توركیا هەڕەشەی هێرشی “فراوان” بۆ سەر هەرێم و رۆژئاوای كوردستان دەكات

 

زووم
پێدەچێت هێرشە خۆكوژییەكەی بەردەم وەزارەتی ناوخۆی توركیا لە ئەنقەرە، خراپ لایەنی توركی تووڕە كردبێت، بۆیە بەرپرسانی دبلۆماسی و سەربازی ئەو وڵاتە هەڕەشەی دەستپێكردنی هێرشی “فراوان” بۆ سەر ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و توركیا دەكەن.

رۆژی یەك شەممەی رابردوو هێرشێكی خۆكوژی لەبەردەم وەزارەتی ناوخۆی توركیا لە ئەنقەرە ئەنجامدرا، كە ئەمڕۆ چوار شەممە وەزارەتەكە رایگەیاند، توانیویانە ناسنامەی دووەم كەسی كردەوەكەی بەردەم وەزارەتەکە لە ئەنقەرە دیاریبکەن.

وەزارەتەكە راشیگەیاندبوو، پێشتر لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەکانی ڕابردوو، تاقیکردنەوەی DNA، توانراوە ناسنامەی كەسی یەکەمی کردەوەكە لە ١ی تشرینی یەکەم دیاریبکرێت ئەو كەسەش ناوی حەسەن ئۆغوز بووە، هەروەها لە ئەنجامی پشکنینەکاندا توانراوە ناسنامەی کەسی دووهەمیش ئەمڕۆ ئاشکرا بکرێت و ئەویش ئۆزکان شاهین بووە.

رۆژی كردەوە خۆكوژییەكە، ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكردەوە، پارتی كرێكاران ئەو هێرشەی ئەنجامداوە، كە ئەمە تووڕەیی زۆری بەرپرسانی ئەو وڵاتەی بەدواوە هات.

لەدوای لێكۆڵینەوەكانیش، وەك بەرپرسانی توركیا دەڵێن: بۆیان دەركەوتووە، ئەو دوو كەسە لەناوچەكانی رۆژئاوای كوردستانەوە هاتوونەتە توركیا و كردەوەكەیان ئەنجامداوە، تووڕەیی بەرپرسانی ئەنقەرەی زیاتر بوو، بۆیە هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی “فراوان” دەكەن.

لەو بارەوە هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەمڕۆ چوار شەممە رایگەیاند، هەردوو ئەنجامدەری پەلامارەكەی ئەنقەرە لە سووریاوە هاتوون.

فیدان دوای ئەو قسانەی راستەوخۆ هەڕەشەی كردو راشیگەیاند، لەمەودوا گشت دامەزراوەکانی ژێرخان و سەرخان و دامەزراوەکانی وزەی سەر گەریلاكانی قەندیل و شەرڤانانی رۆژئاوای كوردستان لە عێراق و سووریا ئامانجی شەرعی هێزە ئەمنییەکانمان، سوپا و ئەندامانی دەزگای هەواڵگرییمان دەبێت.

وەزیری دەرەوەی تورکیا، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، وەڵامی سوپای وڵاتەکەی بۆ کردەکەی ئەنقەرە ”زۆر ڕوون و ئاشکرا دەبێت” و ئەوەشی راگەیاند، لە ئێستاوە ئەمە دەڵێم ئەوان جارێکی دیکە پەشیمان دەبنەوە لە ئەنجامدانی کردەیەکی لەم شێوەیە.

ئەو قسانەی فیدان وایكرد، راستەوخۆ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی هێزەكانی سوریای دیموكرات هەڵوێست رابگەیەنێت و سەرەڕای رەتكردنەوەی قسەكانی وەزیری دەروەی توركیا جەختیكردەوە، ئەنجامدەرانی تەقینەوەكەی ئەنقەرە لەناوچەكانی ئەوانەوە نەچوونەتە توركیا.

مەزڵوم عەبدی راشیگەیاند، تورکیا بە دوای بیانوودا دەگەڕێت بۆ شەرعیەتدان بە هێرشە بەردەوامەکانی بۆ سەر ناوچەکانمان، كە جەختی لەوەش كردەوە بەئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووری و سەرچاوە ئابوورییەکانی ناوچەکە و شوێنی نیشتەجێبوون لە شارەكان “تاوانی جەنگە”.

عەبدی، كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس، ئەو هەڵوێستەی راگەیاند، داواشی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد، كە هەڵوێست بەرانبەر بەرپرسانی توركیاو هەڕەشەكانی بنوێنن.

لێدوانەكەی مەزڵوم عەبدی نەبووە هۆی كپكردنەوەی تووڕەیی بەرپرسانی توركیا، چونكە دوای ئەو لێدوانەش، یاشار گولەر وه‌زیری به‌رگری توركیا هەڕەشەی كردو رایگەیاند، سەرجەم پێگەكانی گەریلا و شەرڤانان لە عێراق و سوریا بە ئامانج دەگرین.

یاشار گوله‌ر ئەمڕۆ چوار شەممە لە گرتەیەكی ڤیدیۆیی دەركەوت و باسی هێرشەكەی ئەنقەرەی كردو ئەوەشی راگەیاند، به‌و ئه‌نجامه‌ گەیشتووین ئەو دوو چه‌كداره‌ی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی به‌رده‌م وه‌زاره‌تی ناوخۆیان له‌ ئه‌نقه‌ره‌ ئه‌نجامدا، له‌ سووریاوه‌ هاتوون.

وەزیری بەرگری توركیا ئەوەشی راگەیاند، سوپای توركیا هه‌ڵوێستی له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی پارتی كرێكاران یه‌كه‌م رۆژ چۆن بووه‌ ئێستاش هه‌روایه، بۆیە سه‌رجه‌م ناوه‌ند و چالاكییه‌كانی گەریلا و شەرڤان له‌ سووریا و عێراق ئامانجان دەبێت، تا ئه‌و كاته‌ی ئەوان لەو جوگرافیایه‌ له‌ناو ده‌چن و ده‌ڕۆن

هەواڵی زیاتر

Back to top button