بڵێسەى ئاگرەکەى کەنەدا لە فراوانبووندایە و جوڵە بە سوپا دەکرێت

بڵێسەى ئاگرى دارستانەکانى کەندا روو لە زیادبوونە، تیمەکانى بەرگرى شارستانى شەکەتکردووە. ئاگرەکە پارێزگای بریتش کۆڵۆمبیای رۆژئاوای کەنەدای گرتووەتەوە.

جەستن ترۆدۆ، سەرۆکوەزیرانی کەنەدا بڕیاریدا سوپا بجوڵێنێت بۆ ئەوەی یارمەتی تیمەکان بدەن لە رزگارکردنی ئەو خەڵکەی کە مەترسی لەسەر ژیانیان دروستبووە.

بەهۆی بەهێزی ئاگرەکەوە زیاتر لە 35 هەزار هاوڵاتی لەو پارێزگایە هۆشدارییان پێدراوە کە بەپەلە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن. ئەمەش لەکاتێکدایە کە دۆخی نائاسایی لەو پارێزگاییە راگەیەندراوە و جگە لە کاری پێویست، هاتوچۆ قەدەغەکراوە، ئەمەش هەنگاوێکە بۆ ئاسانکردنی هاتوچۆی تیمەکان و ئەو کەسانەی کە ئەو ناوچەیە جێدەهێڵن.

داواشکراوە ئەوکەسانەی کە درۆنیان هەیە دیمەنەکان تۆمار بکەن بۆئەوەی ئاگاداری دۆخی تیمەکانی بەرگرى شارستانى بن.

بەهۆی دوکەڵی ئاگرەکانی بریتش کۆڵۆمبیاوە ئاستی کوالیتی هەوا لە ناوچەکە بەتەوای تێکچووە بەشێوەیەک، کە نەک بە ناتەندروست، بەڵکو بە زۆر مەترسیدار دادەنرێت. هەوای باش و تەندروست بۆ مرۆڤ بۆ هەر مەتر سێجایەک پێویستە لە نێوان 0 بۆ 50 گەردیلەی پیسی زیاتری تێدا نەبێت. بەڵام بۆ تەندروستی مرۆڤ، لە 151 بۆ 200 بە مەترسیدار دادەنرێت. بەڵام بەهۆی ئاگرەکانی کەنەداوە ژمارەی ئەو گەردیلانە لەناو هەندێک شاری ئەو پارێزگایەدا بۆ سەروی 420 گەردیلە بەرزبۆتەوە کە دوو هێندەی ئاستی مەترسیدار زیاتر.

جاسۆن برۆلەند بەرپرسی ئاگرکوژاندنەوەی رۆژئاوای شاری کێلۆونا، رایگەیاند کە ماوەی چەند رۆژێکە هاوشێوەی داستانەکان لەگەڵ ئاگرەکاندا دەجەنگن و لەرێگەی فرۆکەوە ئاو دەپرژێننە سەر مەشخەڵی ئاگرەکان کە مەترسیان لەسەر شارێکی 150 هەزار کەسی دروستکردووە.

لە تویتێکدا جەستن ترۆدۆی سەرۆکوەزیرانی کەنەدا رایگەیاند، حکومەتی فیدراڵی لەرێگەی سوپای کەنەداوە و لەسەر داواکاریی حکومەتی خۆجێیی بریتش کۆڵۆمبیا، پشتیوانی دەگەیەنێتە ئەو ناوچەیە بۆ ئەوەی هاوکاریی خەڵکی بکەن لە چۆڵکردنی ناوچەکە.

ئاگری دارستانەکان لە کەنەدا روداوی نامۆ نین بەو وڵاتە، بەڵام بەهۆی رەشەبا و زریانەوە ئاگرەکەی ئەم وەرزە بە بەهێزترین ئاگری ئەمساڵ دادەنرێت. بەهۆی ئاگرەکانی ئەم چەند رۆژەوە، چەندین باڵەخانە، وەک ئەوەی لە گرتەی ڤیدیۆیی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاند دەرەکەوێت، دەسوتێن، بەڵام تا ئێستا هیچ ئامارێکی فەرمیی لەلایەن حکومەتەوە لەبارەی زیانەکانەوە نەزانراوە.

تا ئێستا روبەری 140 هەزار کیلۆمەتر چوارگۆشە بەهۆی ئاگرەکانەوە سوتاوە، ئەمەش یەکسانە بە روبەڕی هەموو ویلایەتی نیویۆرکی ئەمریکا. ئاگرەکە بووەتە هۆی دروستبوونی دوکەڵێکی زۆر لە رۆژهەڵاتی ئەمریکا و بەرپرسانی وڵاتەکەش پێشبینی دەکەن ئاگرەکان تا وەرزی پایز بەردەوامبن بەهۆی ئەوەی دۆخێکی هاوشێوەی وشکەساڵی باڵی بەسەر وڵاتەکەدا کێشاوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button