زواری.. ئەو درۆنەی ئیسرائیلی ئاگرباران كرد

 

زووم
نزیکەی ٣٥ درۆنی خۆكوژی جۆری “زواری” بەكارهێنراوە بۆ ئەو هێرشەی رۆژی شەممەی رابردوو كرایەر سەر ئیسرائیل و زیانی زۆری بەو وڵاتە گەیاند.

فڕۆكەكە دروستكراوی ناوخۆییەو كۆمەڵێك تایبەتمەندی هەیە، كە یەكەمجارە بە فەرمی دەخرێتە خزمەتی سەربازی لیواکانی قەسام، باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس بۆ ئۆپەراسیۆنەكانیان بەكاریدەهێنن.

بزووتنەوەکە لە ئەژمارە تایبەتەكانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، چەند گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە، کە تێیدا دەیان چەكداری دەردەكەون و ئەو فڕۆکانە لە دژی ئیسرائیل ئامادەدەكەن، ئەوەش بۆ بەشداریپێكردنیان لە “گەردەلووی ئەلئەقسا”دا .

یەكەم جارە بزووتنەوەی حەماس ئەزموونێكی وەها تاقیدەكاتەوەو هێزی ئاسمانی بەشداری لە ئۆپەراسیۆنێك بۆ سەر ئیسرائیل پێدەكات.

بزووتنەوەی حەماس، ساڵی ٢٠١٥ فەوجێكی سەربازی دروست كرد، كە پێكهاتبوون لە كۆمەڵێك كەسی تەكنیكی و ئەندازیار و شارەزا لە بواری فڕۆكەدا، ئەوەش بووە بە سەرەتایەك بۆ ئەوەی ئەو فەوجە بگەن بە دروستكردنی فڕۆكەی بێفڕۆكەوان.

یەکەم جار لە لە ١٩ی ئایاری ٢٠٢١ ، ئەو فڕۆكە بێ‌ فڕۆكەوانە خرایە خزمەتی سەربازی لە شەڕی سەیف ئەلقەدسدا، كە ناویانلێنرا زواری.

زواری فڕۆکەیەکی خۆکوژی دروستکراوی ناوخۆییە، سەرەتا وەك فڕۆکەی سیخوڕی بەكاردەهێنرا، بەناوی سەرۆکی باڵی سەربازی حەماس، ئەندازیاری تونسی محەمەد زواری ناونراوە، کە لە ساڵی ٢٠١٦دا لەبەردەم ماڵەکەی خۆی لە شاری سفاکسی تونس لە مانگی کانوونی دووەم کوژرا.

ئەو فڕۆكەیە موشەکی تەقینەوە هەڵدەگرێت و بە وردی ئامانجەکانی دەپێكێت، 30 لەو فڕۆکانە پێش هەڵگیرسانی شەڕی “فورقان” لە ساڵی 2015 دروستکراون، بە سەرپەرشتی ئەندازیاری تونسی محەمەد زواری.

لە کاتی شەڕی “گەردەلوولی ئەقسا”شدا بە فەرمی خرایە خزمەتی سەربازی و بەشداری لەو هێرشە فراوانەی رۆژی شەممەی رابردووی گروپە چەكدارییەكانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل پێكرا.

فڕۆکەكان، مووشەکی بچووکیان لەسەر پشتیان هەڵگرتبوو، كە توانای ئەوەیان هەبووە لە دوورەوە ئامانجە دیاریکراوەکان بپێکن.

مینا عادل توێژەری سەربازی بە سکای نیوز عەرەبی ڕاگەیاندووە، بەکارهێنانی ئەم پۆلە تایبەتەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن حەماسەوە دەگەڕێتەوە بۆ، سوكی كێشەكەیی و ئاسانی جوڵەپێكردن و كۆنتڕۆڵكردنی لە دوورەوە.

هەروەها رایگەیاندووە، فڕۆكەكە پێویستی بە ڕێڕەوی فڕین نییە، تەنیا سەكۆیەکی سادەیە، کە دەتوانرێت لە هەر ناوچەیەکی نزیک هێزەکانی ئیسرائیلەوە دابنرێت و هەڵبدرێت.

باسی لەوەش كردووە، قەبارە بچووکەکەی و بچووکی باڵەكانی وا دەکات بەبێ ئەوەی هەستی پێبكرێت لە ئامانجەکەی نزیک بێتەوە و دواتر بتەقێتەوە بە ئامانجەكەیدا.

هەواڵی زیاتر

Back to top button