بەهۆى ئاگرەکەى دورگەى ماویی ئەمریکا 80کەس گیانیان لەدەستداوە

حاکمى یلایەتى هاوایی: 85%ـى ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە

زووم، ئاژانسەکان

ژمارەى ئەوانەى بەهۆى ئاگرەکەوتنەوەکەى شارۆچکەى لاهاینا، لە ویلایەتى هاوایی ئەمریکا گیانیان لەدەستداوە، گەیشتە 80 کەس، مەترسی بەرزبوونەوەشى هەیە.

سێشەممەى رابردوو، 8ـى ئاب بڵێسەى ئاگرەکە لە داراستانەکانى دەوروبەرى شارۆچکەى لاهاینا بەرزبووەوە. وەک بەرپرسانى ناوچەکە رایانگەیاندووە، وشکەساڵى و گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوا، بەتایبەتى باى بەهێز تەشەنەى بە ئاگرەکە سەندووە و گەیشتووتە نێو شارۆچکەى لاهایهانى دورگەى ماویی.

شارۆچکەکە زۆرترین زیانى بەرکەوتووە، تەندروستى و خزمەتگوزارییە مرۆییەکانى ئەمریکا بارى نائاسایی لە ویلایەتى هاوایی راگەیاند. رۆژى پێنجشەممە جۆش گرین، حاکمى هاوایی داواى لە سەرۆکایەتى ئەمریکا کرد بارى نائاسایی لە ویلایەتەکەیان رابگەیەنێت.

پاش چوار رۆژ لە ئاگرەکە بەرپرسانى لاهاینان رێگە بە دانیشتوانى شارۆچکەکە دەکەن بگەڕێنەوە ماڵەکانیان بۆ هەڵسەنگاندنى زیانەکانیان، هەرچەندە جۆش گرین دەڵێت، “پێشتر وێرانبوونى لەوشێوەیان لە ژیانیاندا نەبینویوە”.

ئاگرکەوتنەوەکەى هاوایی بووەتە کوشندەترین کارەساتى سروشتى لە مێژووى ویلایەتەکەدا؛ ساڵى 1960 بەهۆى تسونامی هیلۆ 61 کەس گیانیان لەدەستدا، بەڵام بەهۆى ئاگرەکەوتنەوەکەى لاهاینا، تاوەکو ئێستا 80 کەس گیانیان لەدەستداوە.

لەبارەى بەرزبوونەوەى ژمارەى قوربانیان جۆش گرین گوتى، “بێگومان ژمارەکە زیاد دەکات”. هێشتا تیمەکان پێڕانەگەیشتوون هەموو کونوقوشبنێکى شارۆچکەکە بپشکنن، بەتایبەتى نێو زۆرینەى بینا سوتاوەکان نەپشکنراوە.

حاکمى هاوایی دەڵێت، تیمەکانى بەرگرى شارستانى لە هەوڵى کۆنترۆڵکردنى ئاگرەکەدان، بەڵام تاوەکو ئێستا 85%ـى کۆنترۆڵکراوە.

بەگوێرەى نوسینگەکەى، داواکارى گشتى هاوایی سەرپەرشتى لێکۆڵینەوەیەکى گشتیر دەکات، لەبارەى وەڵامدانەوەى لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئاگرەکە، حاکمى هاویی، پچڕانى کارەبا و تۆڕەکانى پەیوەندی بە کۆسپی بەردەم بەهاناوەچوونى باشترى خەڵکەکە دەزانێت.

لە شارى هۆنۆلولو، پەناگەیەک بۆ ئەو کەسانە کراوەتەوە، کە بەهۆى ئاگرەکەوتنەوەکەوە بێماڵوحاڵ بوون، کە رێکخراوى خاچى سورى نێودەوڵەتى سەرپەرشتى دەکات، تاوەکو ئێستا چوار هەزار و 320 کەس گەیەندراونەتە پەناگەکە.

خاچى سور، رۆژانە سێ ژەم خواردن بۆ خەڵکەکە دابین دەکات، جگە لەوەى ئاسانکارى دەکات بۆ حجزکردنى هۆتێل و گەشتى گەشتى فڕۆکە. نوێنەرانى هێڵى ئاسمانیی و دەسەڵاتدارانى گەشتیاریی لە شوێنەکەدان بۆ ئاسانکاریی زیاتر، وەک سی ئێن ئێنى ئەمریکى باسی کردووە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button