سەرۆکى گروپى ڤاگنەر: روسیا مینى بۆ ئەو سەربازانە دانەوە لە بەرەکانی جەنگ دەکشێنەوە

زووم، ئاژانسەکان:

یەڤگێنی پریکۆژین، سەرۆکی گروپی ڤاگنەر، کە وەک پشتیوانێکی روسیا لە دژی ئۆکراین دەجەنگن دەڵێت، بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی روسیا مین و تەقەمەنییان بۆ ئەو سەربازانە چاندووە، کە دەیانەوێت لە شاری باخموتی ئۆکراین بکشێنەوە.
ئەم گوتانەی پریکۆژین لەکاتێکدایە پێش کۆنترۆڵکردنى باخموت چەند جارێک هۆشداریی دابوو لە کشانەوەی هێزەکانی لە شارەکە بەبیانووی ئەوەی بەرپرسانی روسیا چەک و تەقەمەنی پێویستی بۆ هێزەکانی دابین ناکەن و ئەمەش وایکردووە، کە ژمارەیەکی زۆر لە سەربازەکانی بکوژرێن.

هێزەکانى گروپی ڤاگنەر دەکشێنەوە، هێزەکانى روسیا جێگەیان دەگرنەوە

لێدوانەکەى پریکۆژین دوای ئەوە دێت دوێنێ هێزەکانی گروپی ڤاگنەر بەشێوەیەکی بەرفراوان لە شاری باخموت کشانەوە.
دواى کۆنترۆڵکردنى شارەکە خودى سەرۆکى گروپی ڤاگنەر رایگەیاند، هێزەکانى دەکشێنەوە و هێزەکانى روسیا جێگەیان دەگرنەوە.
لە کەناڵی تایبەتی خۆی لە تێلیگرام، پریکۆژین رایگەیاند، سەربازەکانی چەندین شوێنیی مینرێژکراویان لەو ناوچانەدا دۆزیوەتەوە، کە دەکەوێتە بەشی دواوەی بەرەکانی جەنگ. ئاماژەی بەوەشکردووە بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی روسیا چەندین مین و تەقەمەنییان لەسەر رێگای هێزەکانیان چاندووە، کە لە نێویاندا مینی دژە تانکیشی تێدابووە.
پریکۆژین دەشڵێت، کاتێک پرسیاریان کردووە بۆچی ئەو مینانەیان لەسەر رێگەکانیان چاندووە، فەرماندەکانی روسیا رایانگەیاندووە لەسەروی خۆیانەوە فەرمانیان پێکراوە ئەوکارە بکەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، “هیچ پێویست نەبوو مین لە ناوچەکانی بەشی دواوەی جەنگ بچێندرێت، بەبیانوی ئەوەی رێگریی لە دوژمن بکەن. بۆیە پێمانوایە ئەو مینانە بۆ ئەوە بووە، رێگە لەبەرەوپێشچوونی ڤاگنەر بگرن، بەڵام هیچکام لە سەربازەکانمان زیانی پێنەگەیشتووە.”

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا، ئادەم دێلیمخانۆڤ، هاورێی نزیکی رەمەزان قادیرۆڤی، سەرۆکی چیچان و هاوپەیمانی پوتین، سەرۆکی گروپی ڤاگنەری بە بلۆگەرێکی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان وەسفکرد، هەمیشە خەریکی بۆڵە بۆڵ کردنە.
ئادەم دەڵێت، “بویت بە بلۆگگەرێک کە هەمیشە لەبارەی هەموو کێشەکانی جیهانەوە بۆڵە بۆڵ دەکەیت. ئەگەر تێناگەیت، پەیوەندیمان پێوەبکە و ناونیشانی خۆتمان پێ بڵێ، بۆت رووندەکەینەوە کە لە چی شتێک تێناگەیت.”
ساڵی رابردوو، رەمەزان قادیرۆڤ پشتیوانی لە رەخنەکانی پریکۆژین لە روسیا دەکرد. بەڵام لە چەند مانگی رابردوودا پەیوەندییەکانیان بەرەو لاوازبوون رۆیشتووە.

هەواڵی زیاتر

Back to top button