
ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی لە زاری چەند بەرپرسێکی ئەمریکی و ئیسرائیلی ئاشکرایکرد، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لە هەموو کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیلی لە تەلئەبیب ئەوەی پێ گوتراوە کە شەڕی غەزە کاتێکی زۆر دەخایەنێت و دەبێتە تاقیکردنەوەیەکیش بۆ هاوکاری نێودەوڵەتی بۆ ئیسرائیل.
بەڵام بۆچی هاوکاری نێودەوڵەتی، چونکە 13 رۆژە شەڕی ئیسرائیل دژی حەماس لە غەزە بەردەوامە و هەزاران کەس کوژراون و برینداربوون، جیهانی عەرەبی و ئیسلامیش توڕە بوون، بۆیە یەکێک لە هەر نیگەرانییەکانی ئیسرائیل مانەوە و بەردەوامبوونی پشتگیریی نێودەوڵەتییە بە تایبەت ئەمریکا.
هەر بەپێی راپۆرتەکە، بایدنیش نیگەرانی خۆی هەیە، لە کۆبوونەوە یەک کاتژمێرییەکەی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و هەروەها کۆبوونەوەکانی دواتریدا لەگەڵ وەزیرانی ئەنجومەنی شەڕ، بایدن پرسیاریکردووە لەبارەى ئەگەری تێوەگلانی حزبوڵای لوبنانی و کردنەوەی بەرەیەکی نوێی شەڕ لە باشوری لوبنانەوە.
بایدن زۆر نیگەران بووە کە بەشداریکردنی حزبوڵا کە ئێران پشتیوانی دەکات ببێتەهۆی فراوانبوونی جەنگەکە و تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرێتەوە.
هەر لە سەرەتای شەڕەکەدا، ئیدارەی بایدن چەندین پەیامی نهێنی و ئاشکرای بۆ حزبوڵا و ئێران ناردووە کە خۆیان تێوەنەگلێنن لەم شەڕەدا، حزبوڵاش رایگەیاندووە ئەوەی نەشاردووەتەوە کە دەیەوێت هاوکاری حەماس بکات.
هەروەها پنتاگۆنی ئەمریکا دوو کەشتی فڕۆکەهەڵگری رەوانەی ناوچەکە کرد و بەرپرسانی کۆشکی سپیش چەند کۆبوونەوەیەکیان کردووە بۆ ئامادەکردنی چەند سیناریۆیەک بۆ بەرگریکردن لە ئیسرائیل ئەگەرهاتوو حزبوڵا هێرشی مووشەکی کردە سەر ئیسرائیل.
هەروەها بایدن کێشەیەکی دیکەی هەبووە و لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیلی باسی کردووە، ئاخۆ ئیسرائیل پلانی چییە بۆ دوای جەنگەکە، ئەنجومەنی شەڕی ئیسرائیلی گوتوویانە کە هێشتا هیچ پلانێکیان نییە کە دوای جەنگەکە چی دەکەن، بەڵکو هەموو تەرکیزیان لەسەر هێرشی پێچەوانەیە.
هەر بەپێی قسەی ئەو سەرچاوانە، بایدن هانی بەرپرسانی ئیسرائیلی داوە پلانێکی مرۆییان هەبێت بۆ هاوکاریکردنی خەڵکی بێتاوانی فەلەستینی کە کەوتوونەتە نێوان شەڕی ئیسرائیل و حەماس.
هەروەها بایدن هانی بەرپرسانی ئیسرائیلی داوە بیر لە قەبارە و مەودا نەکەنەوە بەڵکو بیر لە پێکانی ئامانجەکانیان بکەنەوە و هەمان هەڵەی ئەمریکا دوای هێرشەکانی 11ی سێپتێمبەر دووبارە نەکەنەوە، وەک ئاماژەیەک بۆ داگیرکردنی عێراق، ئەوەش بەپێی سەرچاوەکانی رۆژنامەکە.
لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجومەنی شەڕی ئیسرائیل کە ئەنجومەنێکی بچووکراوەی ئەنجومەنی وەزیرانی ئیسرائیلە و تەنها ئەو وەزیرانە بەشدارن کە پەیوەستن بە شەڕەوە، یۆاڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەختیکردووەتەوە کە “شەڕی غەزە زۆر درێژخایەن دەبێت و ئیسرائیل پێویستی بە پشتگیری بەردەوام و درێژخایەنی ئەمریکا دەبێت.”
بەرپرسێکی ئیسرائیلی گوتوویەتی کە “وەزیرێکی ئیسرائیلی بە بایدنی گوتووە کە پێدەچێت شەڕی لەناوبردنی حەماس چەند ساڵێک بخایەنێت.”
هەر بەپێی راپۆرتەکە، بایدن نەکشاوەتەوە لە پشتگیری و هاوکاری ئیسرائیل، بەڵام جەختیکردووەتەوە کە بۆ مانەوە و بەردەوامی پشتگیری و هاوکارییەکان، پێویستە ئیسرائیل دۆخی مرۆیی لە غەزە رەچاو بکات کە هەزاران فەلەستینی تێدایە و بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە ئاوارەبوون.
یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی دیکە کە ناتانیاهۆ لەگەڵ بایدن باسی کردووە بریتییە بووە لە گوژمەی هاوکاریی سەربازیی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل، چونکە تەلئەبیب داوای هاوکارییەکی 10 ملیار دۆلاری کردووە، بۆیە دواتر ناتانیاهۆ گوتی، لەگەڵ بایدن رێککەوتوون لەسەر گوژمەیەکی مەزنی هاوکاریی سەربازی بۆ ئیسرائیل.