ئاگر شارۆچکەیەکى ئەمریکا دەسوتێنێت

لانیکەم شەش کەس گیانیان لەدەستداوە

زووم، ئاژانسەکان

بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورەوە لە ویلایەتی هاوایی ئەمریکا لە دورگەی گەورەی ویلایەتەکە بەناوی ماوی، شەش کەس گیانیان لەدەستدا و زۆربەی هەرە زۆری شاری لاهاینای سەر دورگەکە وێرانبووە. سەدان خێزانیش ناچار بوون ماڵەکانیان جێبهێڵن.

حاکمی ویلایەتەکە بە کەناڵی سی ئێن ئێن راگەیاند، شارەکە بەتەواوەتی وێران بووە و چیتر شاری لاهاینا بوونی نەماوە. ئاماژەی بەوەشکردووە هۆکاری دروستبوونی ئاگرەکە تاوەکو ئێستا نەزانراوە، بەڵام بەهۆی زریانێکی بەهێزەوە ئاگرەکە تەشەنەی سەندووە و بەخێرایی بڵاوبووەتەوە.

ئاگرەکە لە رۆژی سێشەممەوە کەوتووەتەوە، تاوەکو ئێستا بەردەوامە و حاکمی ویلایەتەکە داوایکردووە سەرۆکایەتی ئەمریکا باری لەناکاو بۆ ئەو ویلایەتە رابگەیەنێت.

شاری لاهاینا شارێکی مێژوویی و گەشتیاریی ویلایەتی هاواییە و لەئێستادا بەهۆی ئاگرەکەوە 271 خانوو و باڵەخانە زیانی بەرکەوتووە. ماڵپەڕی سی ئێن ئێنی ئەمریکی دوو وێنەی مانگی دەستکردی لە پێش و پاش ئاگرەکە بڵاکردووەتەوە، کە ئەو وێرانکارییانە نیشاندەدات، کە بەهۆی ئاگرەکەوە بەسەر شارەکەدا هاتووە.

دوای ئاگرەکە

سەرەڕای ئەوەی شەشە کەس بەهۆی ئاگر و دوکەڵەوە گیانیان لەدەستداوە، نەخۆشخانەکانی ئەو دورگەیە پڕبوون لە بریندارانی سوتاویی و ئەو کەسانەی کە بەهۆی دوکەڵەوە توشی تەنگەنەفەسی بوون.

ویلایەتی هاوای ئەمریکا، جیاواز لە ویلایەتەکانی دیکەی ئەو وڵاتە، زیاتر لە سێ هەزار و 700 کیلۆمەتر لە باشوری رۆژئاوای وڵاتەکەوە دوورە و دەکەوێتە ناوەڕاستی زریای هێمنەوە. ویلایەتەکە لە دەیان دورگەی بچوک و شەش دورگەی سەرەکی پێکدێت.

ئەو شارەی ئاگرەکەی تێدا کەوتووەتەوە شوێنی نیشتەجێبوونی 13 هەزار کەسە. بەهۆی ئاگرەکەوە زیاتر لە دوو هەزار کەس ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی دورگەکەبوون. تیمە فریاگوزارییەکانیش لەئێستادا سەرقاڵی گواستنەوەی چوار هەزار گەشتیاری شارەکەن.

شاری لاهاینا شارێکی مێژووییە و لە تۆماری نیشتیمانی شوێنە مێژوویییەکانی ئەمریکادا دەگەڕێتەوە بۆ 1700 ساڵ پێش ئێستا.

هەواڵی زیاتر

Back to top button