عێراق.. ئینتەرنێتی ئاسمانی بەڕێوەیە

زووم:

وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق لە هەوڵدایە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان بکات بە مەبەستى دابینکردنی ئینتەرنێت لەرێگەی مانگە دەستکردەکانەوە، بەوەش بۆیەکەمجار خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت دەگاتە تەواوى گوند و ناوچە دوورە دەستەکان.

وەزارەتی پەیوەندییەکانی عێراق ئەمڕۆ شەممە، 17ی حوزەیرانی 2023، لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایکرد، وەزارەتەکەیان رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر دەستپێکردنی رێکارەکان بۆ ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکان بە مەبەستى دابینکردنى ئینتەرنێتى ئاسمانى لە عێراقدا.

تاوەکو ئێستا دابینکردنى خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت لە عێراق لە رێگەى کێبڵەوە بووە، بەڵام وەزارەتی پەیوەندییەکان دەڵێت، ئەم رێگەیە کات و خەرجى زۆرە بە تایبەت ئەگەر ئینتەرنێت بگەیەنیت بە هەموو ناوچەکان، هەربۆیە بیریان لەوە کردووەتەوە ئینتەرنێتى ئاسمانى دابین بکەن.

ئاماژەی بەوەشداوە، “وەزارەت کەناڵەکانی دانووستانی راستەوخۆی لەگەڵ ئەو کۆمپانیا جیهانییەکان کردووەتەوە کە ئەم جۆرە ئینتەرنێتە دابین دەکەن بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە رێکارەکانی ئەنجامدانی گرێبەست بەمەبەستی گەیاندنی ئەم خزمەتگوزارییە بە عێراق لە زووترین کاتدا”.

ئەگەر عێراق ئینتەرنێتى ئاسمانى دابین بکات، ئەوا دەبێتە یەکێک لەو دەیان وڵاتەى جیهان کە ئێستا تەکنەلۆژیای مانگی دەستکردی خولگەی نزم بەکاردەهێنن و بەهۆیەوە خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتى راستەوخۆ پێشکەش بە بەکارهێنەرانی سەر زەوی دەکەن.  ئەم خزمەتگوزارییە لە رێگەی تۆڕێکی گەورەی مانگی دەستکردەوە دابیندەکرێت، ژمارەیەک کۆمپانیای نێودەوڵەتی تۆکمەی وەن وێب، سپەیس ئێکس و ئەمازۆن کارى تێدا دەکەن.

کۆمپانیای “سپەیس ئێکس” كە ئیلۆن ماسک ملیاردێرى ئەمریکى خاوەندارێتى دەکات، خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی ئاسمانی “ستارلینک” لە جیهاندا بەڕێوەدەبات، تائێستا نزیکەی سێ هەزار مانگی دەستکردی لە خولگەی زەویدا جێگیرکردووە، خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی خێرا “بەخێرایی 300 مێگابیت” لە چرکەیەکدا بە ناوچەکانی جیهان دەگەیەنێت.

لە پاش هەڵگیرسانى جەنگی رووسیا و ئۆکراین، سپەیس ئێکس خزمەتگوزارییەکەی لە تەواوی ئۆکراین بۆ سوپای ئەو وڵاتە بەردەستخست و توانی ببێتە یەکێک لە چەکە هەرە کاریگەرەکان لەو جەنگەدا. لە ئێران و رۆژهەڵاتى کوردستانیش کاتێک لە خۆپیشاندانەکانى دژى  مەرگى ژینا ئەمینى سانسۆر خرایە سەر هێڵەکانى ئینتەرنێت، کۆمپانیاکەى  ئیلۆن ماسک “سپەیس ئێکس” خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتى ئاسمانی لە ئێران بەردەستخست.

هەواڵی زیاتر

Back to top button