاڵپشتی لە روسیا دەکات، ئەمە جگە لەوەی لەسەر پرسی تایوان و فلیپین و ناکۆکییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست لە ناکۆکیدان.