
زووم:
لەگەڵ بەردەوامی و چڕبوونەوەی جەنگی غەزە و پاڵپشتی لە هێرشەکانی ئیسرائیل لەلایەن بەشێک لە وڵاتان و هێرشی گروپە چەکدارییەکان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سوریا و عێراق و ئاڵۆزبوونی دۆخی باشووری لوبنان، نیگەرانیەکانی جیهان لە فراوانبوونی جەنگەکە لە زیادبووندایە.
ئێستا بەهۆی ئەو دۆخەوە زۆرینە هۆشداری دەدەن، بەوەی ئەگەر ئاگر بەست رانەگەیەنرێت، ئەوا ئاگری جەنگی غەزە زۆر وڵاتی دیکەی ناوچەکە دەگرێتەوە.
لەو بارەوە ڤلادیمێر پۆتین سەرۆکی روسیا، یەكێك بوو لە سەركردە جیهانییەكان هۆشداریدا بەوەی بەهۆی دۆخی غەزەوە “لێکەوتەی کارەساتبار” روودەدات.
ڤلادیمێر پۆتین لە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ رێکخراوە ئاینییەکان و سەرۆکی دامەزراوە ئیسلامی و مەسیحییەکان و جووەکانی روسیا وتی: رووداوە کارەساتبارەکانی غەزە، هەڕەشەیەکی جدییە، کە رەنگە ئەنجامەکەی بگاتە دەرەوەی ناوچەکە.
هاوکات دیمیتری بیسکۆف وتەبێژی کرملین دووپاتیكردەوە، ئەو جارێکی دیکە داوای ئاگر بەست دەکەن، هەروەها ناتوانن ئیدانەی کردەوەی یەک لایەن بکەن، بەڵکو دەبێت لە بریارەکانیاندا هاوسەنگ بن.
لە رۆژی 7ی ئۆكتۆبەرەوە شەڕی نێوان سوپای ئیسرائیل و چەكدارانی فەڵەستین دەستیپێكرد، كە شەوی رابردوو هەینی قورسترین رووبەڕووبوونەوە لەنێوان ئەو گروپاو سوپای ئیسرائیل دروست بوو، ئەمە جگە لە چڕبوونەوەی هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر كەرتی غەزە.
ئێرانیش یەکێکی دیکەیە لەو وڵاتانەی، کە بەردەوام هۆشداری لە فراوانبوونی جەنگەکە دەدات، ئەمیر عەبدول لەهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆبوونەوەیەکی نەتەوە یەکگرتوەکان وتی: ئەوانەی دەیانەوێت جەنگەکە فراوان نەبێت، با فشار لە ئیسرائیل بکەن ئاگر بەست رابگەیەنێت، خۆ ئەگەر ئیسرائیل لەکۆمەڵکوژکردنی خەڵکی غەزە بەردەوام بێت، ئەوا ئەمریکاش پارێزراو نابێن.
لەوەش زیاتر لیوا حسێن سەلامی فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران هۆشداری دا، کە جەنگەکە لەوەیە سنووری ناوچەکە ببرێت .
لەو بارەیەوە بۆ کەناڵی (عالەم)ی وڵاتەکەی وتی: ئەگەر جەنگەکە بەردەوام بێت، ئەوە سنوری ناوچەکە دەبڕێت، هۆشداریشیدا ئەو ئاگرەی ئیسرائیل کردویەتیەوە، خۆی دەسوتێنێت”.
ئەوەی مەترسی جدیی لەسەر فراوان بوونی جەنگەکە دروست دەکات، هێرشی گروپە چەکدارییەکانە بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عیراق و سوریا، چونکە ئەم گروپانە بە هاوپەیمانی ئێران ناسراون، لە ئەگەری هێرشی زەمینی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە، ئەوە توندتر هێرشەکانیان ئەنجامدەدەن، لە کاردانەوەشدا ئیسرائیل، لوبنان و سوریا بۆردومان دەکات، بۆیە عەبدولفتاح سیسی سەرۆک کۆماری میسر، رایگەیاند، لەگەڵ فەرەنسا رێکەوتوون، کە لایەنی دیکە ناچنە ناو شەڕەکە و رێگری لە فراوان بوونی دەکەن.
ئەوەی ئێستاش هەیە، هەموو هەوڵەكان بەو ئاراستەیە، كە سوپای ئیسرائیل هێرشی زەمینی بۆ سەر كەرتی غەزە ئەنجامنەدات، بەهۆی ئەوەی زۆرینە وای دەبینن، ئەو هێرشە پریشكی ئاگرەكە زیاتر دەكات و چەند وڵاتێكی تری ناوچەكە دەگرێتەوە.