قەرزارەکانی حکومەت دەبن بە دوو بەشەوە

لە سلێمانی دەست بە جێبەجێکردنی رێنماییەکەی وەزارەتی دارایی کراوە، بەشێک لەو هاوڵاتییانەی لە 15 ساڵی رابردوودا سلفەیان لە حکومەت وەرگرتووە بە نیگەرانییەوە سەردانی گەنجینەکان دەکەن بۆ گێڕانەوەی قەرزەکانیان، هاوکات بەشێکی دیکە لە هاوڵاتیە قەرزارەکان لە بەردەم گەنجینەکاندا گربوونەوەو نارەزایەتیان دەربڕی بەرامبەر رێنماییەکەی وەزارەتی دارایی.

بەدەمەوەچوونی هاوڵاتییە قەرزارەکان بۆ رێنماییەکەی وەزارەتی دارایی، پاش ئەوە دێت کە فشاریان خرایە سەر بەوەی ئەگەر بێتوو دەست بە دانەوەی قەرزەکانیان نەکەن، ئەوا مانگانە لەسەدا 20ی موچەی کەفیلەکانیان دەبڕن.

 

ئەو هاوڵاتییانە لە ساڵانی 2008 تاوەکو 2014 سلفەی جۆراوجۆریان لە حکومەت وەرگرتووە دەبوو مانگانە بڕێک پارە بۆ حکومەت بگێڕنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا پارەکەیان نەداوەتەوە.

وەزارەتی دارایی دەڵێت کۆی گشتی قەرزەکانیان دەگاتە دوو ترلیۆن دینار، ئەگەر پێشتر چاوپۆشییان لێکرابێت، ئەوا ئێستا داوادەکەن بە زوویی ئەو قەرزە بگەڕێننەوە کە دەبوو تاوەکو ئێستا تەسلیمیان بکردایەتەوە.

ئەم فشارەی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی نیگەرانیی لای هاوڵاتیان و کەفیلەکانیان دروستکرد. ئەگەرچی فشارەکە بۆ سەر هاوڵاتییە قەرزارەکە بوو، بەڵام بە بڕینی موچەی کەفیلەکەی هەڕەشەی لێدەکرا، ئەمەش وایکرد کەفیلە موچەخۆرەکانیش بێنە دەنگ، وەکو چۆن مامۆستایەکی زانکۆ کە کەفیلی براکەی بوو، بە زوومی گوتبوو، ئەگەر حکومەت قەرزەکەی خۆی دەباتەوە با بێت قەرزەکەی ئێمەش بداتەوە، مامۆستاکە داوای لە حکومەت کرد با پاک و پیس بکەین.

ئەو هاوڵاتیانەی دەستیان کردووە بە گێڕانەوەی قەرزەکانیان، نیگەرانن و دەڵێن، بە ناچاریی قەرزەکان دەدەینەوە، نەوەکو حکومەت موچەی کەفیلەکان ببڕێت.

پێشتر حکومەت روونکردنەوەی دابوو کە هاوڵاتییە قەرزارەکان و کەفیلەکان دەتوانن رێکبکەون، مانگانە ئەو بڕە پارەیە بدەنەوە بە کەفیلەکانیان کە لە موچەکانیان دەبڕدرێت.

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت قەرزارەکان ناچارنەکراون لەماوەی دوو مانگدا هەموو قەرزەکە بگەڕێنێتەوە، بەڵام هەر کەسێک نەیتوانی لەو ماوەیەدا قەرزەکە بداتەوە، ئەوا دەتوانێت لەگەڵ کەفیلەکەی رێکبکەوێت و مانگانە ئەو بڕە پارەیە بداتەوە کەفیلەکەی کە حکومەت لەمووچەکەی دەیبڕێت.

وەزارەتی دارایی سورە لەسەر رێنماییەکە و دەڵێت، هیچ گۆڕانکارییەکی جیاوازو بنەڕەتی لە شێوازی وەرگرتنەوەی قەرزەکان نەکراوە و کەسی کەفیلیش بە ویستی خۆی ئەو پابەندێتیەی خستۆتە ئەستۆی خۆی، بە گوێرەی یاساش وەزارەتی دارایی و بانکە پسپۆڕیەکان دەسەڵاتی لێخۆشبونیان لەهیچ بڕێکی قەرزەکە نییە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button