ئێران: رێککەوتنە ئەمنییەکە بەتەواوی جێبەجێنەکراوە

 

زووم:
رێککەوتننامەی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران جارێکی دیکە بووەتە باسی گەرمی بەرپرسانی هەردوو وڵات لەکاتێکدا 19ـی ئەیلولی رابردوو دواین وادەبوو بۆ جێبەجێکردنی ناوەڕۆکەکەی، دوو رۆژە شاندێکی باڵای ئەمنی عێراق لە تارانن، تازەترین هەڵوێستی ئێرانیش ئەوەیە بەشێكی رێككەوتنەكە تائێستا جێبەجێنەكراوە و جەخت لە جێبەجێكردنی دەكاتەوە.

ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، بەشێک لە بڕگەکانی رێککەوتنی نێوان تاران و بەغداد هێشتا جێبەجێ نەکراوە و چاوەڕوانی جێبەجێکردنین. ئاشکراشیکرد شاندێکی ئێران سەردانی مەیدانی بۆ هەرێمی کوردستان کردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە.

هاوكات لەگەڵ قسەكانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، دوو رۆژە شاندێكی باڵای ئەمنی عێراق بە سەرۆکایەتی قاسم ئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە تارانن و هەریەکە لە رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێم و هیوا ئەحمەد سەرۆكی دەزگای ئاسایشی هەرێم ئەندامن تێیدا.

شاندەكە لە سەردانەكەیان چەند كۆبوونەوەیەكیان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران كردووە، ئەمڕۆش لەگەڵ عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی ئێران کۆبوونەوە و تاوتوێی دواین پێشهاتەكانی جێبەجێكردنی رێككەوتنی ئەمنی نێوان تاران و بەغدادیان کرد.

قاسم ئەعرەجی پاش کۆبوونەوەکەو وەکو وەڵامێک بۆ قسەکانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، عێراق سوورە لەسەر جێبەجێکردنی تەواوی بڕگەکانی رێککەوتننامە ئەمنییەکەی نێوانیان.

گوتیشی ئەنجامی باش لە پاش واژۆکردنی رێککەوتننەکە بەدەستهاتوون کە لە ساڵی 1991ەوە رووینەداوە.

رێككەوتنی ئەمنی عێراق و ئێران لە مانگی ئازاری رابردوو لە بەغداد واژووكرا، 19ی ئەیلوول دوا وادەبوو بۆ جێبەجێكردنی، كە بەگوێرەی رێككەوتنەكە دەبێت سەرجەم بارەگا سەربازییەكانی حزبەكانی رۆژهەڵات لە خاكی هەرێم چۆڵ بكرێن، كەمپەكانی نیشتەجێبوونیشیان لە سنوورەكانی ئێران لەگەڵ هەرێم دووربخرێتەوە، لەگەڵ چەككردنی سەرجەم هێزەكانی ئەو حیزبانە، ئەمە وێڕای رادەستكردنی چەند سەركردەیەك، كە تاران داوایان دەكات.

ئێستا نزیكەی 15 رۆژ لەو وادەیە تێپەڕیوە، كە لایەنی عێراقی و ئێرانی بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە دایاننابوو، لایەنی عێراقی دەڵێت: رێككەوتنەكە جێبەجێكراوەو بۆ ئەوەش راپۆرتی جێبەجێكردنەكەی خستووەتە بەردەم بەرپرسانی تاران، بەڵام تائێستا ئەنجامەکان بە دڵی تاران نین و داوادەکات هەنگاوی زیاتر بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بنرێت.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button