عێراق زێڕ دەکڕێت و دەبێت بەیەکێک لەو وڵاتانەى کەزۆرترین زێڕیان هەیە

زووم:

ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریکی دەڵێت، هەفتەی رابردوو لەیەک رۆژدا بانکی ناوەندی عێراقی یەدەگی زێڕی بەرێژەی 2% بەرزکردووەتەوە، ئەمەش بەشێکە لەو پلانە ‌هێواشەی وڵاتەکە بۆ زیادکردنی رێژەی ئەو کانزا بەنرخەی کە لە کاتە سەختە ئابورییەکاندا دەتوانێت پەنای بۆ ببات.

ئاژانسەکە لەزاری مازن سەباح، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنان لە بانکی ناوەندیی عێراق، رایگەیاندووە پێنجشەممەی رابردوو عێراق بڕی دوو تۆن و 500 کیلۆگرام قالب زێڕی کڕیوە، بەمەش یەدەگی زێڕی وڵاتەکە گەیشتووەتە 132 تۆن و 730 کیلۆگرام  زێڕ.

راشیگەیاندووە ستراتیژییەتیان ئەوەیە لە نیوەی دووەمی ئەمساڵ حکومەتی عێراق زێڕی زیاتر دەکڕێت. “پلانی ئێستامان ئەوەیە چەند جارێک بڕی کەم کەم زێڕ بکڕین، نەک بەیەکجار بڕێکی زۆر.”

بانکە ناوەندییەکان لە سەرانسەری جیهاندا، لە سەروبەندیی زیادبوونی مەترسییە جیۆپۆلەتیکی و ئابوورییەکاندا، خەریکی فراوانکردنی پشکەکانیانن. عێراق، دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی ئۆپێک، لە ساڵی 2022دا دوای ئەوەی چوارساڵ لە کڕینی زێڕ وەستابوو، دەستی بە کڕینی زێڕ کردەوە، ئەمەش لە بەرنامەیەکدایە بۆ هەمەچەشنکردنی سامانە بیانییەکانی، کە نزیکەی 100 ملیار دۆلارە.

حوزەیرانی ساڵی رابردوو، بانکی ناوەندیی عێراق بە یەکجار بڕی 34 تۆن زێڕی کڕی، ئەوکات کردیە 35%ی کۆی ئەو یەدەگە زێڕەی کە هەیبوو.

ئەو قالبە زێڕانەی عێراق هەیەتی لە هەریەکە لە بانکەکانی ئینگلتەرا و فەرەنسادا هەڵیگرتوون.

مازن ئاماژەشی بەوەکردووە پلانی بانکی ناوەندیی ئەوەیە یەدەگی زێڕی وڵاتەکەی کاتێک زیاد بکات کە نرخی ئەو کانزا بەنرخە بگاتە ئاستێک کە لەگەڵ رێنمانییەکانی بەشی وەبەرهێنانی بانکی ناوەندیدا یەکبگرێتەوە.

 

بەرزبوونەوەی یەدەگی زێڕی عێراق لەکاتێکدایە کە وڵاتەکە بە یەكێک لە وڵاتە دەوڵەمەندەکان دادەنرێت و لەسەر ئاستی جیهان لە پەلی 34ەمین دێت لە یەدەگی زێڕدا. بە گشتی زیادکردنی یەدەگی زێڕی عێراق یارمەتیدەر دەبێت بۆ پاراستنی سامانی وڵات و خۆپاراستن لە هەڵاوسان و بەدەستهێنانی دراوی بیانی. ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی ئابووری عێراق سەقامگیرتر و خۆڕاگرتر بێت بەرامبەر بەو گۆڕانکارییە خێرایانەی لە ئابوریی جیهاندا رودەدەن.

 

 

 

هەواڵی زیاتر

Back to top button