
هەرچەندە چەند لایەنێکی عێراقی و ئەمریکی بوونی جموجوڵی سەربازیی ئەمریکی لە ناوخۆی عێراق رەتدەکەنەوە، بەڵام بڵاوبوونەوەی بەرچاوی وێنە و ڤیدیۆی کاروانە سەربازییەکانی ئەمریکا لە شارە جیاوازەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان شاردنەوەی ئەستەم کردووە، چەند ئاماژەیەکیش هەن کە گروپە چەکدارییە شیعییەکان “ئاگاداری ئۆپراسیۆنێکن بەڵام داوایان لێکراوە خۆیان بەدوور بگرن،” ئەوەش بەپێی راپۆرتێکی رۆژنامەی شەرقئەوسەت.
یەحیا رەسول، گوتەبێژی فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا گوتی، “جموجوڵی سەربازیی ئەمریکی لە عێراق بوونی نییە تەنها لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نەبێت.”
هاوکات بەرپرسێکی حکومیی عێراقی بە شەرقئەوسەتی گوتووە، “ئەو جموجوڵانە پەیوەندییان بە سنورەکانی دەرەوەی عێراق هەیە و بەشێک لە وێنە و گرتە ڤیدیۆییەکانی کاروانە سەربازییەکانی ئەمریکا یان کۆنن یاخود لەناو عێراق نین.”
بەڵام سەرباری ئەوە، سێ کەسایەتی عێراقی کە یەکێکیان فەرماندەی یەکێک لە گروپە چەکدارییە شیعەکانە بە رۆژنامەی شەرقئەوسەتی گوتووە، “ئەمریکییەکان هێزەکانیان کۆدەکەنەوە بۆ ئامادەکاری بۆ کردەیەکی سەربازی بەڵام لە ناوخۆی عێراقدا نابێت.”
هەر بەپێی ئەو سێ کەسە، واشنتن پلانی “پاککردنەوەی ناوچە سنورییەکانی نێوان عێراق و سوریای هەیە و چەند هێرشێک دژی گروپە چەکدارییە بیانییەکان ئەنجام دەدات کە هاوپەیمانی ئێرانن.”
فەرماندەی یەکێک لە گروپە چەکدارییە شیعییەکان گوتیشی، “گروپە چەکدارییەکان پێیان وایە ئامانجی ستراتیژی کردە سەربازییەکە گۆڕینی ڕێساکانی بەرکەوتنە لەگەڵ ڕووسەکان لە سوریا”.
گوتیشی، “ئەوە ئێستا لە بەردەستە تەنها گومانە بە پشتبەستن بە زانیارییەکی کەم، ئەمریکییەکان زانیاریی لەسەر کردەکەیان بۆ بەغداد باس ناکەن.”
بەپێی گوتەی ئەو سێ کەسە، “ئەمریکییەکان هەوڵ دەدەن رێگای کۆمەک و هاوکاری ئێران بۆ سوریا و لوبنان لە عێراقەوە ببڕن، ئەوە هەموو ئەوەیە کە دەیزانین.”
وەعد قدو، ئەندامی لیژنەی ئاسایشی و بەرگریی لە پەرلەمانی عێراق بە رۆژناکەی گوتووە، “سوپای ئەمریکا دوای 15 رۆژی دیکە بە درێژایی سنوریی عێراق و سوریا جێگیردەبێت.”
رۆژی 7ی ئەم مانگە، سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق و شاندێکی سەربازی سەردانی واشنتنی کرد و لەگەڵ لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا و بەرپرسانی سەربازی کۆبوونەوە.
وەعد قدو دەڵێت، سەردانی وەزیری بەرگریی عێراق بۆ ئەمریکا پەیوەندی بەو پرسەوە هەیە.
گروپە چەکدارییەکان بێدەنگن!
