کە سەرۆکوەزیران بووم لەسەر فەرمانبەرانی هەرێم هەڵوێستم هەبوو

حەیدەر عەبادی: “کاتێک هەرێم لە رووخاندابوو، بێ مەرج مووچەم بۆ ناردن”

حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانی نەسر و سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی لەگەڵ کەناڵی سۆمەریە رایگەیاند، دەبێت مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێم دەبێت بەپێی بەرژەوەندی عێراق بێت

عەبادی لە سەرەتای قسەکانیدا باسی لە مامەڵەکردن کرد لەگەڵ هەرێم و رایگەیاند، دەبێت مامەڵە لەگەڵ هەرێمدا لە چوارچێوەی عێراقدا بکرێت و لەبەرژەوەندی عێراقدا بێت، نابێت دەستکەوتێکیان بدرێتێ کە مافی خەڵکی عێراقە، لە پێناو ئەوەی پشتگیری حکومەت بکەن، هەروەها ناشبێ بێبەشیان بکەیت لە ماف و دەستکەوتەکانی خۆیان لە پێناو پروپاگەندەی هەڵبژاردن.

عەبادی ئاماژەی بەوەدا ئەو کاتەی سەرۆکوەزیران بووە هەموو کات لەسەر مافی هاوڵاتیانی هەرێم هەڵوێستی هەبووە و دەڵێت، ساڵی 2018 دوای وەرگرتنەوەی کەرکوک و کێڵگە نەوتیەکان، هەرێم گەیشتبووە حاڵەتی رووخان، مووچەی دوو مانگم بێ هیچ مەرج و رێککەوتنێک نارد بەڵام بە جۆرێک کە وردبینی کرا و پارەی راستەقینەی فەرمانبەران درا نەک زیادە.

عەبادی دەڵێت پێدانی پشکی زیاتر بە هەرێم لە پێناو بەرژەوەندی سیاسی پەیرەوکردنی خیانەتە

عەبادی دەلێت دەبێت ئێستاش وردبینی بەسەرجەم لیست و ژمارەکاندا بکرێتەوە و مافی خۆیان بدرێتێ نەک زیاد لە پشكی خۆیان لە پێناو بەرژەوەندی سیاسی و حیزبی و بۆ پشتگیری سیاسی.
عەبادی ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر فەرمانبەرانی هەرێم فەرمانبەری هەموو عێراقن ئەوا دەبێت حکومەتی ناوەند مووچەیان بدات وەک هەموو شارەکانی دیکە بێ جیاوازی و ئەرکە لەسەری بەڵام بە دادپەروەرانە، بەڵام هەرێم دەڵێت پشكم دەوێت لە بودجە و من بەرپرسم لە مووچەخۆران.

عەبادی دەڵێت، ناتوانیت لە یەک کاتدا هەم بڵێیت بەرپرسم لە مووچەخۆران و هەم دواتر ناوەند تۆمەتبار بکەیت بەوەی مووچەی مووچەخۆران نادات.

حەیدەر عەبادی دەڵێت، پێم وایە ئێستا لێکتێگەیشتنێک دروستبووبێت کە هەرێم رازی بووبێت بەوەی بەغداد بەرپرس بێت لە مووچەی مووچەخۆران و بەغداد دابەشی بکات، بەڵام ئەمە کاری دەوێت و دەبێت دوور بێت لە کایەی سیاسی.

هەواڵی زیاتر

Back to top button