بوونی هێزی بیانی له‌سه‌ر خاكی توركیا.. گه‌ڕێكی دیكه‌ی مشتومڕ له‌نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن

 

زووم:
بڕگه‌یه‌كی نێو داواكارییه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیادا بۆ درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی ئه‌ركی سوپای وڵاته‌كه‌ له‌ هه‌ریه‌ك له‌ عێراق و سووریا بۆ ماوه‌ی دوو ساڵی دیكه‌، كه‌ بڕیاره‌ په‌رله‌مان بڕیاری له‌سه‌ر بدات، بووه‌ته‌ مایه‌ی ململانێ له‌نێوان ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆن.

له‌نێو ئه‌و داواكارییه‌ی، كه‌ سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا به‌ واژووی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان پێشكه‌شی په‌رله‌مانی كردووه‌، بڕگه‌یه‌ك باس له‌ بوونی سه‌ربازی بیانی له‌سه‌ر خاكی توركیا ده‌كات و ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌ی له‌لایه‌ن پارتی گه‌لی كۆماریی (جه‌هه‌په‌)وه‌ لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌ و بڕیاری داوه‌ له‌دژی پرۆژه‌ یاساكه‌ ده‌نگ بده‌ن.

ئه‌م پرسه‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ ناكۆكی نێوان ئاك پارتی ده‌سه‌ڵاتدار و جه‌هه‌په‌ی ئۆپۆزسیۆنه‌، ئه‌گه‌رچی ئه‌وه‌ی دووه‌م به‌رده‌وام جه‌ختی له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه،‌ كه‌ پشتیوانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆره‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌، هه‌فته‌ی رابردوو كه‌مال كلچدارئۆغڵو سه‌رۆكی جه‌هه‌په له‌میانی كۆبوونه‌وه‌ی فراكسیۆنی پارته‌كه‌ی له‌په‌رله‌مان گوتارێكی پێشكه‌شكرد و رایگه‌یاند، داواكارییه‌كیان هێناوه‌ته‌ به‌رده‌ممان له‌ په‌رله‌مان و ده‌ڵێن به‌ره‌نگاری تیرۆر ده‌بینه‌وه‌، ئێمه‌ هه‌رگیز دژی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر نه‌بووین، به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌ڵێین به‌ڵێ بۆ هه‌موو ده‌سه‌ڵاتێك له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆردا، به‌ڵام شتێك كه‌ لێی تێناگه‌م ئه‌وه‌یه‌ له‌ شوێنێكدا ده‌ڵێت؛ بوونی سه‌ربازیی هێزه‌ چه‌كداره‌ بیانییه‌كان له‌ناو توركیادا.

كلچدارئۆغڵو ئه‌وه‌ی به‌ هه‌لێك بۆ ره‌خنه‌گرتن و هێرشكردنه‌ سه‌ر پارتی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌په‌رست (مه‌هه‌په‌) و سه‌رۆكه‌كه‌ی، ده‌وله‌ت باخچه‌لی، كه‌ هاوپه‌یمانی ئاك پارتییه‌ له‌نێو هاوپه‌یمانیی كۆماردا، قۆسته‌وه‌ و رایگه‌یاند، پرسیاری یه‌كه‌مم له‌ باخچه‌لییه‌، ناوی پارته‌كه‌ت پارتی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌په‌رسته‌ و ده‌ڵێیت ده‌نگ به‌م داواكارییه‌ی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار ده‌ده‌یت، ئایا ده‌نگ به‌وه‌ ده‌ده‌یت پۆستاڵی سه‌ربازی بیانی له‌سه‌ر خاكی توركیا بێت یان نا؟

سه‌رۆكی جه‌هه‌په‌ هه‌روه‌ها روو له‌ ده‌سه‌ڵاتی وڵاته‌كه‌ی پرسی، ئه‌م سه‌ربازه‌ بیانییانه‌ كێن؟ كام سه‌ربازانه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر بانگێشتی توركیا ده‌كه‌ن؟ سوپای توركیا خه‌باتی دژی تیرۆر كردووه‌ و شه‌هیدی داوه‌، ئێستا ئه‌م به‌ڕێزانه‌ هاتوون و ده‌ڵێن سه‌ربازی بیانی بانگێشت ده‌كه‌ین، كێن ئه‌مانه‌؟

ئه‌مڕۆ له‌ په‌رله‌مان و له‌میانی كۆبوونه‌وه‌ی فراكسیۆنی پارته‌كه‌یدا، باخچه‌لی وه‌ڵامی گوته‌كانی كه‌مال كلچدارئۆغڵوی دایه‌وه‌ و رایگه‌یاند، سه‌رۆكی گشتیی جه‌هه‌په‌ چه‌ند پرسیارێكی لێ كردووین، من زۆر به‌ جددیی بۆچوونه‌كانی وه‌رناگرم، پێی ده‌ڵێم ئه‌مڕۆ ده‌نگت به‌ڵێیه‌ یان نه‌خێر؟ ئه‌وه‌مان پێبڵێ، به‌هانه‌ی پووچ مه‌هێنه‌ره‌وه‌، ئایا لایه‌نگری ئه‌وه‌ی دژی هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆر و مه‌ترسی ئه‌منیی له‌چوارچێوه‌ی یاسای نێوده‌وڵه‌تییه‌دا هه‌موو رێكارێك بگیرێته‌به‌ر یان نا. دانی پێدا بنێ. تۆش ده‌زانیت، هیچ شتێك به‌ناوی پۆستاڵی بیانی ناڕه‌وا له‌سه‌ر خاكی توركیا بوونی نییه‌، ئه‌گه‌ر هه‌بێت ئه‌وا ئێمه‌ یه‌ك گیانمان هه‌یه‌ و ئه‌ویش به‌خت ده‌كه‌ین بۆ گه‌ل و نیشتمان”.

