زووم:
كەمتر لە 48 کاتژمیر ماوە بۆ بەستنی كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی نیشتمانی، بەڵام تا لە وادەی بەستی كۆنگرە نزیك دەبێتەوە، دەنگی ناڕەزایی لەناو ئەو حیزبە زیاتر بەرزدەبێتەوە.
دەنگە ناڕەزاییەكان لە ئاستێکی باڵای حزبەکەدانو رەخنەکانیان روو لە کۆنگرەیە.
ناڕزاییەکان بەشێکیان ئەندامی سەرکردایەتین ، بەڵام رێگەیان پێ‌نادرێت بەشداری کۆنگرە بکەن، بەشەکەی دیکەشیان دەتوانن بچنە کۆنگرەوە بەڵام ئەوان دژی ئەو میکانیزمەن کە کۆنگرەی پێ بەڕێوەدەچێت و پێیان وایە دیموکراتی و دادپەروەریی لە هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرەدا نییە.
تەنها ئەمڕۆ ئەندامێكی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و چەند ئەندامێكی دیکەی سەركردایەتی یەکێتی بەشدارینەكردنی خۆیان لە كۆنگرەی پێنجەمی حزبەکە راگەیاندووەو رەخنەی توندیشیان لە بەستی كۆنگرەكە گرت.
مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی یەكێتی، ئۆباڵی بەشدارینەكردنی خۆی و ئەندامانی تری ئەنجوومەنی باڵای خستە ئەستۆی بەرپرسانی حزبەکەی.
جگە لە مەلا بەختیار هەریەكە لە چەتۆ ساڵح،و فێنك ئەحمەد ئەندامانی سەرکردایەتی حزبەکە رایانگەیاند، بەشداری کۆنگرە ناکەن.
چەتۆ ساڵح، كە ماوەیەكە لە یەكێتی نیگەرانە، لە روونكردنەوەكەیدا نووسیویەتی: بەشداری لە كۆنگرەدا ناكەم چونکە، كۆنگرەیەكی هەڵكڕوزاندن و زاڵبوونی مەرامە ترسناكەكانەو یەكێتی لە هێزی بیروبازوەوە داماڵدراوە بۆ بازووی بێ بیر.
هەروەها فێنك ئەحمەدیش لەروونكردنەوەیەكدا نووسیویەتی: ئامادەنیم بەشداری کونگرەی یەکێتی بکەم، بەتایبەتی ئەگەر کۆنگرە بۆ هەڵوەشاندەنەوەی یەکێتی و لەتکردنی حیزبەکە بێت.
فێنك ئەحمەد پێی وایە کونگرەکە بۆ وێرانکردنی یەکێتییە، بۆیە نابن بە بەشێک لەو بڕیارە.
جگە لەم دوو ئەندامەی سەرکردایەتی ژینۆ محەمەد کە لە کۆنگرەی چواردا وەکو سەرکردایەتی هەڵبژاردرا و دوای رووداوەکانی 8ی تەموز لە سەرکردایەتی دوورخرایەوە رایگەیاند، لە ٨ ی تەمموزەوە نەچووینەتە ژێر باری هیچ هەڕەشەیەک و ئێستاش بەشداری لەو سیاسەتەدا ناکەین کە حزبەکە بەرەو هەڵدێردەبات.
جگە لە کاردانەوەکانی ئەمڕۆ دوو رۆژ لەمەوبەر سەردار هەركی و غازی كەركوكی، ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی دەنگی ناڕەزایی خۆیان دژ بە رێكارەكانی كۆنگرە بەرزكردەوەو رایانگەیاند، بەشداری كۆنگرە ناكەن.
ئەم دەنگە نارازاییانە روویەکی کۆنگرەی یەکێتین، روویەکی دیکەی کۆنگرەش هەیە، ئەوان بەرپرسان و سەرپەرشتیارانی کۆنگرەن کە هیوایان بە کۆنگرە و گۆڕانکاری لە یەکێتی هەیە.
یەکێتی لە رێگەی تەلار لەتیف گوتەبێژی کۆنگرە و سەرکەوت زەکی بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی حزبەکە بەردوام دوایین هەنگاوەکانی کۆنگرە لە رێگەی میدیاکانی یەکێتیەوە بڵاودەکەنەوە.
لەو بارەیەوە سه‌ركه‌وت زه‌كی بە میدیای فەرمی حیزبەكەی راگەیاندووە، لە كۆنگرەی پێنجەم ژماره‌ی ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی بۆ 10 كه‌س كه‌مدەكرێنەوە، هاوکات پێشنیازی دروستكردنی ئەنجومەنێكی تازەش بەناوی “ئه‌نجومه‌نی پشتیوانی” كراوە.
سەرکەوت زەکى دەڵێت، ئەنجومەنە تازەکە راسته‌وخۆ سه‌رۆك خۆی سه‌رپه‌رشتی ده‌كات، كه ڕ‌ه‌نگه 100 ئه‌ندامی هه‌بێت، ئه‌مه‌ش ئه‌نجومه‌نێكه بۆ هێنانه پێشه‌وه‌ی كادری نوێ و گه‌نجان و ژنان، ده‌بێته ناوه‌ندێك بۆ دروستكردنی سه‌ركردایه‌تی له داهاتوودا و ده‌سته‌یه‌كی كارا ده‌بێت و به‌پێی راسپارده‌كانی سه‌رۆك ئه‌ركه‌كانیان جێبه‌جێ ده‌كه‌ن”.
بەرپرسى مه‌كته‌بی رێكخستنی یه‌كێتی بە ئومێدەوە باس لە کۆنگرە دەکات و ئاماژە بەوەدەکات کە رێڕ‌ه‌و و شێوازی كاركردنی ئه‌نجوومه‌نی باڵای سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كان چالاكتر دەبێت، كە ئەندامەكانی له‌لایه‌ن سه‌رۆكه‌وه ده‌ستنیشان ده‌كرێن و رەنگە ناوەكەشی بگۆڕێت بۆ “ئه‌نجوومه‌نی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی یه‌كێتی”.
لەبارەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیش، ئەو بەرپرسەی یەكێتی روونیكردووەتەوە، ئەندامەكانی كەمدەكرێتەوە بۆ 51 كەس کە پێشتر 123 کەسبوون، كە سەرۆكێك و 50 ئەندامی دەبێت.
راشیگەیاند، هه‌ر له‌كۆنگره‌ی پێنجه‌مدا په‌یڕ‌ه‌وی ناوخۆی یه‌كێتی هه‌موار ده‌كرێته‌وه و مه‌ركه‌زییه‌ت له‌ناو حزبه‌كه‌دا ده‌چه‌سپێت.
بڕیارە رۆژی چوارشەممە یەكێتی نیشتمانی کوردستان بە بەشداری 600 كەس كۆنگرەی پێنجەمی خۆی ببەستێت، بەگوتەى بەرپرسانی حیزبەكەش، هەموو ئامادەكارییەكانی بەستنی كۆنگرەكە تەواو بووە.