نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو هەرێم و بەغداد بەشێوەیەکی فیدڕاڵی کار نەکەن، کێشەی مووچە چارەسەر نابێت.
سەرۆکی هەرێم لە میانی بەشداریکردنی لە دیداری مێری گوتی، هەندێک جار هەرێم زیادەڕۆی کردووە و بەشێوەیەک مامەڵەی کردووە کە دەسەڵاتی خۆی نەبووە.
لەبارەی مامەڵەی عێراقیشەوە نێچیرڤان بارزانی گوتی، ئەوەشی بەغداد دەیکات فیدڕاڵی نییە.
سەرۆکی هەرێم دەڵێت، نابێت شاندەکانی هەرێم و بەغداد موجامەلەی یەکتری بکەن، چونکە کێشەی مووچە و بودجە چارەسەر نابێت، تاوەکو بەغداد و هەولێر مامەڵەیەکی فیدڕاڵی لەگەڵ یەکتریدا نەکەن.
نێچیرڤان بارزانی دەشڵێت، مەقول نییە تاوەکو ئێستا فەرمانبەرانی هەرێم کێشەی مووچەیان هەبێت.
لە بارەی نەوتی هەرێمەوە سەرۆکی هەرێم گوتی، هۆکاری دەستپێنەکردنەوەی هەناردەى نەوتی هەرێم پەیوەندی بە عێراقەوە هەیە و کێشەکە لە بەغدادەوەیە نەوەکو ئەنقەرە، چونکە تورکیا ئامادەییە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەى نەوتی هەرێم.