هاوكات له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی جمهورییه‌تی وڵاته‌كه‌ی، كلچدارئۆغڵو ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد له‌ میانی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ نومان كورتوڵموش سه‌رۆكی په‌رله‌مانی توركیا تیشكی خستووه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و بڕگه‌یه‌ی داواكارییه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار و رایگه‌یاند: “هه‌مان پرسیارم ئاڕاسته‌ی كورتوڵموش كرد. گوتم ئه‌و سه‌ربازه‌ بیانییانه‌ی كه‌ دێن له‌ كام وڵاته‌وه‌ن، مه‌به‌ستیان چییه‌ له‌ هاتنیان. به‌ڵام وه‌ڵامم ده‌ست نه‌كه‌وت. بانگه‌واز له‌وانه‌ی ئاك پارتی ده‌كه‌م به‌رپرسیارانه‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ن. داوا له‌ ده‌سه‌ڵات ده‌كه‌م له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌رڕاست بن و زانیاری سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته‌ بده‌نه‌ توركیا.

لای خۆیه‌وه‌ فایه‌ق ئۆزتراك گوته‌بێژی جه‌هه‌په‌، له‌میانی لێدوانێكدا له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی سه‌ربازه‌ بیانییه‌كان ره‌نگه‌ كێ بن، رایگه‌یاند، یان ئێوه‌ دوای په‌نابه‌ران، هه‌روه‌ها بانگێشتی سوپای سووریای ئازاد ده‌كه‌ن؟ داوا له‌و په‌رله‌مانتارانه‌ ده‌كه‌م كه‌ خۆیان به‌ نه‌ته‌وه‌په‌رست ده‌زانن و ئه‌وانه‌ی خاكی نیشتمانیان به‌لاوه‌ خۆشه‌ویسته‌، تا ئه‌و كاته‌ی ئه‌و بڕگه‌یه‌ی رێگه‌ به‌ سه‌ربازانی بیانی ده‌دات بێنه‌ خاكه‌كه‌مانه‌وه‌ لانه‌برێت، ده‌نگی نه‌خێر به‌ داواكارییه‌كه‌ی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار بده‌ن”.

رۆژی پێنجی ئه‌م مانگه‌ داواكارییه‌كه‌ به‌ واژووی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌ركۆماری توركیا به‌مه‌به‌ستی ده‌نگدان له‌سه‌ری و په‌سه‌ندكردن ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كرا.

سه‌ركۆماری توركیا داوای كردووه‌ ماوه‌ی ئه‌ركی سوپای وڵاته‌كه‌ی له‌ عێراق و سووریا، كه‌ دوایین جار به‌ بڕیاری ژماره‌ ١٣١٠ی په‌رله‌مان له‌ ٢٦ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠٢١دا تا ٣٠ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠٢٣ درێژكراوه‌ته‌وه‌، جارێكی دیكه‌ له‌و به‌رواره‌وه‌ بۆ ماوه‌ی دوو ساڵی دیكه‌ به‌ پێی مادده‌ی ٩٢ی ده‌ستووری وڵاته‌كه‌، درێژ بكرێته‌وه‌.

هه‌ریه‌ك له‌ پارته‌كانی پارتی گه‌لی كۆماریی (جه‌هه‌په‌)، پارتی یه‌كسانیی گه‌لان و دیموكراسیی (هه‌ده‌پ)، ده‌به‌په‌ (پارتی هه‌رێمه‌ دیموكراتییه‌كان)، پارتی كرێكارانی توركیا و پارتی ره‌نج (ئه‌مه‌پ) رایانگه‌یاند دژی داواكارییه‌كه‌ ده‌نگ ده‌ده‌ن.

له‌به‌رامبه‌ردا جگه‌ له‌ هاوپه‌یمانیی كۆمار كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی له‌ ئاك پارتی و مه‌هه‌په‌ پێكدێت، هه‌ریه‌ك له‌ ئیی پارتی راستڕه‌و، پارته‌كانی ده‌ڤا، ئاینده‌ و سه‌عاده‌ت كه‌ فراكسیۆنیان له‌ په‌رله‌مان هه‌یه‌، ئاشكرایان كردبوو كه‌ ده‌نگ به‌ داواكارییه‌كه‌ به‌مه‌به‌ستی په‌سه‌ندكردنی ده‌ده‌ن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button