زووم ناڕەزایی بەرامبەر “ئینقیلابە ئیعلامییەکە” دەگەیەنێتە بەغداد

زووم:

بەڕێوەبەری گشتیی دامەزراوەی میدیایی زووم ئەمڕۆ لە بەغداد بەشداریی لە کۆبوونەوەیەکی راوێژکاریدا کرد کە دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق رێکیخستبوو.

نوێنەرانی کەناڵەکانی راگەیاندن لە عێراق بەشدارییان لە کۆبوونەوەکەدا کردبوو، کە تایبەت بوو بە گفتوگۆ لەبارەی بابەتەکانی پەیوەست بە کەرتی راگەیاندن لە عێراق، لەنێویاندا تاوتوێکردنی ئەو بەربەستانەی دێنە بەردەم کاری پیشەیی کەناڵەکانی راگەیاندن.


هێمن مەحمود بەڕێوەبەری دامەزراوەی میدیایی زووم دەڵێت، زیاتر لە دوو کاتژمێر گفتوگۆیان کردووە لەبارەی رەوشی میدیاوە، هەم گرفتی تەکنیکی باس کراوە و هەم ئاستەنگەکانی بەردەم کاری پیشەیی.

زووم ئەم کۆبوونەوەیەی کردە دەرفەتێک تاوەکو ناڕەزایی بەشێک لە رۆژنامەنووسانی هەرێم بگەیەنێتە دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، لەبارەی رێنماییەکانی ئەمدواییەی وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێم، کە ناڕەزایی لێکەوتووەتەوە و هەندێک لە داکۆکیکارانی ئازادیی رادەربڕین بە “ئینقیلابی ئیعلامی” ناوی دەبەن، بەوپێیەی کۆتوبەندی زیاتر خراوەتە بەردەم کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان و لە زۆر رووەوە دژی یاسای رۆژنامەگەریی ژمارە 35ی ساڵی 2007ە.

هێمن مەحمود لەگەڵ سەرۆکی دەستەکەدا باسی لەو رێنماییانەی وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێم کردووە و پێی گوتووە، کە ئەمە پاشەکشەیەکی جدییە لە ئازادیی رادەربڕین، سنوورەکانی کاری میدیایی بەر تەسک دەکاتەوە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button