کوڕ و باوکە “مەعنەوییەکە” دژی یەکدى دەوەستنەوە

زووم:

پرسی گۆڕانکاریی لەنێو پارتی گەلی کۆماری “جەهەپە”دا، لە کێشەی نێوان ئەندام و بەڕێوەبەرانی پارتەکە دەرچووە و ئیدی میدیای ناوخۆ و دەرەوەی تورکیاش باسی دەکەن. کەمال کلچدارئۆغلۆ سەرۆکی پارتەکەش دەڵێت، هەموو کەسێک دەتوانێت خۆی بۆ سەرۆکایەتی پارتەکە کاندید بکات.

پاش هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی و پەرلەمانی تورکیا کە 14 و 28ی ئایار ئەنجامدران و هاوپەیمانی گەل بە سەرۆکایەتی کلچدارئۆغلۆ نەیتوانی لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەوێت، ناکۆکی لەنێو پارتەکەدا دروست بووە و بەشێک لە سەرکردەکانی جەهەپە ئۆباڵی سەرنەکەوتنی هاوپەیمانێتییەکە دەخەنە پاڵ کلچدارئۆغلۆ و ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵ کە پێشتر کلچدارئۆغلۆ، ئیمام ئۆغلۆی وەکو کوڕی مەعنەوی خۆی ناوزەند دەکرد.

ئەمڕۆ کلچدارئۆغلۆ لەبارەی پرسی گۆڕانکاری ریشەیی لەنێو پارتەکەیدا بێدەنگی شکاند و ئاماژەی بە هەوڵەکانی ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ بۆ گۆڕانکاری کرد و گوتی، ئیمامئۆغلۆ سەرۆکایەتی رەوتی گۆڕانکاری دەکات و ئەوەش ئاساییە، هەموو کەسێک دەتوانێت خۆی بۆ سەرۆکایەتی پارتەکە کاندید بکات.

هەرچەندە کلچدارئۆغلۆ پەیامی توند بڵاوناکەتەوە، بەڵام میدیاکانی تورکیا باسی ئەوە دەکەن کە کلچدارئۆغلۆ هەوڵی گۆڕینی بەرپرسەکان و راوێژکارەکانی دەدات کە لێی ناڕازین و وەهاش دەردەکەوێت کە لە رێگەی هەندێک بەرپرسی نزیک لە خۆی شەڕی ئیمامئۆغلۆ بکات.

یەکێک لەو کەسانە جانان کافتانجیئۆغلۆ سەرۆکی گشتی رێکخستنی جەهەپەیە لە شاری ئەستەنبوڵ کە لە قسەکانیدا بە ئاشکرا پشتگیری لە کلچدارئۆغلۆ دەکات. کافتانجیئۆغلۆ رایگەیاند، ئەگەر کلچدارئۆغلۆ نەبوایە، بە ئەگەرێکی زۆر ئیمامئۆغلۆ نەیدەتوانی ببێتە سەرۆکی گەورەشارەوانی ئەستەنبوڵ.

راوێژکاری میدیایی ئەکرەم ئیمامئۆغلۆش بە بڵاوکردەوە وێنەی ئیمامئۆغلۆ لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکان و بە دێڕێک کە نوسیبووی ئەمە پرفایلی ئیمامئۆغلۆیە وڵامی کافتانجیئۆغلۆی دایەوە.

کێشەی نێوان کوڕ و باوکە مەعنەوییەکە کاتێک دەستیپێکرد کە جەهەپە ئامادەکاریەکانی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکان دەستپێکرد کە بڕیارە لە مانگی ئەیلولی 2024 ئەنجام بدرێن.

ئیمامئۆغلۆ پێیوایە، ئەگەر جەهەپە گۆڕانکاری ریشەیی نەکات، لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانیشدا شارە گەورەکانی وەک ئەستەنبوڵ و ئەنقەرە لەدەست دەدات، بەڵام کلچدارئۆغلۆ پێی وایە، ئیمامئۆغلۆ کەسایەتییەکی بەهێزە بۆ دووبارە کاندیدکردنەوەی بۆ پۆستی شارەوانی ئەستەنبوڵ.

جەهەپە لە هەڵبژاردنەکانی پێشووتردا، بە هاوکاری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) توانی، لە ژمارەیەک شاری گەورە شارەوانییەکان بەدەست بهێنێت، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا ئەگەری زۆرە جەهەپە شارەوانییەکان لە دەست بدات، لەبەرئەوەی بەرپرسانی هەدەپە بە ئاشکرا باسی ئەوە دەکەن کە لە هەموو شارێکی تورکیا و باکوری کوردستان، کاندیدیان بۆ شارەوانییەکان دەبێت.

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button