
زووم:
ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕوسیا رایگەیاند، وڵاتەکەی بە سەرکەوتوویی تاقیکردنەوەی مووشەکی ستراتیجی کروزی “بورێڤێستنیک”ی ئەتۆمی ئەنجامداوە، كە ڕۆژنامە سەربازییە ڕۆژئاواییەکان بە “بروسکەی ڕەش”یش ناوی دەبەن.
دوو ڕۆژ لەمەوبەر ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی بڵاویكردەوە، ڕوسیا سەرقاڵی تاقیکردنەوەی مووشەکێكی نوێی ئەتۆمی ترسناكە، ئەوەش لە نزیک بنکەیەکی دووری سەربازی لە نۆڤایا زێملیا، کە دەکەوێتە جەمسەری باکووری ڕووسیا.
پێشتر ڕووسیا لە نێوان ساڵانی ٢٠١٧ بۆ ٢٠١٩دا ١٣ تاقیکردنەوەی مووشەکی “بورێڤێستنیک”ی ئەنجامدابوو، بەڵام بەگوێرەی ڕاپۆرتەكان هەموو تاقیكردنەوەكان سەركەوتوو نەبوون.
دواجار پۆتین رۆژی هەینی سەركەوتنی تاقیكردنەوەكانی راگەیاند، بەم پێیەش ئێستا ڕووسیا خاوەنی مووشەکێکی نوێی کیشوەری و بۆشایی ئاسمانە، كە توانای هەڵگرتنی كڵاوەی ئەتۆمی هەیەو توانای مانەوەی بۆ ماوەی چەند هەفتەیەکیشی لە ئاسماندا هەیە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، ئەم مووشەکە بە وزەی ئەتۆمی کاردەکات و تایبەتمەندە بە توانای گەیشتن بە مەودای بێسنوور و توانای مانەوەی بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک لە ئاسماندا هەیە، هەروەها دەتوانێت بۆمبی ئەتۆمی هەڵبگرێت و هیچ سیستمێكی بەرگری ئاسمانی ناتۆش ناتوانێت زاڵ بێت بەسەریدا.
تاقیكردنەوەی ئەو موشەكەو سەركەوتنی تاقیكردنەوەكەی، ئەمریكا توڕەو نیگەران دەكات، بەتایبەتی بەهۆی ئەوەی مەودای رۆشتنی بێ سنوورە، لە بەرزایییەکی زۆردا دەتوانێت بە خێراییەكی زۆر بڕوات، هەروەها ڕێگریکردنی ئەستەمە، ئەوەش بەپێی گۆڤاری سەربازی ناشیونال ئینترست.
هاوكات بەگوێرەی ڕۆژنامەی “زە تایمز”ی بەریتانی، ئەم مووشەکە تا ئێستا هیچ هاوتاییەکی لە جیهاندا نییە، كە دەتوانێت بەرەو سەر مانگ بەرزبێتەوە، دەشتوانێت بە یەك جار شارێكی وەك نیویۆرکی ئەمریكی بە تەواوی وێران بكات و لەسەر نەخشە نەیهێڵێت.
رۆژنامەکە ئاشكرایكردووە، بەهۆی ئەوەی ئەو موشەكە بە چەکی لەیزەر تەیار کراوە، توانای تێپەڕاندنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی هەیە بەهۆی مەودای فڕینی بێسنوورەوە.
لە مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠٢٠، جەنەڕاڵ جیم هۆکنهۆڵ، بەرپرسی هەواڵگری بەرگری بەریتانیا، هۆشداریدا لەوەی ئەم موشەکە سەروو دەنگییەو بە هێزی ئەتۆمی کاردەکات، مەودای بڕینی هەموو جیهانی هەیە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی “دەیلی مەیل”ی بەریتانی، “بورێڤێستنیک” دەتوانێت بۆ چەند هەفتەیەک بەدەوری زەویدا بفڕێت، هەر ساتێكیش بیەوێت دەتوانێت هێرش بكاتە سەر ئامانجەكەی.