لە وڵاتى گابۆنى ئەفریقاى ناوەڕاست هەوڵى کودەتا لە ئارادایە

زووم، ئاژانسەکان

کۆمەڵێک ئەفسەری باڵای سەربازی وڵاتەکە لە تەلەڤیزیۆن دەرکەوتن و بانگەشەی گرتنەدەستى دەسەڵات دەکەن، ئەفسەرەکان رایانگەیاند، ئەو هەڵبژاردنانەی رۆژى شەممە بەڕێوەچوو، جێی متمانە نییە.

بەگوێرەى ئەنجامى هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتى، کە کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکان ئەمڕۆ رایگەیاند، عەلی بۆنگۆ، بە بەدەستهێنانى 64,27%ـى دەنگەکان بۆ خولى سێیەم بە سەرۆکى وڵاتەکە هەڵبژێردرایەوە. عەلی بۆنگۆ، ماوەی 14 ساڵە سەرۆکى گابۆنە.

ئەفسەرەکان لە پەیامێکدا گوتیان، “ئەنجامى هەڵبژاردنەکانمان هەڵوەشاندووەتەوە و دامەزراوەکانی دەوڵەتمان گرتووەتەدەست و سنورەکانی گابۆنمان داخستووە”.

گابۆن ژمارەى دانیشتوانەکەى نزیکەى دوو ملیۆن و 300 هەزار کەسدایە. وڵاتێکى تاڕادەیەک دەوڵەمەندە، ئابورییەکەى پشت بە هەناردەى نەوت، گاز، سامانە سروشتییەکانى دیکە و بەرهەمى کشتوکاڵى دەبەستێت.

گابۆن ئاستێکى بەرزى ژیانى هەیە بەراورد بە وڵاتانى دیکەى ئەفریقا، ژێرخانى گەشەسەندووە؛ رێگاوبانى باش، هێڵى ئاسن، فڕۆکەخانە و ئامرازەکانى پەیوەندى هەیە، رێژەى نەخوێندەوارى تێیدا نزمە.

بەڵام گابۆن روبەڕوى هەندێک ئاڵنگارى بووەتەوە، حکومەت بە گەندەڵى لە چەندین بواردا تۆمەتبارکراوە، بەتایبەتى لە پێدانى گرێبەستەکانى حکومەت و بەڕێوەبردنى سامانى گشتى. نایەکسانى بەدیدەکرێت، 10%ـى دانیشتوانى وڵاتەکە 40%ـى سامانى وڵاتەکەیان بەدەستەوەیە.

سەرەڕای ئەمانە گابۆن، بە وڵاتێکى سەقامگیر و ئاوەدان دادەنرێت، ئەندامى نەتەوەیەکگرتووەکان، یەکێتى ئەفریقا و ئۆپێکە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button