
زووم:
ژینا ئەمینی، كچە كوردی كۆچكردووی رۆژهەڵاتی كوردستان، لەلایەن پەرلەمانی یەکێتی ئەوروپاوە كاندید كراوە بۆ بردنەوەی خەڵاتی ساخارۆڤ بۆ ئازادی بیرکردنەوە.
ژینا ئەمینی لەلایەن سێ گروپی پەرلەمانی ئەوروپاوە كاندیدكراوە بۆ ئەوەی خەڵاتەكەی پێبدرێت، ئەگەر خەڵاتەكەش بەرێتەوە، دەبێتە سێیەمین کچی کورد لە دوای نادیە موراد و لەمیا بەشار خەڵاتەکە بباتەوە.
نادییە موراد و لەمیا بەشار، وەك دوو كچە كوردی ئێزدی رزگاربووی دەستی داعش، لە ساڵی 2016 خەڵاتەکەیان بردەوە.
بەربژێرەکان لەلایەن گرووپە سیاسییەکانی نێو پەرلەمان، یان لانیکەم پشتگیری ٤٠ ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا كاندید دەكرێن.
خەڵاتی ساخارۆڤ بۆ ئازادی بیرکردنەوە، خەڵاتێکی ساڵانەیە و لە ساڵی 1988ـەوە بە داکۆکیکارانی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ دەدرێت.
خەڵاتەکە بە ناوی ئەندرێی ساخارۆڤ، فیزیاناس و پەنابەری سیاسی سۆڤیەتییەوە پێشنیازكراوەو 50 هەزار یۆرۆ بە براوەکانی خەڵاتەكە دەدرێت.