ژمارەی قوربانیانی بوومەلەرزەكەی ئەفغانستان 2 هەزار كەسی تێپەڕاند

 

زووم:
ژمارەی قوربانیانی ئەو بوومەلەرزەیەی، ڕۆژی شەممە ناوچە دوورە دەستەكانی ڕۆژئاوای ئەفغانستانی هەژاند، بەرزبووەتەوەو گوتەبێژی حكومەتی كابۆڵیش دەڵێت: زیاتر لە دوو هەزار كەس گیانیان لەدەستداوە.

زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی حکومەتی تاڵیبان لەسەر پلاتفۆرمی تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێکس، بە پشتبەستن بە زانیاری دەسەڵاتە خۆجێییەكانی ئەو ناوچانەی بومەلەرزەكە لێی روویداوە، رۆژی یەك شەممە رایگەیاند، لە 13 گونددا، 2 هەزار و 53 كەس گیانیان لەدەستداوە، هەزار و 240 کەسیش برینداربوون، هەزار و 320 ماڵیش بە تەواوی وێرانبوون.

ئەم ئامارە لەكاتێكدایە، پێشتر بیلال کەریمی، جێگری گوتەبێژی حکومەت ڕایگەیاند: ژمارەی گیانلەدەستدان زۆر بەرزە، كە ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە زیاتر لە هەزار کەس، بەڵام جارێ هێشتا چاوەڕێی زانینی ژمارە کۆتاییەکان دەکەین.

بوومەلەرزەکەی رۆژئاوای ئەفغانستان ڕۆژی شەممە بە گوڕی ٦.٣ پلە روویدا، ئەوەش لەناوچەكانی باکووری ڕۆژئاوای ویلایەتی هیراتی وڵاتەكە، كە بەهۆی بەهێزییەوە زیانێكی زۆر بەر چەند گوندێكی ناوچەكە كەوتووەو هەندێك لە گوندەكانیش بە تەواوی تەختی زەوی كرد.

لەلایەكی تر ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، لەئەنجامی بومەلەرزەكە زیاتر لە ٦٠٠ ماڵ وێران بوون، یان بەلایەنی كەمەوە بەشێکیان زیانیان بەرکەوتووە ، كە ئەو ئامارە ئاماری ١٢ گوندی پارێزگای هێرات بوون.

هەروەها رایگەیاندووە، نزیکەی ٤٢٠٠ کەسیش گیانیان لەدەستداوە، یان برینداربوون، كە ڕێکخراوەکە هۆشداری داوە بەوەی پێشبینی دەکرێت ژمارەی قوربانییەکان بەرزبێتەوە، ئەوەش دوای دۆزینەوەی تەرمی ئەو كەسانەی كەوتوونەتە ژێر داروپەردووی خانووە رووخاوەكان.

بەپێی سەرچاوە هەواڵییەكانی ئەفغانستان دوای بومەرزە سەرەكییەكە هەشت پاش بومەلەرزە لەو ناوچانە روویداوە، ئەوەش قەبارەی زیانەكانی زۆر زیاتر كردووە.

بەشیر ئەحمەد (تەمەن 42 ساڵ)، یەكێكە لە دانیشتوانی گوندێكی ویلایەتی هیرات دەڵێت: لە یەکەم بوومەلەرزەدا سەرجەم خانووەکان ڕووخان، ئەو کەسانەی لەناو ماڵەکاندا بوون، بوون بەژێر دراو پەردووی رووخاوی خانووەكان، خێزان هەیە تا ئێستا هیچ هەواڵێکمان لێیان نەبیستووەو بێسەروشوێنن.

هەروەها نیک محەمەد (٣٢ ساڵ)، یەكێكی ترە لە دانیشتوانی گوندە زیانلێكەوتووەكان، كە لەكاتی بومەلەرزەكە لە شوێنی کارەکەی بووە دەڵێت: کاتێک یەکەم بوومەلەرزە بووە گەڕاینەوە ماڵەوە بۆمان دەرکەوت، خانووەكەمان تەختی زەوی بووە، ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا هیچمان نییە، بێ‌ ماڵ و حاڵ، نە بەتانی و نە هیچ شتێکی تر، ئێمە شەوێک لێرە لەگەڵ ئەوانەدا ماوینەتەوە، كە لە رووداوەكە گیانیان لەدەستداوە.

ئەفغانستان یەكێكە لەو وڵاتانەی زۆرجار ڕووبەڕووی بوومەلەرزە دەبێتەوە، بەتایبەتی لە زنجیرە چیاكانی هیندۆس کوش، کە دەکەوێتە نزیک یەکتربڕینی پلێتی تەکتۆنیکی ئۆراسیا و هیندستان.

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2022یش، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.9 پلە لە پارێزگای پاکتیکا روویدا، كە زیاتر لە هەزار کەس گیانیان لەدەستدا و دەیان هەزار کەسیش ئاوارەبوون، كە ئەوە بووە گەورەترین ژمارەی کوژراوان لە ئەفغانستان لە ماوەی نزیکەی چارەک سەدەیەکدا بە رووداوی بومەلەرزە، بەڵام ئاماری ئەم رووداوەی رۆژی شەممە دوو هێندە زیاترەو ژمارەی پێوانەیی نوێیە لەو وڵاتە تۆمار دەكرێت.

هەواڵی زیاتر

Back to top button