ئیتاڵیا دەروازەى کۆچبەران دادەخات؟

 

کەمپینى بانگەشەکەی بە “دژەکۆچبەر” ناسرا، هەر کە دەسەڵاتیشی گرتەدەست یەکەم گوتاری تایبەتکرد بەو پرسە و جەختی لە جێبەجێکردنى بەڵێنەکەى کردەوە.

جۆرجیا مێلۆنى، سەرۆکوەزیرانى نوێی ئیتاڵیا، لەبەردەم پەرلەمانتارانى وڵاتەکەیدا گوتى، دەبێت ئیدى رێگە لە کۆچبەرانی نایاسایی بگرین، کە بە رێگەی کەناراوەکانی ئیتاڵیاوە دەگەنە ئەوروپا.

جۆرجیا مێلۆنى، سەرکردەى پارتى راستڕەو، دیارترین بەڵێنى لە کەمپینى هەڵبژاردنەکان “کۆتایهێنان بوو بە کۆچی نایاسایی”

ئیتاڵیا دەروازەى چوونى کۆچبەرانى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و باکورى ئەفریقایە بۆ ئەوروپا.

بەگوێرەى راپۆرتێکی بی بی سی، ئەمساڵ زیاتر لە 77 هەزار کۆچبەر رێگەئاوییە مەترسیدارەکانیان بڕیوە بۆ گەیشتن بە کەناراوەکانی ئیتاڵیا، لەوێشەوە بۆ وڵاتانى دیکەى ئەوروپا.

مێلۆنی، بەڵێن دەدات رێگری لەو بەلەمانە بکات، کە لە باکوری ئەفریقاوە دەیانەوێت خۆیان بگەیەننە ئیتالیا.

ئەو دەڵێت، پێویستە بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە بوەستێنین، ئەگەرنا ئامانجیان نییە مافی پەنابەری ئەو کەسانە بخەینە ژێر پرسیارەوە، کە لە شەڕ و ئاژاوەی وڵاتەکانیان هەڵدێن.

ئەو کاتەى مێلۆنى لە کۆبوونەوەى پەرلەمان بوو، هێڵی گەرمی کۆچبەران هۆشداریدا دوو بەلەمى لیبیا بە 1350 کۆچبەرەوە، کە لەنێویاندا ژن و منداڵ هەبوون دەستگیرکران و پۆلیسی ئیتاڵیا بۆ دورگەی سیسیلیای وڵاتەکە گواستونیەتیەوە.

گوتەبێژی رێکخراوی بەهاناوەچوونی کۆچبەرانی نێو دەریا، بە بی بی سی گوتووە، هێشتا وردەکاری سیاسەتی نوێی رۆمایان بەرامبەر پرسی کۆچبەران و بەندەرەکان پێنەدراوە، بەڵام داخستنی بەندەرەکان پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە کاتێک خەڵک لە تەنگانەدا پەنایان بۆ دەبەن.

هەواڵی زیاتر

Back to top button