محەمەد کەریم، سەرکردە لە هاوپەیمانی فەتح دەڵێت، زۆرینەى لایەنەکانى هاوپەیمانى ئیدارەى دەوڵەت بڕیاریانداوە هەنگاو بنێن بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاساى بودجە، ئەگەر گفتوگۆکانى نێوان هەولێر و بەغداد بگەنە رێککەوتن یاخود نا.
رۆژنامەى سەباحى نیمچە فەرمى لە ژمارەى ئەمڕۆیدا راپۆرتێکى لەبارەى دواین پێشهاتنى پەیوەست بە پرسی بودجە بڵاوکردووەتەوە، محەمەد کەریم یەکێکە لەوانەى قسەى بۆ رۆژنامەکە کردووە. ئەو دەڵێت، لایەنەکانى نێو هاوپەیمانى ئیدارەی دەوڵەت، دوا هەلیان داوە بۆ گفتوگۆ و رێککەوتن لەسەر ئەو ماددانەی پەیوەستن بە هەرێمی کوردستان، نابێت گفتوگۆکان لە دوو رۆژ زیاتر بخایەنێت.
دەشڵێت، بەهۆی فشاری شەقامەوە زۆرینەى لایەنەکان بڕیاریانداوە پرۆژەیاساکە دەنگى لەسەر بدرێت، ئەگەر رێککەوتنیش نەکرێت.
رۆژى 25ى ئایار لیژنەى دارایی دەنگى لەسەر پرۆژەیاساى بودجە دا، مادەکانى 13 و 14، کە پەیوەستن بە پشکى هەرێمى کوردستان بوو بە رێگر لەبەردەم پەسەندکردنى پرۆژەیاساکە، هەرێمى کوردستان هەندێک لەو گۆڕانکارییانەى لیژنەکە کردوونى بە نادەستورى و دەستوەردان لە کاروبارى ناوخۆى هەرێمى دەزانێت و بەتایبەتى پارتى دیموکراتى کوردستان رەتیدەکاتەوە.
موعین کازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق گەشبینە بە رێککەوتنى هەولێر و بەغداد، ئەو بە رۆژنامەی سەباحی گوتووە، دانوستان و گفتوگۆکانی چوارچێوەی هەماهەنگی گەیشتووەتە رێککەوتن لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی چۆنێتى هەناردەکردنی نەوتی هەرێمى کوردستان گفتوگۆکان لەنێوان هەردوو لایەن بەردەوامن، لەبارەى ماددەی 14 کە لە 12 بڕگە پێکدێت، رێککەوتن لەسەر شەش بڕگەى کراوە، 6 بڕگەکەی دیکە هێشتا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، کە هەرێم وەک دەستێوەردانی لە کاروباری خۆى لێکیدەداتەوە.
موعین کازمی دەڵێت، ناکۆکی هەیە لەسەر ئیدارەدانی دەروازە سنورییەکان و قەدەغەکردنی دەرهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک و نەینەوە لەلایەن هەرێم.
ئەو لەوبڕوایەدایە گفتوگۆکان دەگەن بە “چارەسەری نێوەندگیر” و دەڵێت، هەفتەی داهاتوو، لیژنەی دارایی هەندێک بڕگە و ماددە هەمواردەکاتەوە و دەینێرێت بۆ سەرۆکایەتى پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەرى.
تورکی عەتەبی، یەکێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بە سەباحی گوتووە، “پێم وانیە پارتی هیچ بکات بۆ بەرەو پێشبردنی پرۆژەیاسای بودجە”.
دەڵێت، چوارچێوەی هەماهەنگی لە کۆبوونەوەی فراوانی چەند رۆژێک لەمەوبەریدا بۆچوونى خۆی بۆ چارەسەری ناکۆکییەکان و بەرەوپێشبردنی بودجە بۆ “برایانی کورد و لەنێویان پارتی خستووەتەڕوو، چاوەرێی وەڵامیانین لە چەند کاتژمێری داهاتوودا”.
عەتەبی راگەیاندووە، گفتوگۆکانی ئەم چەند رۆژەی رابردوو ئەرێنی بوون چوارچێوەى هەماهەنگیش بە مەبدەئى پشتیوانی لە رێککەوتن دەکات بۆ ناردنی پرۆژەیاساکە لەلایەن لیژنەی داراییەوە بۆ سەرۆکایەتى پەرلەمان، دەشڵێت پێدەچێت لە کۆتایی ئەم هەفتەیە رەوانە بکرێت.