بەیاننامەكەی وەزارەتی پەروەردە كاردانەوەی لێدەكەوێتەوە

زووم
ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوەو داوای كرد، هەرچی زووترە دەست بە پرۆسەی پەروەردە و فێربوون لەو ناوچانە بکرێتەوە، کە هێشتا خوێندن تێیاندا دەستیپێنەکردووە، ئەمە كاردانەوەی دروست كرد.

ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە، ئەمڕۆ سێ‌ شەممە بەیاننامەكەی بڵاوكردەوەو ئاشكراشیكرد، سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە پەیوەندیدارەکان ئاگاداردەکەینەوە بەزووترین کات دەستبکرێتەوە بە دەوامکردنی ناوەندەکانی خوێندن

ئەنجوومەنەكە راشیگەیاند، ئەنجامەکانی بایکۆت لە ساڵانی رابردوو زیانی هەبووە و هیچ بوارێکمان نییە گۆڕانکاری لە ساڵنامەی خوێندن بکرێت.

ئەو بەیاننامەیە لەكاتێكدایە، لە 13ی ئەیلولی رابردووەوە، دەست بە ساڵی نوێی خوێندن كراوە، بەڵام بەبیانووی پێنەدانی موچەكانیان مامۆستایانی سنوورەكانی سلێمانی و هەڵەبجەو راپەڕین و گەرمیان و كۆیە نەچوونەوە هۆڵەكانی خوێندن و بایكۆتیان كرد.

بەردەوامی ئەو بایكۆتەیە، كە ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزارەت ئەو بەیاننامەیەی بڵاوكردەوە، بەڵام بەیاننامەكەی ئەنجوومەنی وەزارەت كاردانەوەی بەدواوە هات و ئەندامێكی سكرتارییەتی یەكێتی مامۆستایان لقی سلێمانی و ئەنجوومەنی سەرتاسەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لە دژی بوەستنەوە.

ئەنجوومەنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی لەو بارەوە بە بەیاننامەیەك هەڵوێستیان راگەیاندو جەختیانكردەوە، كە بە دابەشکردنی موچەی مانگەکانی 8 و 9 پێکەوە بایکۆت دەشکرێندرێت.

ئەنجوومەنەكە بەشێكی بەیاننامەكەی ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردەی بە هەڕەشە وەرگرتووەو لەو بارەوە رایگەیاندووە، هەڕەشەکانتان ساردمان ناکاتەوە و بەردەوام دەبین لە ناڕەزایەتیەکانمان و تا داواکانمان جێبەجێدەکرێن

ئەنجومەنی #مامۆستایانی ناڕازی داوای لە بەڕێوەبەرە گشتییەکان و بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزاکان و بەڕێوەبەری خوێندنگە و قوتابخانە و باخچەکانیش كردووە، فشار و سزادان بەکارنەهێنن.

لە لایەكی تر بەرهەم مستەفا، ئەندامی سکرتاریەتی یەکێتی مامۆستایان لە گەشتی هەواڵەكانی زووم بەشداری كردو رایگەیاند، ئەوان ناگەڕێینەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن و بایکۆت ناشکێنین.

بەرهەم مستەفا جەختیشیكردەوە، كە تا دوو موچە وەرنەگرین گفتوگۆ لەسەر شکاندنی بایکۆت ناکەین، باسی لەوەش كرد، هیچ فشارێك كاریان لێناكات و بایكۆتی مامۆستایان تا جێبەجێكردنی داواكارییەكانیان بەردەوام دەبێت.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button