پێچەوانەی پێشتر، گروپە چەکدارییە عێراقییەکانی نزیک لە ئێران هیچ هەڵوێستێکیان دژی جموجوڵەکان نییە و پابەندن بە ئاگربەستەکەیان لەگەڵ ئەمریکا، چەند سەرچاوەیەک بە رۆژنامەکەی گوتووە کە “هەموو لایەنەکان رێنماییان بۆ هاتووە کە دان بە خۆیاندا بگرن و خۆیان نەخەنە ناو شەڕێکەوە کە مانای نییە.”
هاوکات سەرکردەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان بە رۆژنامەکەی گوتووە، “سەرکردەکانی لایەنە چەکدارییەکان بەمدواییە گفتوگۆی جموجوڵەکانی ئەمریکایان کردووە و هەروەها گەنگەشەی پەیامەکەی ئێرانیشیان کردووە کە ناوەڕۆکەکەی ئەوەیە ئەمریکییەکان هەرچییەک دەکەن، جێگەی نیگەرانی نییە.”
بە قسەی ئەو سەرکردەیە، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدرانی ئێران سێ رۆژە لە عێراقە، بەڵام سەردانەکەی زیاتر ئاینییە، هەرچەندە چەند سەرچاوەیەک باس لەوە دەکەن کە بەشداری چەند کۆبوونەوەیەکی کردووە لەبارەى جموجوڵی سەربازیی ئەمریکییەکان.
هاوکات جەنەڕاڵی ئەمریکی ماسیۆ ماکفارلین، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی ئیرادەی سروشتی لە هێزی هاوپەیمانان لە ڤیدیۆ کۆڵێکدا لەگەڵ رۆژنامەنوسان گوت، “ئەمریکا پلانی هیچ کردەیەکی سەربازی لە عێراق نییە، بەڵام ئامادەی وەڵامدانەوەی هەر هەڕەشەیەکە.”
مەشقەکانی ڕۆژهەڵاتی حەلەب
لە سوریا، سەرچاوەکانی ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایانگەیاندووە، گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێران خولێکی سەربازییان لە بنکە سەربازییەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب لە نزیک ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لەوبەری رووباری فوراتەوە کردووەتەوە.
ڕوانگەکە دەشڵێت، مەشقەکان دوو ڕۆژ لەمەوبەر بە سەرپەرشتی سوپای پاسدارانی ئێران و گروپی چەکداری فاتمیونی ئەفغانی دەستیپێکردووە بە بەکارهێنانی چەکی سووک و مامناوەند و ئەو کەسانەی لەوێ دەردەچن دەنێردرێن بۆ ناوچەکانی دەیرزوور لە ڕۆژئاوای فورات وەک ئامادەکارییەک بۆ هەر ئەگەرێکی پێکدادان لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەوێ.
روانگەکە باسی لەوەشکردووە کە گروپە چەکدارییەکانی ئێران بەردەوامن لە ناونوسکردنی سورییەکان لەڕێگەی قۆستنەوەی دۆخی خراپی ئابوریی ئەو ناوچانە.
ئەگەری پێکدادان لە دەیرزوور
لە چەند رۆژی رابردوودا، لە دێرەزۆر، گروپە چەکدارییەکانی ئێران و حزبوڵای لوبنان فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان نارد بەرەو ئاسمانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و بەپێی روانگەی سوری، ئەو گروپانە دەیانەوێت بوونی خۆیان لە رۆژئاوای رووباری فورات زیاتر بکەن وەک ئامادەکارییەک بۆ هەر رووبەروبوونەوەیەک لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
سێشەممەی رابردووش، روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرایکرد کە سوپای پاسداران و حزبوڵا موشەکی زەوی بە ئاسمانی کە بە شان هەڵدەگیرێت بەسەر بنکەکاندا لە رۆخی رووباری فورات لە نزیک بنکەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دەیرزور دابەشکردووە.
سەرچاوەکان ئەوەشیان ئاشکراکردووە کە ژمارەی ئەو موشەکهاوێژانە 120 دانە و راهێنەرەکانی حزبوڵا مەشق بە چەکدارەکان دەکەن لەسەر بەکارهێنانیان.