وەزارەتی بەرگری بەریتانیا: گروپی ڤاگنەر بەرەو بچوکبوونەوە دەچێت

وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا رایگەیاند، گروپی ڤاگنەر بەرەو بچوکبوونەوە و خۆرێکخستنەوە دەچێت، چونکە لە قەیرانى داراییدایە و دەیەوێت خەرجیی موچەی سەربازەکانی کەم بکاتەوە.

لەدوای هەوڵى یاخیبوونى گروپە، لە حوزەیرانی ئەمساڵدا، روسیا کاری لەسەر دژایەتیکردنی بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی یەڤگێنی پریکۆژینی سەرۆکی گروپەکە کردووە. بەگوێرەی دەزگای هەواڵگریی بەریتانیا، ئاماژەیەکى راستەقینە هەیە روسیا چیتر پاڵپشتی دارایی گروپەکە نەکات.

وەزارەتى بەرگرى بەریتانیا دەڵێت، ئەگەر روسیا چیتر موچەی سەربازانی ڤاگنەر دابین نەکات، ئەوا بەرپرسانی بێلاڕوس دەبن بە سەرچاوەی متمانەپێکراوی موچەی ئەو سەربازانە. ئەمەش لەکاتێکدایە کە سەرچاوەی داهاتی بێلاڕوس خۆی سنوردارە و دابینکردنی پارە بۆ هێزێکی گەورەى ڤاگنەر دەبێت بارگرانییەکی قورس بۆسەر ئەو وڵاتە.

گروپی ڤاگنەر لەلایەن میدیاکانی رۆژئاوا بە گروپی بەکرێگیراوی روسیا ناودەبرێت و بەوە تۆمەتبار دەکرێت، بەشدارێکی کارایە لەو داگیرکارییانەی روسیا لە وڵاتی ئۆکراین ئەنجامی دەدات.

دەگوترێک گروپەکە لەو کەسە تاوانبارانە پێکدێت، کە لەزیندانەکانی روسیاوە ئازادکراون بۆ ئەوەی ببن بە سەرباز و لەبەرامبەردا موچە لە روسیا وەردەگرن.

یاڤگێنی پریکۆژین چەندینجار گلەیی و ناڕەزایەتی لەبەرامبەر بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی روسیا دەربڕیوە بەهۆی ئەوەی چەکی پێوسیت بۆ گروپەکە دابین ناکەن کە ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر سەرباز لە شەڕەکاندا بکوژرێن.

ناڕەزایەتییەکانی پریکۆژین گەیشتە ئاستێک کە بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی روسیا بە لاواز ناو بباتا و پێێی وابوو کە شایەنی ئەو پۆستانە نین. هەربۆیە لە مانگی حوزەیراندا رایگەیاند لە بەرەکانی جەنگ لە ئۆکراین دەکشێتەوە و بەرەو مۆسکۆ دەڕوات بۆ ئەوەی دەسەڵات بگرێتە دەست.

بەڵام تەنها دوای دوو رۆژ لە یاخیبوونەکەی، پریکۆژین بەهۆی رێککەوتنێکی نێوان روسیا و بێلاڕوس ئاوارەی بێلاڕوس بوو و لەبەرامبەر ئەوەشدا روسیا سەربازانی گروپەکەی سەرپشک کرد لەوەی دەبن بە سەربازی روسیا، لەگەڵ پریکۆژین دەچن بۆ بێلاڕوس یان دەچنەوە نێو خێزانەکانیان.

لە ئێستادا بەشێک لە سەربازانی گروپەکە لە بێلاڕوسن و دەگوترێت لەسەر سنوری پۆڵەندا مەشق و راهێنان بە هێزەکانی بێلاروس دەکەن. ئەمەش نیگەرانی پۆڵەندای لێکەوتووەتەوە و بەهۆیەوە دەستی بەجوڵاندنی هێز کردووە بۆ سەر سنورەکانی بێلاڕوس.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button