لە ماوەی یەک کاتژمێردا لە ئەستەنبوڵ 130 ملم باران باری

زووم:

چەخماخەی توڕەی هەورەکان زوو زوو ئاسمانی رووناک دەکردەوە، کۆڵانەکان پڕبوون لە ئاو و ئۆتۆمبێلەکانیش سەریان خستووەتە ژێر ئاوەکەوە، ئاو بووە میوانێکی رەزاگرانی ئەو ماڵانەی کە لە قاتی یەکەمی باڵەخانەکاندا بوون، ئەمە حاڵی شەوی رابردووی دانیشتوانی بەشێک لە ناوچەکانی ئەستەنبوڵ بوو کە بارانێکی بەخوڕی بێوێنەوە گرتبوویەوە.

بارانەکە ئەوەندە بەخوڕ و پەلە بووە، لە ماوەی یەک کاتژمێردا، 130 ملم باریوە و لافاوێکی زۆری دروستکردووە. ئاو رۆشتە زۆرێک لە ماڵەکانی چەند ناوچەیەکی بەری ئەوروپی ئەستەنبوڵ و خەڵکی ناچار بوون بە هەرەوەرزی و بە کەلوپەلی سەرەتای ئاوەکە دەربکەن.

قادرمەی بەشێکی زۆر لە میترۆکان، لەجیاتی خەڵکی پیادە، بووبووە رێڕەوی ئاوی بەخوار، گرتەیەکی ڤیدیۆیی نقومبوونی وێستگەی میترۆی باشاکی بەناوبانگی لە ئەستەنبوڵ دەردەخات، هێزەکانی فریاکەوتن زۆر هەوڵیاندا تاوەکو ئەوانە ئازادبکەن کە گیریان خواردبوو.

بەپێی دواین ئامار کە وەزارەتی ناوخۆی تورکیا بڵاویکردەوە، تاوەکو ئێستا دوو کەس گیانیان لەدەستداوە، چوار کەسی دیکە بێسەروشوێنن و پێنج کەسیش برینداربوون.
بارانەکە ئەوەندە زۆر بوو، بەشێکی زۆر لە رێگا سەرەکییەکانی ئەستەنبوڵ داخران، هاتوچۆی هاوڵاتیانی تا رادەیەک ئیفلیج کردبوو.

هەرچەندە بارانەکە بێوێنە بوو، بەڵام پێشتر بەرپرسانی کەشناسی هۆشدارییان دابوو لە کۆبوونەوە تۆپەڵە هەوری چڕی پڕ لە باران بەسەر ئاسمانی ناوچەکە و باراینی بڕێکی زۆر باران و دروستبوونی لافاو.

شەپۆلەکە درێژکراوەی ئەو بارستە هەوایەکی نزمە بوو کە پێشتر لە روسیا و بولگاریای دا، دوێنێ سێشەممەش ناوچەکانی رۆژئاوا و ناوەڕاستی یۆنانی گرتووەتەوە و لە ماوەی 10 کاتژمێردا و تەنها لە ناوچەی زاگۆرا، 600 ملم باران باری، شەپۆلەکە لەدوای تورکیاش، بەرەو لیبیا و باشوری ئیتاڵیا بەڕێدەکەوێت.
باران و لافاوەکە لەکاتێکدایە ئەستەنبوڵ روبەڕوی یەکێک لە گەرمترین هاوینەکان بوویەوە و ئاستی ئاوی بەنداوەکانیشی بۆ نزمترین ئاست لە نۆ ساڵی رابردوودا دابەزیوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button