زووم:
ئەمڕۆ دوو شەممە، دوو رۆژنامەنووس لە سلێمانی دەستگیرکران و سەنتەری میترۆش دەڵێت، هەوڵی ئازادکردنیان دەدەین.
زووم بەدواداچوونی بۆ دۆسیەی دەستگیرکردنی هەردوو رۆژنامەنووس عیماد بیلال و جەمال عەبدوڵا کرد.
رێکخەری سەنتەری میترۆ بە زوومی راگەیاند، دەستگیرکردنی رۆژنامەنووس عیماد بیلال لەسەر سکاڵای هاوپیشەیەکی خۆی بووە و بە تۆمەتی تەشهیرکردن زیندانی کراوە.
رەحمان غەریب گوتیشی لەگەڵ نووسینگەی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم لەسەرختن، بۆ ئازادکردنی دوو رۆژنامەنووسەکە و هەوڵ دەدەن بە زووترین کات ئازادییان بکەن.
لەبارەی دۆسیەکەی جەمال عەبدوڵاوە رێکخەری سەنتەری میترۆ گوتی، ناوبراو لەسەر سکاڵایەک بانگراوەتە دادگا، بەڵام دواتر دەرکەوتووە کە پێشتر سکاڵای لەسەر بووەو نەچووەتە دادگا بۆیە دەستگیرکراوە.
رێکخەری سەنتەری میترۆ دەشڵێت، دژی دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسانن و دەبێت بە یاسایی ژمارەی 35ی رۆژنامەنووسان مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، کە یاساکە رێگە کە زیندانیکردنی رۆژنامەنووسان نادات.
هاوكات لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسان لەسەر دەستگیرکردنی رۆژنامەنووس عیماد بیلال روونكردنەوەیەكی بڵاوكردووەتەوەو رایگەیاندووە، دەستگیركردنەكەی بەھیچ جۆرێک پەیوەندیی بە ئازادیی میدیاو رەخنەوە نییە، بەڵكو بابەتی نێوان دوو ھاووڵاتیە کە بە رێکەوت ھەردووکیان رۆژنامەنووسن
هەروەها رایگەیاندووە، لەسەرەتای سەرھەڵدانی کێشەی نێوان عیماد بیلال و ھیوا عوسمان، ئێمە پێمان راگەیاندن کێشەکەیان تایبەتە و پەیوەندیی بە میدیاوە نییە، لەگەڵ ئەوەشدا زۆرترین ھەوڵماندا وەک لایەنی سێھەم قسەی خێری تێدا بکەین و ھیوا عوسمان سکاڵاکەی بکێشێتەوە، چونکە دڵنیابووین عیماد دەستگیر دەکرێت
لقی سلێمانی سەندیکای رۆژنامەنووسان باسی لەوەش كردووە، نوسراوی پشتگیرییان بۆ عیماد ئەحمەد کردووە وەک رۆژنامەنووسێک، بەڵام لەبەر ئەوەی کەیسەکەی لەسەر میدیاو رۆژنامەوانی نەبوو دیارە وەک ھاووڵاتی رەفتار لەگەڵ عیماد کراوەو دادوەر تا رۆژی ٥/١١ رایگرتووە.