“کورد چی بکات” ناونیشانى کۆبوونەوەیەکى فراوان دەبێت لە ئامەد

لە ئامەدى باکورى کوردستان کۆبوونەوەیەک بە ناونیشانى “کورد چی بکات” بەڕێوەدەچێت، ژمارەیەک ئەکادیمی، نووسەر، سیاسەتمەدار، مامۆستای زانکۆ بەشدارى تێدا دەکەن و بڕیارە شەممەی داهاتوو بەڕێوەبچێت.

کۆبوونەوەکە لەلایەن ناوەندی لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی دیجەلەوە ئامادەکارى بۆ کراوە، کە ناوەندەکەی لە شاری ئامەدە.

بەشداربووانی کۆبونەوەکە لەبارەی پێنج تەوەرى سەرەکی قسە دەکەن کە ئەمانەن:

یەکەم: دۆخی سیاسەتی کوردی و هۆکاری پاشەکشێی پرسی کورد لەنێوان هەڵبژاردنەکانی 7ـى حوزەیرانی 2015 تاوەکو هەڵبژاردنەکانی 28ـی ئایاری 2023 و سیاسەت و چاوەڕوانیەکان لە سەردەمی تازەدا.

دووەم: ناسیۆنالیزم و کورد لە تورکیا. سەرکەوتنی هەڵبژاردن لەسەر بناغەی جەمسەرگەرایی و گۆڕینی ئەم چەمکە بۆ بەڕێوەبەریەک دەگۆڕێت؟ ئایا ئەم دۆخە بەردەوام دەبێت؟

سێیەم: کاریگەرییەکانی گۆڕانی تورکیا و کۆمەڵناسی کورد لەسەر پرسی کورد لە دەیەکانی داهاتوودا، دیدگای داهاتووی کورد.

چوارەم: هەڵبژاردنەکانی 2023 و رەفتاری دەنگدەران.

پێنجەم: کاریگەریەکانی پێشهاتە نێودەوڵەتیەکان لەسەر پرسی کورد، کورد و دیپلۆماسی.

ئەو کەسانەی کە کۆبوونەوەکەدا قسە دەکەن ئەمانەنن:

تانل بۆرا لێکۆڵەر، دکتۆر جومعە چیچەک، ئەکادیمی، پرۆفیسۆر دکتۆر بولەند کوچوک، مامۆستای زانکۆی بۆغازیجی، پرۆفیسۆر دکتۆر عەلی چارکۆئۆغلۆ، مامۆستای زانکۆی کۆچ و پرۆفیسۆر دکتور ئارەزۆ یڵماز، زانکۆی هەولێر.

دوای هاتنەسەر دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) لە ساڵی 2003دا، وردە وردە حکومەتی تورکیا دەستی بە چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا کرد و پرۆسەی کرانەوەی کوردی راگەیاند. بە نێوەندگیری دەتەپە و هەدەپە چەندین خولی دانوستان لەنێوان حکومەت، قەندیل و ئۆجالان ئەنجامدران.

ئەو دۆخە تاوەکو دەرکەوتنی داعش و ساڵی 2015 بەردەوام بوو، بەڵام پرۆسەکە بە کوشتنی دوو پۆلیسی تورکیا لە شاری روحای باکوری کوردستان تێکچوو  و نزیکەی هەشت ساڵە، شەڕێکی فراوان لەنێوان پەکەکە و حکومەتی تورکیا دەستیپێکردووە کە تاوەکو ئێستاش لە سنورەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button