
زووم:
رۆژی یەکی ئه‌م مانگه له‌میانی دانیشتنی كردنه‌وه‌ی ساڵی تازه‌ی یاسادانان له په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌ی، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌ركکۆماری توركیا بانگه‌وازی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوور و گۆڕینی ده‌ستووری ساڵی ١٩٨٢ی كرد و رایگه‌یاند: “وه‌رن با هه‌موو پێكه‌وه ده‌ستوورێكی مه‌ده‌نی بنووسینه‌وه”.
له به‌رامبه‌ر ئه‌م بانگه‌وازه‌ی ئه‌ردۆغاندا پارته سیاسییه‌كان هه‌ڵوێستیان چۆن ده‌بێت به تایبه‌ت كه هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كانیان له مانگی ئازاری ساڵی داهاتوودا له‌به‌رده‌مدایه؟ ئایا ئێستا زه‌مینه له‌باره بۆ هه‌مواركردنه‌وه و گۆڕینی ده‌ستووری ساڵی ١٩٨٢؟
ده‌ستووری ساڵی ١٩٨٢ چییە؟
ئەو ده‌ستوورەیە كه له دوای كوده‌تای ١٢ی ئه‌یلوولی 1982 نووسرایه‌وه و له ریفراندۆمێكدا ده‌نگی نزیكه‌ی له‌سه‌دا ٩٢ی دانیشتوانی هێنا، له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له چین و توێژه جیاجیاكانه‌وه به “ده‌ستووری سه‌رده‌می كوده‌تا” ناوده‌برێت. دوای زیاتر له ٤٠ ساڵ له نووسینه‌وه‌ی، هه‌ندێك گۆڕانكاریی كه‌می تێداكراوه به‌ڵام هیچ كات سازان درووست نه‌بووه بۆ ده‌ستوورێكی تازە كه جێگه‌ی بگرێته‌وه.
تا ئێستا زیاتر له ٢٠ گۆڕانكاریی له حوكم و به‌شه جیاوزه‌كانی ده‌ستووره‌كه‌دا كراوه. یه‌كه‌م هه‌موار له ساڵی ١٩٨٧دا ئه‌نجامدراوه. ده‌ستووره‌كه كه له ١٧٧ مادده پێكهاتووه، ٥٨ مادده‌ی به هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ستكاری نه‌كراوه. دوایین گۆڕانكاریی ئه‌وه بوو كه له ریفراندۆمی ساڵی ٢٠١٧دا سیستمی سه‌رۆكایه‌تی له‌جێگه‌ی سیستمی په‌رله‌مانی كرایه شێوازی به‌ڕێوه‌بردنی توركیا.
ره‌شنووسه‌كه‌ی پارساڵ
به‌ر له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ١٤ی ئایاری رابردوو به چه‌ند مانگێك، هاوپه‌یمانیی کۆمار به رابه‌رایه‌تی ئاك پارتی، ره‌شنووسێكی سێ مادده‌یی بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوور پێشكه‌شكرد كه تایبه‌ت بوو به سه‌رپۆش و پرسه‌كانی په‌یوه‌ست به خێزان. به‌ڵام سازانی له‌سه‌ر نه‌كرا.
له‌دوای ئه‌وه‌شه‌وه، باس له‌وه ده‌كرێت له سه‌رۆكایه‌تی كۆماری توركیا كاره‌كانی هه‌مواركردنه‌وه‌ی ده‌ستوور یان نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری تازە به‌رده‌وامن به‌ڵام نه ورده‌كارییه‌كانی ده‌زانرێت و نه ده‌شزانرێت به چ قۆناغێك گه‌یشتوون.
بەگوێرەی زانیاریی سه‌رچاوه ئاگاداره‌كان، هاوپه‌یمانیی کۆمار به‌ر له هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كان، پێشنیازه‌كه‌ی ساڵی رابردوو له نێو رۆژه‌ڤدا ده‌هێڵێته‌وه و بۆ ده‌ستوورێكی گشتگیریش چاوه‌ڕێی قۆناغی دوای هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كات.
