رۆژنامەیەکی ئەمریکی: ئەو ژنانەی ویستویانە لە نووسینگەی بیل گەیتس کاربکەن هەراسانکراون

وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی ئاشکرایکرد

 

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی بڵاویکردەوە، بەشێک لەو ژنانەی داواکارییان بۆ کارکردن لە نوسینگەی تایبەتی ملیاردێری ئەمریکی بیل گەیتس پێشکەشکردووە بە “پرۆسەیەکی پرسیار و وەڵامی ورد و چڕ” تێپەڕبوون و لەلایەن کۆمپانیایەکی ئاسایشییەوە سەبارەت بە “مێژووی سێکسی و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان” و وردەکارییەکانی دیکە ژیانی تایبەتیان پرسیاریان لێکراوە، ئەوەش ئاماژەیە کە ئەوان توشی “هەراسانکردن” بوونەتەوە.

رۆژنامەکە لە راپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆمپانیایەکی ئاسایشی کە گرێبەستی لەگەڵ نوسینگەی بیل گەیتسی خاوەنی گەورە کۆمپانیای مایکرۆسۆفت هەبووە چەند پرسیارێکیان لە ژنەکان کردووە بەوەی “ئایا پەیوەندی سۆزدارییان لە دەرەوەی هاوسەرگی هەیە، حەزیان لە چ جۆرە فیلمێکی سێکسییە تەماشای بکەن، یان ئایا وێنەی ڕووتی خۆیان لە مۆبایلەکانیاندا هەیە یاخود نا”.

بەپێی راپۆرتەکەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، هەندێکجار پرسیار لە کاندیدە ژنەکان کراوە کە ئایا “سەما دەکەن لەپێناو پارە”، لە یەکێکی تر پرسیار کراوە کە ئایا هەرگیز تووشی “نەخۆشییەکی گواستراوە بەهۆی سێکسەوە” بووە.

لە زۆربەی ئەو چاوپێکەوتنانەی لە ساڵانی ڕابردوودا لەلایەن کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری ئاسایشی بە ناوی “Concentric Advisors” ئەنجامدراون و چاوپێکەوتنکارەکان لە کۆتاییدا هەوڵیان داوە زانیارییەک بەدەستبخەن کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە بەکاربهێنرێت بۆ سازشکردن یان هەراسانکردنی ئەو کەسانەی کە بڕیارە لە نزیکەوە لەگەڵ یەکێک لە دەوڵەمەندترین پیاوەکانی جیهان کاربکەن.

هەندێک کەس بە ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵیان ڕاگەیاندووە، بە شێوەیەکی نافەرمی، کارمەندانی گەیتس کاندیدە ژنەکانیان ترساندووە کە بریکارێکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (CIA) لێکۆڵینەوە لە زانیارییە پزیشکییەکانیان و ڕابردووی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان و پەیوەندییە تایبەتییە سۆزدارییەکان دەکات، لەنێویاندا هاوبەشە سێکسییەکانی پێشوویان.

لای خۆیەوە، وتەبێژێک بەناوی نوسینگەی تایبەتی بیل گەیتس جەختیکردەوە کە “هیچ یەکێک لەو پرسیارانەی لێنەکراوە لەکاتی چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەو کۆمپانیا ئاسایشییە.”

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم جۆرە لێپرسینەوەیە قبوڵکراو نییە و پێشێلکردنی ڕێکەوتنی نووسینگەی تایبەتی گەیتسە لەگەڵ کۆمپانیا ئاسایشییەکە.”

لە لایەکی دیکەوە، کۆمپانیا ئاسایشییەکە ڕایگەیاندووە کە پرۆتۆکۆلەکانیان لەگەڵ یاسا کارپێکراوەکاندا دەگونجێت.

رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشکراشیکردووە کە گەیتس خۆی چەندین پەیوەندی لە دەرەوەی هاوسەرگیری هەبووە و ساڵی 2017 کۆبوونەوەی لەگەڵ جێفری ئیپشتاین هەبووە کە تاوانبارە بە چەندین تاوانی سێکسی.

ساڵی 2019، بیل گەیتس خۆی لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕی مایکرۆسۆفت لێکۆڵینەوەی لێکرا لەبارەى پەیوەندییە سێکسییەکانی لەگەڵ کارمەندانی کۆمپانیاکە.

لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2022، بیل گەیتس دوای 27 ساڵ هاوسەرگیری، جیابوونەوەی لەگەڵ مێلیندا گەیتسی هاوسەری راگەیاند، ئەوان سێ منداڵیان هەیە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button