گەرێکی دیکەی ناکۆکییەکانی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی

زووم:

ئەوەی ئەمڕۆ لە هەولێرەوە بڵاوکرایەوە ئاماژەن بە گەڕێکی دیکەی ململانێکانی نێوان پارتی و یەکێتی، بەڵام ئەمجارەیان لە وەزارەتی پێشمەرگەوە دەستپێدەکات و لەسەر پۆستێکی بەوەکالەتە.

بەگوێرەی لێدوانی فەرمی هەریەکە لە سەرۆکوەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران بێت، هەردوولا ناکۆکن لەسەر دانانی کەسێک بۆ وەزارەتی پێشمەرگە.

هاوشێوەی ململانێکەی چەند مانگی رابردوو، رەنگە ئەمجارەش مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی خۆیان هەڕەمی سەرەوەی ململانێکەبن.

ئەوەی هەفتەی رابردوو وەکو زانیاری بڵاودەکراتەوە، ئێستا بە فەرمی هەردوولا باسی دەکەن.

مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی نیگەرانییەکانی خۆیان گەیاندووەتە هاوپەیمانان و قوباد تاڵەبانی دوورۆژە لەسەر یەک شاندی بیانی دەبینێت و ئەو پەیامە بڵاودەکاتەوە کە یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و چاکسازییەکانی وەزارەت سستن و بەڕێوەناچن، قوباد تاڵەبانی پێی وایە هۆکارەکەی نەبوونی وەزیری پێشمەرگەیە.

پۆستی وەزیری پێشمەرگە لە کابینەی نۆدا وەکو پشکی یەكێتی دیاریکرا، بەڵام لەسەر داوای حزبەکەی نزیکەی 10 مانگە شۆڕش ئیسماعیل مۆمارەسەی دەسەڵاتەکانی ناکات و دەوام ناکات، یەکێتی ویستی لەبری شۆڕش ئیسماعیل رێباز بێرکۆتی وەکو وەزیری پێشمەرگە دیاری بکات.

ئەم هەنگاوەی یەکێتی لەبەر دوو هۆکار شکستی هێنا، یەکەم بەهۆی ململانێی نێوان پارتی و یەکێتیەوە متمانەدان بە وەزیری پێشمەرگە لە پەرلەمان ئەنجامنەدرا.

هۆکاری دووەمیش نەبوونی پەرلەمانە، دوای درێژکردنی تەمەنی پەرلەمان بۆ ماوەی ساڵێک دادگای فیدڕاڵی لەسەر سکاڵای نەوەی نوێ و یوسف محمەمەد ماوە درێژکراوەکەی پەرلەمانی بەنادەستوری ناساند، دوای ئەم بڕیارەش پەرلەمانی کوردستان لە مانگی تەموزدا کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.

نەبوونی پەرلەمان کۆتایی بە دانانی وەزیر هێنا، تەنها کارتی دەست یەكێتی پڕکردنەوەی پۆستەکەیە بەوەکالە، ئێستا یەكێتی ئەم کارتەشی راکێشاوە و  نزیکەی 10 رۆژە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم دارا رەشید  وەزیری پلاندانانی وەکو وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت دیاریکردووە، بەڵام هێشتا دەستبەکارنەبووە.

هۆکاری جێبەجێنەکردنی بڕیارەکە ئەمڕۆ بەتەواوی ئاشکرابوو، مەسرور بارزانی رایگەیاند، نابێت رێگری بۆ سەرۆکوەزیران دروستبكرێت لە دانانی وەزیری پێشمەرگەدا، لێرە مەسرور بارزانی مەبەستی دەسەڵاتەکانی خۆیەتی و دەیەوێت خۆی کەسێک بۆ پۆستەکە دیاری بکات.

یەکێتی و پارتی ململانێکانیان بردوەتە دەرەوەی کۆبوونەوەکانی حکومەت و ئەمڕۆ شاندێكی باڵای هاوپەیمانان بەجیا لەگەڵ مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی کۆبووەوە، هەردوولا باسیان لە پۆستی وەزیری پێشمەرگە کردووە.

بەگوێرەی راگەیەندراوی هەردوولایان بێت،  قوباد تاڵەبانی گوتویەتی پێویستە رێکاری ئیداری و یاسایی بۆ کاندیدکەی یەکێتی دەربچێت و وەکو وەزیری پێشمەرگە بە وەکالەت دەستبەکاربێت.

دواتر مەسرور بارزانی لە راگەیەندراوێکدا بە ناراستەوخۆ وەڵامی قوباد تاڵەبانی داوەتەوە و دەڵێت، ئەو کەسەی دادەنرێت پێویستە بتوانێت کارەکانی وەزارەت بەباشی بەڕێوەببات و ناشبێت رێگری بۆ دانانی کەسێک بۆ ئەو پۆستە دروستبکرێت.

ئەم وەڵامەی مەسرور بارزانی ناڕازیی بوونی دەردەخات لەو بڕیارەی قوباد تاڵەبانی و دەستنیشانکردنی دارا رەشید وەکو وەزیری پێشمەرگە بەوەکالەت.

ئەم وەڵامدانەوەی سەرۆکوەزیران و نیگەرانییەکانی جێگری سەرۆکوەزیران، رەنگە سەرەتا گەڕێکی نوێی ململانێی هەردووکیان بێت، بەڵام ئەمە لە کاتێکدایە کە هەردوولا زۆر نییە کە پەیوەندییەکانیان ئاسایی کردوەتەوە.

قوباد تاڵەبانی و تیمی وزاری یەکێتی دوای حەوت مانگ لە بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم،  مانگی ئایاری ئەمساڵ مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی کۆبوونەوەیەکی دوو قۆڵیان ئەنجامداو دواتر تیمی وزاری پارتی و یەكێتی رایانگەیاند، لەسەر چارەسەرکردنی كێشەکان رێککەوتوون.

بەگوێرەی دواین لێدوانی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی بێت رەنگە ئەم رێککەوتنەی نێوانیان لە پێنج مانگ زیاتر تێنەپەڕێت و گەڕێکی دیکەی ململانێکانیان لە وەزارەتی پێشمەرگەوە سەردەربێنێت.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button