پرس و ته‌وه‌ره گریمانكراو و چاوه‌ڕوانكراوه‌كان بۆ هه‌مواری ده‌ستوور
له كاتێكدا كه چاوه‌ڕێ ده‌كرێت ره‌شنووسه‌كانی په‌یوه‌ست به سه‌رپۆش و خێزان له ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌ی ئاینده‌دا بخرێنه‌وه به‌رباس، ژماره‌یه‌ك له چاودێران پێیانوایه جگه له‌و پرسه، هه‌مواره‌كه چه‌ند بابه‌تێكی دیكه بگرێته‌وه، له‌وانه:
– ئایا بۆ بوونه سه‌ركکۆمار رێژه‌ی ده‌نگی ٥٠+١ ده‌مێنێته‌وه یان لاده‌درێت؟ له‌كاتێدا كه له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ١٤ی ئایاردا ئاك پارتی رێژه‌ی ٣٦،٣٠ی ده‌نگه‌كانی هێناوه و پێویستی به درووستكردنی هاوپه‌یمانیی هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بگاته ٥٠+١.
– ئایا ماوه‌ی سه‌رۆكایه‌تی سه‌ركۆمار درێژ ده‌كرێته‌وه؟ له دوو خوله‌وه ده‌كرێت به سێ خول؟
بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر هه‌موارێكی ده‌ستوور له په‌رله‌مان په‌سه‌ند بكرێت و نه‌خرێته ریفراندۆمه‌وه، پێویستی به ٤٠٠ ده‌نگ هه‌یه. هاوكات بۆ ئه‌وه‌شی ریفراندۆم ئه‌نجامبدرێت پێویسته ٣٦٠ په‌رله‌مانتار ده‌نگی به‌ڵێی له‌سه‌ر بده‌ن.
دابه‌شبوونی كورسییه‌كانی په‌رله‌مانی توركیا
دوایین دابه‌شبوونی ٦٠٠ كورسییه‌كه‌ی په‌رله‌مانی توركیا به‌مشێوه‌یه‌یه: ئاك پارتی ٢٦٨ كورسی، مه‌هه‌په ٥٠ كورسی، پارتی سه‌رله‌نوێ ره‌فاح ٥ كورسی، كه كۆی ئه‌مانه ده‌كاته ٣٢٣ كورسی. واته هاوپه‌یمانیی کۆمار بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موارێكی ده‌ستوور بباته به‌رده‌م گه‌ل، پێویستی به ٣٧ كورسی دیكه هه‌یه.
له به‌رامبه‌ردا له‌نێو ئه‌و ٢٧٧ كورسییه‌ی ده‌مێنێته‌وه، ئیی پارتی ٤٤ كورسی، ده‌ڤا ١٥ كورسی، پارتی سه‌عاده‌ت و ئاینده پێكه‌وه ٢٠ كورسی، پارتی چه‌پی سه‌وز ٥٧ كورسی و پارتی كرێكارانی توركیا ٤ كورسییان هه‌یه.
هه‌روه‌ها جه‌هه‌په خاوه‌نی ١٣٠ كورسییه و تاكه پارتیشه كه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك بانگه‌وازه‌كه ره‌تده‌كاته‌وه.
هه‌ڵوێستی پارته‌كان
جه‌هه‌په هه‌مان رۆژ له زاری كه‌مال كلچدارئۆغڵو، سه‌رۆكی گشتیی پارته‌كه‌وه رایگه‌یاند: “ئه‌وانه‌ی ئه‌و بانگه‌وازه ده‌كه‌ن با سه‌ره‌تا خۆیان پابه‌ندی ده‌ستوور بن”.
جگه له جه‌هه‌په و له‌نێو پارته‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا، پارتی چەپی سه‌وز (هه‌ده‌په‌ی پێشوو) له كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانییدا به ئاماده‌بوونی په‌رله‌مانتارانی له په‌رله‌مان رایگه‌یاند: “ئێمه‌ش خه‌بات بۆ به‌هاكانی كۆمه‌ڵگه و به‌ها دیموكراتییه‌كان ده‌كه‌ین. ئه‌گه‌ر ره‌شنووسێكی له‌و شێوه‌یه بخرێته به‌رده‌ممان، پشتیوانی ده‌كه‌ین”.
هاوكات ئیی پارتی پێیوایه پێویسته بابه‌ته‌كه بخرێته دوای هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كان و كورشاد زۆڕڵو گوته‌بێژی پارته‌كه، ئاشكرایكرد: “هه‌ر پرسێك كه كاریگه‌ریی هه‌بێت له‌سه‌ر ركابه‌ریی له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا و له‌نێویاندا بابه‌تی هه‌مواری ده‌ستوور، ده‌كرێت بخرێته دوای هه‌ڵبژاردن”.
