بۆچی هەناردەی نەوتی هەرێم دەستپێناکاتەوە؟

زووم:

نزیکەی سێ مانگە هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا راگیراوە، بەو هۆیەوە هەم عێراق و هەم هەرێمی کوردستان و هەم تورکیاش زیانیان بەرکەوتووە، سەرباری ئەو زیانە مادییە بەڵام هەر سێ لایەنەکە لە دوایین کۆبوونەوەیاندا شکستیانهێنا لەوەی بگەنە ئەنجامێک، بۆیە هێشتا روون نییە کەی دەست بە هەناردەی نەوتی هەرێم دەکرێتەوە.

لە بنەڕەتدا راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم لەسەر بنەمای بڕیاری دادگاکەی پاریس بوو، بەڵام دەکرێت بە رێککەوتنی نێوان بەغداد و ئەنقەرە پرۆسەکە دەستپێبکاتەوە. بۆ ئەو مەبەستە شاندێکی تەکنیکی هەردوو وڵات لە بەغداد کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا، بەڵام نەگەیشتنە هیچ ئەنجامێکی ئەوتۆ، زانیارییەکان ئاماژە بەوەدەدەن کۆبوونەوەکان بەردەوامییان دەبێت.

پسپۆڕێکی بواری ئابووریی لە عێراق باس لە سێ هۆکار دەکات، کە رێگربوون لەوەی کۆبوونەوەکەی رۆژی دووشەممە ئەنجامی هەبێت.

پرۆفیسۆر نەبیل مەرسومی لە زانکۆی بەسرە، دەڵێت، تورکیا داوای لە عێراق کردووە کرێی گواستنەوەی نەوت بدات، تەنانەت بە عێراقییەکانیان گوتووە پێویستە کرێی ئەو ماوەیەشیان بدرێتێ کە هەناردەی نەوت راگیراوە، ئەمەش لەلایەن عێراقەوە رەتکراوەتەوە، شاندەکەی عێراق گوتوویانە راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم بەهۆی بڕیارێکی نێودەوڵەتییەوە بووە، بۆیە ئامادەنین ئەو قەرەبووە بدەنەوە.

هۆکاری دووەم بۆ شکستی دانوستانەکانی نێوان بەغداد و ئەنقەرە پەیوەندیی بەوەوە هەبووە کە تورکیا داوایکردووە پێداچوونەوە بکرێت بەو پارەیەی کە عێراق لە بری هەناردەکردنی نەوتەکەی دەیداتە تورکیا، بە کورتییەکەی تورکیا داوای پارەی زیاتری کردووە، پرۆفیسۆر نەبیل مەرسومی دەڵێت، ئەم داواکارییەش هۆکاری دووەم بووە بۆ ئەوەی کۆبوونەوەکە هیچ ئەنجامێکی نەبێت.

هۆکاری سێیەمیش پەیوەندیی بەو قەرەبووەوە هەیە، کە دادگاکەی پاریس بۆ تورکیای داناوە و بڕەکەی یەک ملیار و 400 ملیۆن دۆلارە، تورکیا لە کۆبوونەوەکەدا داوای لە عێراق کردووە لە وەرگرتنەوەی ئەو قەرەبووە خۆش بن، بەڵام دیسانەوە عێراق ئەمەی رەتکردووەتەوە.

نەبیل مەرسومی پێشبینیدەکات عێراق بەم داواکارییە رازی بێت، بەڵام سەرەتا پێویستیان بە بڕیارێکی سیاسی هەیە تاوەکو بتوانن ئەم کارە بکەن.

بە گوێرەی زانیارییەکان شاندەکەی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا داوایان لە تورکیا کردووە نیازپاکیی خۆی نیشانبدات و رێگە بە هەناردەکردنەوەی نەوت بدات، ئەوکات لەسەر داواکارییەکانیش رێککەوتن دەکەن.

بە تێڕوانینی نەبیل مەرسومی، تورکیا گرەو لەسەر بودجەی عێراق دەکات و دەیەوێت ئەو کورتهێنانەی گەورەیەی بودجەی عێراق بقۆزێتەوە بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی.

تورکیا زۆر چاک ئەوە دەزانێت، کە عێراق بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمەوە مانگانە نزیکەی یەک ملیار دینار زیانی پێدەگات، بۆیە دەیەوێت داواکارییەکانی خۆی بسەپێنێت، ئەگەرچی خۆیشی لە خەیاڵی ئەوەدایە بەهۆی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتەوە قازانج دەکات و حەقدەستی مانگانەی دوو ملیار دۆلاری دەستدەکەوێت.

مەرسومی باس لە شتێکی دیکەش دەکات و دەڵێت، تورکیا دەیەوێت فشار بخاتەسەر عێراق تاوەکو بۆرییەکی تری نەوتی لە تورکیاوە رابکێشێت بۆ هەناردەی نەوتی هەرێم، کە بەدەر بێت لە کۆتوبەندی رێککەوتنی بۆریە نەوتییەکانی لەگەڵ عێراق، بەتایبەتی دوای ئەوەی گرژی کەوتە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکانەوە پەیوەست بە بودجەی ساڵی 2023.

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button