عه‌لی باباجان، سه‌رۆكی گشتیی پارتی دیموكراتی و پێشكه‌وتن ده‌رگای به‌ڕووی ده‌سه‌ڵاتدا دانه‌خست و رایگه‌یاند: “ئه‌گه‌ر ره‌شنووسێكیان ئاماده‌یه، با بینێرنه په‌رله‌مان و تاوتوێی ده‌كه‌ین. ئه‌گه‌ر بشیانه‌وێت له په‌رله‌مان كارێك بكرێت، ئه‌وا به‌شداریی له كاره‌كاندا ده‌كه‌ین. ئه‌گه‌ر بشڵێن با پێكه‌وه كار له‌سه‌ر ده‌ستوور بكه‌ین و ئه‌مه‌ش بۆ هه‌موو پارته‌كان بێت، ئه‌وا به‌شداریی تێدا ده‌كه‌ین”.
جگه له‌وان، ئه‌مڕۆ ئه‌حمه‌د داودئۆغڵو سه‌رۆكی گشتیی پارتی ئاینده، له كۆبوونه‌وه‌ی فراكسیۆنی هاوبه‌شی پارته‌كه‌یی و پارتی سه‌عاده‌ت، مه‌رجی فراكسیۆنه‌كه‌یانی بۆ به‌شدارییكردن له هه‌مواری ده‌ستووردا ئاشكرا كرد و رایگه‌یاند: “به ئێمه ده‌ڵێن وه‌رن با ده‌ستوور بنووسینه‌وه، چۆن متمانه‌تان پێبكه‌ین له كاتێكدا كه پێشتر به پێی په‌یڕه‌و به‌شدارییتان به ئێمه نه‌كرد. به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ئاماده‌ین له‌جێگه‌ی ده‌ستووری ١٢ی ئه‌یلوول ده‌ستوورێكی به‌ڕاستی ته‌واوه‌تی و نیشتمانیی بنووسینه‌وه. به‌ڵام ئایا ئێوه ئاماده‌ن سیستمی سه‌رۆكایه‌تی بخه‌نه‌ر به‌ر باس كه ئه‌م به‌ڵایانه‌ی به‌سه‌ر گه‌له‌كه‌ماندا هێناوه؟”.
ریفراندۆمه‌كانی سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی ئاك پارتی:
ریفراندۆمه‌كانی په‌یوه‌ست به هه‌مواری ده‌ستوور له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی ئاك پارتیدا:
یه‌كه‌م: ٢١ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠٠٧، “ئایا گه‌ل سه‌ركۆمار هه‌ڵببژێرێت؟” رێژه‌ی ده‌نگی به‌ڵێ ٦٨،٩٥ له‌سه‌دا و رێژه‌ی ده‌نگی نه‌خێر ٣١،٠٥ له‌سه‌دا.
دووه‌م: ١٢ی ئه‌یلوولی ٢٠١٠، “ژماره‌یه‌ك له مادده‌كانی ده‌ستوور هه‌موار بكرێنه‌وه” رێژه‌ی ده‌نگی به‌ڵێ ٥٧،٨٨ له‌سه‌دا و رێژه‌ی ده‌نگی نه‌خێر ٤٢،١٢ له‌سه‌دا.
سێیه‌م: ١٦ی نیسانی ٢٠١٧، “سیستمی حكومڕانی بۆ سه‌رۆكایه‌تی بگۆڕدرێت؟” رێژه‌ی ده‌نگی به‌ڵێ ٥١،٤١ له‌سه‌دا و رێژه‌ی ده‌نگی نه‌خێر ٤٨،٥٩ له‌سه‌دا.
به‌م پێیه له‌و سێ ریفراندۆمه‌ی له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی ئاك پارتیدا كراوه، ده‌نگی به‌ڵێ رووی له دابه‌زین كردووه. ئایا ئه‌گه‌ر هات و ئه‌مجاره هه‌مواره‌كه له په‌رله‌مان ده‌نگی پێویستی به‌ده‌ست نه‌هێنا و ریفراندۆم كرا، ئه‌م داكشانه رووده‌داته‌وه؟